رێژوان تەها
یەڵماز گونەی Yılmaz Güney کە زۆرجار بە “Çirkin Kral” (پاشا ناشرینەکە)ی سینەمای تورکیا ناودەبرێت، زیاتر لە فیلمسازێک بوو؛ ئەو چیرۆکنووسێک بوو کە واقیعە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و تورکیای لەگەڵ ڕەوتە نەریتە کولتوورییەکانیدا تێکەڵ دەکرد. یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی فیلمەکانی بریتییە لە بەکارهێنانی موزیک، کە نەک هەر هاوشانی گێڕانەوەکان دەکات، بەڵکو وەک پردێکە لە نێوان سینەما و فۆلکلۆر و پێکەوەیان گرێدەدات.

گونەی (١٩٣٧-١٩٨٤) سینەماکار، ئەکتەر، ڕۆماننووس و چالاکوانی سیاسی کورد بوو، کە بە بەرهەمی شۆڕشگێڕانە و کۆمەڵایەتی و یاخی لە دەسەڵات ناسراوە. لە گوندی یەنیجەی شاری ئەدەنە لەدایکبووە، لە بنەماڵەیەکی هەژاری کوردی زازادا گەورە بووە، هەربۆیە هەمیشە هاوسۆز و خەباتکاری کورد و پەراوێزخراو و چەوساوەکان بوو.
بەشداری سیاسی و ڕەخنەگرتنی گونەی لە دەسەڵات و دەوڵەتی تورکیا، بووە هۆی بەردەوام زیندانیکردنی، کە کۆی گشتی زیاتر لە دە ساڵی ژیانی لە زیندان بەسەربردووە. لە زینداندا بەردەوام بوو لە نووسینی ڕۆمان و نامە و سیناریۆ و بەرهەمەکانی. نووسراوەکانی زیندانی ڕەنگدانەوەی خەباتی ئەون لە پێناو دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ، ژیانی خۆی پڕ لە ئەزموونی چەشتنی ناڕەحەتی و ئازارەکانی کوردبوون و یاخیبوون بوو، هەربۆیە باشتر ئازار و کوردبوونی دەناسی و لەبەرهەمەکانیدا دەیناساندن.
لە ساڵی ١٩٨١دا گونەی لە زیندان دەرباز دەبێت و دەچێتە ژیانی غوربەت لە فەرەنسا، لەوێ درێژە بە کارە هونەری و سیاسییەکانی دەدات، تا لە ساڵی ١٩٨٤ بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی دەکات، تا ئێستاش وەک سیمبولی بەرخۆدان و خەباتی هونەری و ناسنامەی کوردبوون لە سینەمای تورکی و جیهانیدا ناوی ماوەتەوە.

زۆربەی فیلمەکانی گونەی خەباتی پەراوێزخراوەکان و هەژارانی گوندنشین و چەوساوەکانی کۆمەڵگەی باکووری کوردستان و تورکیا نیشان دەدەن. گونەی بۆ گەیاندنی ئەم واقیعانە بەردەوام پشتی بە موزیک دەبەست، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ یادەوەری بەکۆمەڵی خەڵکدا هەبوو. گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان و ئامێرە نەریتییەکان و ئاوازە فۆلکلۆرییەکانی باکووری کوردستان لە سینەمایی ئەودا پایەی سەرەکی بوون، کە کەشێکی ڕەسەن دروست دەکەن، هەم شوێن و هەم دیمەنی سۆزداری کارەکتەرەکان بەتەواوی نیشاندەدەن. بۆ نموونە: لە فیلمەکانی وەک Umut (هیوا، ١٩٧٠) و Sürü (مێگەل، ١٩٧٨)، موزیک دەبێتە ئامرازێکی گێڕانەوە، کە نائومێدی و بەرخۆدان و هیوا نیشاندەدات، زۆرجار بەبێ ئەوەی یەک وشە بگوترێ.
بەکارهێنانی موزیکی فۆلکلۆر لە فیلمەکانی گونەیدا زیاتر لەوەشبوو کە تەنها کەشێکی کوردەواری و ڕەسەن درووستبکات؛ بەڵکو وەک فۆرمێک و کەرەستەیەک لە شرۆڤەی کۆمەڵایەتی کاردەکات و دیمەنەکان لە خەیاڵی بینەردا درووستدەکات. گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان لای گونەی کەرەستەیەکن بۆ گێڕانەوەی چیرۆک، زۆرجار خەبات و خۆشی و خەمەکانی: مرۆڤی ئاسایی و چینی هەژاری کۆمەڵگە دەگێڕنەوە. گونەی بە بەکارهێنانی ئەم ئاوازانە لە فیلمەکانی، چیرۆکگێڕانەوەکانی خۆی بە وێژەی زارەکی و ئاوازە فۆلکلۆرییەکانی کوردستان و تورکیاوە دەبەستەوە. بۆیە لە فیلمەکانی ئەودا، موزیک وەک چاویلکەیەکی کولتووری کاردەکات، کە بینەران لە ڕێگەیەوە دەتوانن لە ئەزموونە تایبەتەکانی کارەکتەرەکان تێبگەن و شوێن و دۆخە تایبەتەکان، کە گونەی دەیخوازێت، لە خەیاڵی بینەردا دەربکەون و بکێشرێن.
ڕوانینی گونەی بۆ موزیک، ڕەنگدانەوەی تێگەیشتن و ڕوانینە سیاسییەکەیەتی. زۆرێک لە فیلمەکانی ڕەخنە لە نایەکسانی و گەندەڵی و ستەم دەگرن و ئازارەکانی کوردبوون لە تورکیادا دەردەخەن. بۆیە موزیکی فۆلکلۆر، لە ڕوانگە و ڕێبازی گونەیدا، ئەم ڕەخنەیە گەورەتر و ئاشکراتر دەکات. زۆرجار موزیکەکە جەخت لە ساتەکانی خەبات و بەرخۆدان دەکاتەوە، بینەر لە ڕووی سۆزدارییەوە بە گێڕانەوەکە دەبەستێتەوە، بەم شێوەیە موزیک لە سینەمای گونەیدا تەنیا بەکارهێنانێکی سادە و بەڕێکردن نییە؛ بەڵکو دەبێتە زمانی خەڵک و ئەو شتانە دەخاتە ڕوو کە قسە و وشەکان بە تەنیا ناتوانن بیگەیەنن.
لەکۆتاییدا، یڵماز گونەی کەسایەتییەکی ئەفسانەیی سینەمای کورستان و تورکیایە. چەندین دەق و نوسراوی بەپێز و گرنگی هەیە و لە تەمەنیدا گەلێک خزمەتی کولتووری، ئەدەبی و هونەری کردووە و وەک: دەرهێنەر، سیناریست، ئەکتەر.. هەمیشە لە لوتکە بووە و جێگەدەستی لەهەموو ڕووەکانەوە دیارە.
بەشێک لە باشترین کارەکانی:
هیوا (Umut) – 1969
ئازار (Acı) – 1969
هەژاران (Zavallılar) – فیلم، 1970
پاشا ناشرینەکە (Çirkin Kral) – 1973
هاوڕێ (Arkadaş) – 1974
نیگەرانی (Endişe) – 1974
مێگەل (Sürü) – 1978
ڕێگا (Yol) – 1982
دیوار (Duvar) – 1983
مردنی سپی (Beyaz Ölüm) – 1966
ئەسپ (At) – 1971
یاسای سنوورەکان (Hudutların Kanunu) – 1966
بەشێک لە نووسراو و ڕۆمانە بەناوبانگەکانی:
ئەوانەی کە بەسەری کزەوە مردوون (Boynu Bükük Öldüler) — 1971
خانەکەم (Hücrem) — 1975
سالپا (Salpa) — 1975
تۆمەتبار (Sanık) — 1975
سۆپا، پەنجەرە و دوو نانمان دەوێت (Soba, Pencere Camı ve İki Ekmek İstiyoruz) — 1977
سێبەری سەلیمییە (Selimiye Üçlüsü) — 1979




