
توانا حەمە
لە تەواوی کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتییدا و بە تایبەت لە هەندێک تەمەندا، زۆرینەی خەڵک ئارەزووی بوون بە گۆرانیبێژی دەکەن، لە کاتێکدا بوون بە گۆرانیبێژێکی پیشەگەر کارێکی ئاسان نییە، بەڵام لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بە هۆی تەکنەلۆژیا و ئاسانی هۆکارەکانی فێربوون، تاڕادەیەک بۆ ئەو کەسانەی خەونیان بۆی هەیە هێندە گران نییە. تەنانەت ئەگەر دەنگی کەسەکە ناسازیش بێت. لە راستیدا هیچ هۆکارێک لە بەردەمی مرۆڤدا نییە، کە نەتوانیت خەونەکەی بەدی بهێنیت، ئەگەر ئامادە بێت بە تەواوەتی بچیتە ناو کارەکەوە و دەستپێبکات. لێرەدا چەند هەنگاوێکی گرنگ دەخەینەڕوو بۆ کەسانێک کە دەیانەوێت دەسپێبکەن. ئەم هەنگاوانە یارمەتی دەرێکی زۆر باش و ئەزمونکراون بۆ بەرەوپێشچوون و گەیشتن بەخەونەکەیان.
- سەرەتا بە قوڵی بیربکەرەوە بۆچی دەتەوێت ببیت بە گۆرانیبێژ
بەر لەوەی دەستپێبکەیت، باشترە دڵنیابیت لەوەی لە ڕاستیدا ئەوە ئەو شتەیە، کە تۆ دەتەوێت بیکەیت. نەک تەنیا بۆ بە ناوبانگبوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی خولیای ڕاستەقینەی تۆیە، بەهرەیەکی خۆرسکی بەهێزت بۆ موزیک و گۆرانی هەیە! لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیای لەوەی کە هەوڵی زۆر و ماندووبونی دەوێت. تەنیا بۆ پارە پەیداکردن یان بۆ خۆنمایشکردن ئەوە مەکە.

مامۆستای تایبەت بە وانەی موزیک و دەنگ بگرە
پەروەردەیەکی سەرەتایی لە بواری موزیک و گۆرانیوتندا یارمەتیت دەدات بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و خێرا پێشبکەویت. گرنگ نییە کە تۆ چەندە بە خۆرسکی بەهرەمەندی یان نا؛ مامۆستا، وانەکان زۆر لایەنت بۆ روون دەکەنەوە و فێرتدەکەن و یارمەتیت دەدەن، دەنگت و تێگەیشتنت بۆ موزیک باشتر بکەیت.

خۆت فێری ژەنینی ئامێرێکی موزیکی بکە
گۆرانیبێژی سەرکەوتوو و جیاواز ئەوانەن، کە دەتوانن ئامێرێکی موزیکی بژەنن، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بۆتە مەرجی سەرەکی سەرکەوتنی گۆرانیبێژە باشەکان، چونکە ئامێرە موزیکییەکان هۆکارێکی باشن کە تۆ بتوانیت دەنگ و موزیک بە باشتر بناسیت، داهێنان لە شێوازی گۆرانیگوتن و شێوازی چڕینتدا بکەیت. ئەم خاڵە ئاسان نییە، بەڵام بیرت بێت ئێستا مەرجی سەرکەوتنە.

بەدوای هاوڕێی موزیکژەندا بگەڕێ
بۆ ئەم گەشتە درێژەت، پێویستە بەدوای هاوڕێی باشی هونەرمەند و موزیکژەندا بگەڕێی بۆ ئەوەی کاریان لەگەڵ بکەیت. ئەگەر دەتەوێت لە باندێک یان گروپێکدا بیت، پێویستە بەدوای موزیکژەنی متمانەپێکراوی تایبەتمەنددا بگەڕێیت، کە هەمان دیدگای داهێنەرانەیان وەک تۆیان هەیە. لە بیرتبێت هەڵبژاردنی هاوڕێی هەڵە، دەتوانێت ببێتە بەربەستی گەورە لە بەردەمی خەونەکەتدا.

سوود لە ئەزموونی گۆرانیبێژانی پێشوو وەرگرە
یەکێک لە رێگە باشەکان ئەوەیە، کە خوێندنەوە بۆ ئەزموونی گۆرانیبێژە سەرکەوتووەکان بکەیت، هەنگاوەکانی پێشکەوتنی ئەوان چی بوو، چۆن دەستیان پێکرد، چۆن توانیان سەرکەوتن بەدەستبهێنن، هەوڵ بدە ئەو گۆرانیبێژەی دڵخوازی تۆیە بکە نموونەیەکی باش، کە خۆتی پێبناسێنی، دواتر رێچکەی خۆتی دەدۆزیتەوە.

لەبەردەمی کەسانی دیکەدا راهێنان و ئەزمون بکە
ئەمە دەبێتە ئەزمونێکی گرنگ و باش و کاتێک کە کاردانەوەکان دەبینیت، ئاسوودە دەبیت و هەڵسەنگاندنەکانت بەخێرایی پێدەگات. هەمیشە ئەو هەلە بە خۆت بدە و لەبەردەم کەسانی تردا گۆرانی بڵێیت، ئەمە هاوکارێکی باشت دەبێت کە بزانیت دەنگت تا چەند سەرنجی کەسانی دەوروبەرت دەبات. بە کام جۆر و ستایلی گۆرانگوتن زیاتر گوێگرت دەبن.

لە پێشبڕکێی گۆرانیگوتن و بەرنامەی هونەرییەکانی تیڤییەکاندا بەشداری بکە
ئەو هەلانە لە دەست مەدە و بەخێرای ناوت تۆمار بکە، لە ئەزمونکردن مەترسە، بۆ ئەوەی لە هەندێک بۆنە یان پێشبڕکێی گۆرانیوتن و بەرنامەی هونەری بەشداری بکەیت. پێویستە هەنگاو بنێیت بۆ ئەوەی گۆرانی بۆ کەسانی دیکە و نامۆ بڵێیت و تا بزانیت تا چەند دەتوانی بە هونەر و دەنگەکەت جگە لە کەسانی نزیک و دەورو بەرت، کە سانی دیکەی نەناسراو سەرسام دەکەیت.

پەیوەندییە هونەرییەکانت بەهێز بکە بۆ ئەوەی هەمیشە لە بەردەمی دەرگاکەدا بیت
ڕەنگە ئەمە لە ڕاستیدا بەو شێوەیە باش کار نەکات ئەگەر لە شارۆچکەیەکی بچووکدا بژیت. بەڵام لە شارە گەورەکاندا دەیان ناوەند و شوێنی فێربوون هەیە، لەرێگای پەیوەندی و خۆ نمایشکردنەوە دەتوانیت خۆت بە گروپە گەورە باشەکان بناسێنێت ئەمەش دەرفەتی باشت پێدەدا، کە لە بەرنامەکانی خۆیاندا بەشداریت پێبکەن.

دیمۆ یان (پرۆژە دەنگییەکانت) تۆمار بکە.
هەوڵ بدە، دیمۆی کارەکانت لەگەڵ کەسانی تردا بەش بکەیت. لە رێگای ناردنی بەشێوەی (ئۆنڵاین)، (CD). فلاش میمۆری. ئێستا پرۆگرامەکانی (لۆجیک، گراژ باند) دەتوانن هاوکارت بن بۆ تۆمارکردنی دیمۆیەکی زۆر باشی دەنگ و بەرهەمەکانت.

لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خۆت بناسێنە
بە شێوەیەکی گشتی خۆت بناسێنە، لە ناوەوە و دەرەوەی ئەو شوێنەی کە تێتدا دەژیت، بەڵام باشترین رێگە و ئاسانترین شوێن بۆ خۆناساندنت لە ئێستادا پلاتفۆڕمە سۆشیاڵمیدیاکانی وەک: (فەیسبوک، ئینستاگرام، یوتوب، ئێکس، سناپ، تیکتۆک) لێرەوە باشترینی بەرهەمەکانت بڵاو بکەرەوە و تێبینی و سەرنجی بەشدارانی نێو ئەم تۆڕانە هەڵسەنگێنە، تێبینییە باشەکان وەرگرەو خراپەکان فەرامۆش بکە.

یەکەمین بەرهەمت لە رێگای باشترین کۆمپانیاوە تۆمار و بڵاو بکەرەوە
پاش ئەو هەنگاوانەی پێشوو کە زانیت ئامادەیت، بەرهەمێک بڵاوبکەرەوە، پێویستە زوو بێهیوا نەبیت چونکە سەرکەوتن بە یەک هەوڵ بەدەست نایەت، بەتایبەت لەوکاتەی یەکەم بەرهەمت رەتدەکرێتەوە، ئەگەر بەپێچەوانەوە بوو رەتنەکرایەوە، ئیدی دەرگاکەت کردۆتەوە و لە سەرەتای باشتر چوونە نێو دڵی هەوادارەکانتی، بەڵام پێویستە بەردەوام لە هەوڵدان و نمایشکردنی بەهرەکەت بە و لە هەمان کاتدا خۆ فێرکردنی زیاتر و ئامانجەکانت زیاتر بکە، چونکە لە ئێستادا دەیان کۆمپانیا هەن و دەیانەوێ دەنگێکی نوێ بۆ نێو بازاڕەکانی خۆیان دروست بکەن.
بۆ ئەمە گۆرانیبێژی دیاری ئەمریکی تایلەر سویفت، کە ئێستا بۆتە باشترین و ترێندی میدیاکانی جیهانە، هانمان دەدات و دەڵێت: [گەشەپێدانی پیشەکەت بە دانانی ئامانجی بەردەوامە، هەر کە ئامانجێکم بەدیهێنا، ئامانجێکی دیکە دادەنێم. هەوڵدەدەم زۆر لە پێش خۆمەوە نەڕۆم. تەنها بە خۆم دەڵێم، باشە، باشە، حەز دەکەم گەشتێک بکەم، پاشان کاتێک دەگەمە ئەوێ، دەبینین ئامانجی داهاتوو چییە]. تۆش بە جیهانێک لە خەون و ئامانجی گەورەوە گەشتەکەت دەست پێبکە.

لەگەڵ خۆت راستگۆبە
پاش سەرکەوتنی هەنگاوەکانت، پابەندبە بە ڕێگاکەتەوە و سازش لەسەر بڕواکانت مەکە. دوای ئەوەی گرێبەستی تۆمارکردنت واژۆ کرد، ڕێگە مەدە کۆمپانیای پاڵپشتت (لایبەلەکەت) کۆنتڕۆڵی ئەوە بکات کە تۆ کێیت. شەڕ بکە بۆ دیدگای داهێنەرانەت چونکە ئەگەر نەیکەیت، وەڵامی باشە، باشەت تەنیا بۆ تۆ باش نییە.



