رێژوان تەها
وشەکان ئامرازی سەرەکی پەیوەندی مرۆڤن. لە ڕێگەی زمانەوە، بیرۆکەکان ڕوون دەکەینەوە و چیرۆک دەگێڕینەوە و شارستانیەتەکان بونیاددەنێین. بەڵام ساتێک هەیە کە وشەکان شکست دەهێنن و ناتوانن لەوەزیاتر بڕبکەن، کاتێک هەستەکان زۆر قووڵترن، ئەزموونەکان زۆر ئاڵۆزترن، یان ماناکان زۆر وردترن لەوەی لە ڕستەکاندا جێگیر بکرێن. لەو ساتانەدا موزیک قسە دەکات. موزیک لە وشەکان بەهێزترە نەک لەبەر ئەوەی جێگەیان دەگرێتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەگاتە ئەو شوێنانەی کە وشەکان ناتوانن.
موزیک ڕاستەوخۆ هەستەکان دەگەیەنێت، بەبێ وەرگێڕان. وشەکان بەندە بە زمان و کولتوور و پەروەردە. ڕستەیەک کە لە زمانێکدا مانادار بێت، ڕەنگە کاتێک وەربگێڕدرێتە سەر زمانێکی دیکە، هێزی خۆی لەدەست بدات. بەڵام موزیک بەبێ ماندووبوون سنوورەکان دەبڕێت. ئاوازێک، لە دۆخێکی تایبەتدا دەتوانێت خەم بۆ گوێگرێک دەرببڕێت، کە ڕەنگە گوێگر زمانی ئاوازدانەریش نەزانێت. ڕیتمێک دەتوانێت بەبێ ڕوونکردنەوە: خۆشی، گرژی، یان حەسرەت لەمرۆڤێکدا بجوڵێنێت. موزیک شیکاری عەقڵانی لادەبات و یەکسەر دەچێتە ناو عەقڵی سۆزداری و نەستەوە، دەست لە ناوەکیترین بەشی گوێگر دەدات، پێش ئەوەی بیرکردنەوە کاتێکی هەبێت بۆ دەستێوەردان.
موزیک جەستە و دەروون یەکدەخات. وشەکان زیاتر باس لە عەقڵ دەکەن؛ داوامان لێدەکەن بیربکەینەوە و لێکبدەینەوە و حوکم بدەین. بە پێچەوانەوە موزیک جەستە و ڕۆح دەجووڵێنێت. ڕیتم وا دەکات دڵ بە شێوەیەکی جیاواز لێبدات، لێدانی پێ و هەناسەدانیش بگۆڕێت. تیمپۆیەکی خاو دەتوانێت دڵەڕاوکێ ئارام بکاتەوە؛ ڕیتمێکی خێرا دەتوانێت ورە بەرزبکاتەوە یان وروژاندن بوروژێنێت. ئەم کاریگەرییە فیزیکییە هێزێک بە موزیک دەبەخشێت کە وشەکان بە دەگمەن دەتوانن؛ موزیک، دەتوانێت دۆخی ناوەوەی گوێگرێک بگۆڕێت، بەبێ هەوڵدان بۆ ڕازیکردن یان گفتووگۆکردن.
موزیک ئاڵۆزییەکان دەردەبڕێت، دەتوانێت بە یەکجار لە چەندین ڕەهەنددا قسە بکات، بەبێ بەکارهێنانی وشەیەک. هارمۆنی، ئاواز، ڕیتم، دەنگ و بێدەنگی لە یەک کاتدا کارلێک دەکەن و مانایەک دروست دەکەن، کە هیچ ڕستەیەک ناتوانێت بە تەواوی ڕوونی بکاتەوە. جوڵەکانی ئاکۆرد دەتوانێت خەم و هیوا بەیەکەوە ببەستێتەوە، گرژی و ئازادکردن لە پارچەیەکدا بەیانبکات. بەم شێوەیە موزیک ئاوێنەیەکی ئەزموونی مرۆڤە بە شێوەیەکی ڕاستتر لە وشە و قسەکان.
موزیک شوناس و یادەوەری بەکۆمەڵ دروست دەکات. سروودی نیشتمانی، سروودی ئایینی، گۆرانی ناڕەزایەتی و ئاوازی فۆلکلۆری قووڵتر لە وتار یان دەق کۆمەڵگاکان لە قاڵب دەدەن. ڕەنگە خەڵک دروشمی سیاسی لەبیربچێت، بەڵام گۆرانییەکانیان لەبیرە. موزیک دەبێتە ئەرشیفێکی سۆزداری هاوبەش، هەڵگری مێژوو، بەرخۆدان، خۆشەویستی و چیرۆکە ئەویندارییەکان لە نێوان نەوەکاندا. زۆر کاڵبوونەوەی وشەکانیش، ئاوازەکان لە یادەوەری و کولتووردا بە زیندووی دەمێننەوە.
لە کۆتاییدا موزیک بە بێدەنگی قسە دەکات. تەنانەت کاتێک کە هیچ دەقێکیش ئامادە نەبێت، موزیک مەبەست و مانا و ئامادەیی دەگەیەنێت. بێدەنگی خۆی لە موزیکدا دەبێتە دەربڕین، وشەکان لە بێدەنگی دەترسن؛ موزیک بەکاری دەهێنێت و دەیکاتە بەشێک لەخۆی. ئەم توانایە بۆ وتنی شتێک لە ڕێگەی نەبوونیەوە، قووڵایییەکی فەلسەفی بە موزیک دەبەخشێت لە دەرەوەی قسەکردنی ئاسایی.



