" type="text/css" > Skip to main content

ئامادەکردنی: مەحمود یاسین

موزیک زۆرجار وەک زمانێکی جیهانیی بێوەی دەبینرێت، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت کە تەنانەت پاکترین شاکارە هونەرییەکانیش دەکرێت ببنە قوربانی ململانێی بیروباوەڕەکان.

چیرۆکی “کاونتەرپۆینتی سیاسی” باس لەوە دەکات چۆن لە سەدەی بیستەمدا، سیستمێکی سیاسی وەک نازییەت توانییان ناوی یۆهان سباستیان باخ، ئەو ئاوازدانەرە گەورەیەی کە زۆربەی ژیانی لە کەنیسەدا بەسەر برد، بکەنە سیمبولی هێز و باڵادەستیی خۆیان.

باخ وەک ئەندازیاری نەتەوە
نازییەکان لە ڕێگەی تیۆریستەکانی وەک “ڕیچارد ئایکنهاوەر”ەوە، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە موزیکی باخ تەنیا هونەر نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی بایۆلۆژییە! ئەوان دەیانوت ئەو ئاڵۆزی و وردکارییەی لە “کاونتەرپۆینت” و “فیوگ”ەکانی باخدا هەیە، نیشانەی عەقڵییەتی باڵای مرۆڤی ئەڵمانییە. بەم شێوەیە، باخیان لە موزیکژەنێکی ئایینییەوە گۆڕی بۆ “پاڵەوانێکی باکوور” کە بە ئیرادەیەکی پۆڵایین جیهانی موزیکی ڕێکخستووە.

١٩٣٥ لوتکەی بەسیاسیکردنی هونەر
ساڵی ١٩٣٥ وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبینرێت، چونکە ٢٥٠ ساڵ بەسەر لەدایکبوونی باخدا تێدەپەڕی. نازییەکان ئەم یادەیان کردە شانۆیەک بۆ نیشاندانی دەسەڵاتی خۆیان. “جۆزێف گۆبڵز”، وەزیری پڕوپاگەندەی نازی، لەو یادەدا ڕایگەیاند: “باخ ئەو سەرچاوەیەیە کە هەموو موزیکێکی ئەڵمانی لێوە هەڵدەقوڵێت.” لێرەدا باخ چیتر تەنیا ئاوازدانەر نەبوو، بەڵکو ببووە “قەڵغانی کەلتووری” بۆ بەرگریکردن لە بەها کۆنەخوازەکان دژی موزیکی مۆدێرن و جاز کە بە “هونەری تێکچوو” ناویان دەبرد.

سڕینەوەی دەستی مێندلسۆن لە مێژوودا
یەکێک لە گەورەترین پارادۆکسەکان ئەوە بوو کە باخ بۆ ماوەی سەدەیەک دوای مردنی تا ڕادەیەکی زۆر فەرامۆش کرابوو، تاوەکو ساڵی ١٨٢٩ کە موزیکژەن فێلیکس مێندلسۆن دووبارە بەرهەمەکانی باخی دۆزییەوە و ناساندی؛ بەڵام چونکە مێندلسۆن ڕەچەڵەکی جوولەکە بوو، نازییەکان نەدەهاتە پۆتای عەقڵیانەوە کە هێمای “پاکی ئەڵمانی” لەلایەن ئەو دۆزرابێتەوە. بۆیە هەوڵیان دا مێژوو بشێوێنن و مێندلسۆن وەک “کەسێکی سوودخۆر” نیشان بدەن کە تەنیا بۆ مەبەستی بازرگانی باخی بەکار هێناوە!

گۆڕینی وشە پیرۆزەکان
چونکە نزیکەی ٧٥٪ی کارەکانی باخ بۆ کەنیسە نووسرابوون، نازییەکان کێشەیان لەگەڵ وشە ئایینییەکان هەبوو. بۆیە لە کۆنسێرتەکاندا وشە عیبری و ئایینییەکانی وەک “زیۆن”یان دەسڕییەوە و وشەی ناسیۆنالیستییان دەخستە شوێنی. دەیانویست بڵێن باخ “ئایینێکی گەردوونیی ئەڵمانی” هەبووە نەک مەسیحییەتێکی سادە.

ئەنجامی توێژینەوەکە
ئەم مێژووە پێمان دەڵێت کە هونەر هەرگیز “زمانێکی بێلایەن” نییە کاتێک دەکەوێتە دەست سیستمە تۆتالیتارەکان. کاتێک موزیک لە چوارچێوە مرۆیی و ڕۆحییەکەی دادەماڵرێت، دەکرێت ببێتە چەکێکی سیاسیی کاریگەر. پاراستنی ڕەسەنایەتی کارە هونەرییەکان و گێڕانەوەی مێژوو بە بێ لایەنی، تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت داهێنانی مرۆڤەکان بۆ مەبەستی نادروست بەکار بهێنرێت.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.