" type="text/css" > Skip to main content

 

توانا حەمە

نوسینی: توانا حەمە

مەرزیە فەریقی، گەروویەکی زێڕین، شۆڕەژنێک پڕ لە کاریزمای هونەرمەندانە، دایکێکی میھرەبان، ژنەشۆڕشگێڕێک، ھاوڕێی پێدەشت و چیاکانی کوردستان، خەباتکارێک بۆ ئازادی و رزگاری نەتەوەیی، ژنە ھونەرمەندێک خەرمانێک لە گۆرانی و ئاوازی کوردی دەکاتە بەشێکی گرنگی مێژووی هاوچەرخی موزیکی کوردی، مەرزیە لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و 66 ساڵ لەمەوبەر لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و بووەتە خانمە هونەرمەندێک کە لە مێژووی هونەری موزیکی کوردیدا بۆ هەمیشە لە یادەوەری گەلەکەیدا دەمێنێتەوە.

 ناوی تەواوی، مەرزیە شەھاب عەبدوڵڵایە، لە 22ی ئایاری ساڵی 1958 لە مەریوانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ھەر لە مەریوان تەواو دەکات، دواتر لە کۆتایی ساڵانی 1970 دا دەچێتە شاری سنە و خوێندن تەواو دەکات و دەبێت بە مامۆستا، ھەر دوای تەواوکردنی خوێندن وەک مامۆستا لە گوندێکی نزیک شاری مەریوان دەست بەکاردەبێت و دواجار لە ساڵی 1978 لەگەڵ ھونەرمەندی ناسراوی کورد (ناسڕی رەزازی) ژیانی ھاوسەریی پێکدەھێنیت.

وێنەیەکی خانمە هونەرمەند مەرزییە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا

مەرزیە و رەزازی بە ھۆی بارودۆخی رامیاری ئێران، ھەر زوو رۆژھەڵاتی کوردستان جێدەھێڵن و روودەکەنە چیاکانی کوردستان و دەبنە پێشمەرگە، دواجار ھەر لە چیاکانی کوردستانەوە ژیانی سەخت و وێستگەکانی پڕ تێکۆشانی مەرزیە دەست پێدەکات، گەرچی خەباتی شاخ و ئەو سەردەمە بۆ ژنە ھونەرمەند و مامۆستایەک زۆر سەخت بووە، بەڵام ئەو زۆر سەرسەختانە بەگژ رۆژە دژوارەکانی ژیاندا دەچێتەوە و ھەر لە چیاکانەوە دەنگی پڕ نەعرەتەی لەگەڵ رەزازیدا بە (ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە) بۆ جۆشدانی برا و کڵپە سەندنی شۆڕش و ھاندانی ھاونیشتمانانی ھەڵدا، وێستگەی ژیانی مەرزیە و خێزانەکەی لە ساڵی 1985دا لە چیاکانی کوردستانەوە روودەکاتە وڵاتی پڕ غوربەتی سوید و ژیانێکی دوورە وڵاتی لەگەڵ ھاوسەرێکی پڕ ئەوین و منداڵەکانی بەناوەکانی (دڵنیا، ماردین، کاردۆ) بەسەردەبات.

ژیانی ھونەری مەرزیە

وەک ئەوەی خانەوادەکەی دەیگێڕنەوە، سەرەتای دەستپێکی ژیانی ھونەری مەرزیە لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە بووە، ئەو کاتەی لە چالاکییە ھونەرییەکانی قوتابخانەکەیاندا وەک گۆرانیبێژ بەشدار دەبێت، دواتر لە ساڵی 1977 لە قۆناغەکانی خوێندنی مامۆستایدا لەگەڵ (کۆڕی موزیکی رادێوی سنە)ـدا چەندین جار لە سەر تەختی شانۆ گۆرانی چڕیوە، پاش خەباتی شاخ و بەجێھێشتنی وڵات و لە سوید نیشتەجێ بوون، لەگەڵ سەقاڵی بە دایکایەتی و ژیانی سەختی ئەوروپا، وادەکات ساڵانێک لە ھونەری گۆرانی ووتن داببڕێت.

دواتر ژیانی ھونەری مەزرییە لە ساڵی 1994ـدا بە گۆرانی گوتن و تۆمارکردنی چەند بەرھەمێک لەگەڵ رەزازی ھاوسەریدا دەستپێدەکاتەوە، لەم ساڵانە بەدواوە چرای روناکی ھونەری مەزرییە بە جۆرێکی تر و پڕ شەوقتر دادەگیرسێت و بەردەوام لە بزاوتی ھونەری موزیک و گۆرانی کوردییدا دەبێتە سیمبولی ژنە کوردێکی ھونەرمەند و لە پاڵ ئەوەشدا دەبێتە نموونەی ژنە شۆڕشگێرێکی نەتەوەیی و داکۆکی کارێکی سەرسەختی سەربەخۆ و دوور لە کۆمەڵە و حزبایەتی، بۆ داکۆکیکردن لە مافی ژنان و منداڵان و چالاکانە لە چەندین چالاکی جۆراوجۆری ئەم بوارانەدا بەشدار دەبێت.

مەرزیە توانایەکی بێ وێنەی لە شێوازی گۆرانیچڕیندا ھەبوو، ئەو لە سەر چینە دەنگی ئاڵتۆ دەیخوێند، بەڵام زۆر بە باشی دەیتوانی خۆی لە چینە بەرزەکان بدات، زۆر بە جوانی گەمە بە تۆنە موزیکییەکان بکات و ئاوێتەی ئاواز و تێکستی گۆرانییەکانی بێت، مەرزیە زۆر کارامەبوو لە سەر تەختی شانۆ، ھیچ دوودڵی و دڵەڕاوکێک لە گەرویدا بەدی نەدەکرا لەکاتی بەشداریی لە بەرنامە زیندووەکانی تیڤی و کۆنسێرتەکانیدا، لە گۆرانییە فۆلکلۆری و ریتمیکیەکانیشدا پێدەکەنی بە رووی ھەوادارانیدا، لە گۆرانییە غەمگینەکانیشدا چاوەکانی دادەخست، ئەو ھەمیشە وەکو ھونەرمەندێکی بەئەزموون و پڕ ئیستاتیکا و ژنە ھونەرمەندێکی بەرگ کوردی، بۆنە نیشتمانی و جیاوازەکانی دەڕازاندەوە.

مەرزیە و ناسڕ رەزازی لەکاتی پێشمەرگایەتیدا

بە زۆرینەی شێوەزارەکانی کوردی گۆرانی دەگووت، وەک ھونەرمەنێکی نیشتمانیی خۆی دەنواند، ئەوەی مەرزیە جیادەکاتەوە لە ژنە ھونەرمەندەکانی تر ئەو لۆژیکەیەتی کە ھەیبوو بۆ گۆرانی گووتن، ئەو نەدەھات لە ھەستی ھونەرمەندانی پێش خۆیەوە دەستپێبکاتەوە، ئەو لە سەردەمی خۆیەوە دەستیپێکرد و ھەمیشە گوزارشتی لە ھەستە ناوەکییەکانی خۆی دەکرد، ھەمیشە ھەوڵی دەدا رەنگێکی تر لە موزیکی کوردیدا بەرھەم بھێنێت، خۆی لە ئاوازدان دەدا، ھەمیشە دەیویست ھونەری سەردەمیانەی موزیکی کوردی پێشکەش بکات، جیاواز لە دەنگە نێرینەکانی پێشخۆی.

ئەو دەیویست (زیرەک و ماملی و دیلان) خۆیان بن و مەرزیە فەریقی ناسنامەی مەرزیەیی بە بەری بەرھەمەکانیدا بکات، خاوەن مۆرک و تایبەتمەندی خۆی بێت، ئەو بەڕاستی گوزارشت و سیمبولێک بوو بۆ ھونەری ژن و ھەستی ژنان لە موزیکی کوردیدا، ناسڕی رەزازی لە ھەشتەمین ساڵیادی کۆچیدا دەڵیت: “من خۆم زۆر ھاوکاریم دەکرد، ئاوازم بۆ دادەنا، تەنانەت فێرم دەکرد چۆن ئاوازدابنێت، بەڵام کێشەیەک ھەبوو کە ئەو سەردەمە زۆرینەی شاعیرەکانمان پیاو بوون، گەرچی چەند ژنێک دەرکەوتن بەڵام نەیاندەتوانی ھەستی ژنانە دەربڕن، کێشەی مەرزیە ھەمیشە ئەوە بوو کە دەیگووت: من ئەگەر بمەوێت گۆرانی دروستکەم دەبێت بگەڕێمەوە بۆ دیوانی شاعیرە پیاوەکان [رەزازی، پەیوەندی: 2013].

لەمەوە دەردەکەوێت کە مەرزیە ھەمیشە چاوی لە دروستکردنی ھونەری موزیکی ژنانە بوو، وەک لەوەی دووبارەکردنەوەی ھەستی پیاوانە لە زمانی ژنەوە بێت، گەرچی رەزازی ھاوڕێی و ھاوسەر و ھاوسەنگەری بووە، کەچی کاریگەری شێوازی گۆرانی گوتنی رەزازی بە سەر مەرزیەوە بەدیناکرێت و مەرزیە ھەروەک چۆن (رەزازی) خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی، ئەویش بە ھەمان شێوە خاوەنی رەنگ و دەنگ و ھونەری تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام ئەوەی جێی ھەڵوەستەکردنە لەو گۆرانییە دوێتانەی کە پێکەوە دەیان خوێند، ئاوێتە بوونێکی زۆر سەیر لەم دوو دەنگەدا بەدی دەکرا، بە جۆرێک دەنگی مەرزیە و رەزازی دەبوونە رەنگێکی چێژێکی تر لە موزیکی کوردیدا، ھونەری مەرزیە ھێندە قوڵە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وورد و تایبەت بە خۆیەتی، کە لە نێویدا ھەم ئازارەکانی نەتەوەی کورد و ھەم ھەستێکی غەمگینی ژنانە تێیدا پەخشانە، مەرزیە زۆر بە سەرکەوتووانە لە ماوەیەکی کورتی تەمەنیدا زۆرێک لە ژانرا و ستایلە موزیکییە باوەکانی کوردی و ئەو سەردەمەی تاقی کردەوە، کە بە بڕوای من لە زۆرینەیاندا سەرکەوتوو بوو، توانا ھونەری و دەنگییەکانی مەرزیە ھێندە زۆر بوون گەر تەمەن رێگەی بدایە دەیتوانی کاری زۆر ناوازەتر پێشکەش بکات، بە بڕوای من مەرزیە زۆر قوڵتر بوو، خاوەنی زۆر زیاتر بوو لەوەی بینرا و کە پێشکەشی نەتەوەکەی کرد.

بە داخەوە لە لووتکە و ھەڵکشانی باڵای ھونەری گۆرانی مەرزیەدا، بەھۆی ھەڵەیەکی پزیشکییەوە، لە ساتی نەشتەرگەرییەکدا لە رێکەوتی 18ـی ئەیلوولی 2005  دا لە نەخۆشخانەی کارولینسکای ستۆکۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید گیانی پڕ بەخششی ھونەری و شۆڕشی لەدەستدا.

کۆچی مەرزیە کۆچی مرۆڤێکی ئاسایی نەبوو، بۆیە باوەڕکردن بە وەستانی گەرووی زێڕینی مەرزیە زۆر سەخت بوو بۆ خێزانەکەی بەتایبەت و نەتەوەکەی بەگشتی، بۆیە لە ساتی گەڕانەوەی تەرمەکەیدا بۆ باشووری کوردستان، ھەر چوار پارچەی کوردستان رەشی پۆشی و عاشورایەک لە باشوور، باکوور، رۆژھەڵات و رۆژئاوای کوردستاندا بۆ مەرگی ناوادەی سازکرا، مەرزیە زۆر بە زوویی، بە تەنها بە سڵاوێک لە پێشمەرگە بوو بە ھاوڕێی و ھاوسۆزی نەتەوەکەی، بەڵام زۆر نەمایەوە و هەر زوو ماڵئاوایی لە ھونەر و نەتەوەکەی کرد.

سەرچاوە:

  • دەربارەی تەمەن و ژیانی زانیاری لە (خانەوادەی فەریقی، بە تایبەت داروین ئەحمەدی) وەرگیراوە.
  • بەرنامەی کێلەشین، تەلەفزیۆنی نەورۆز: 2013.

بەشی بکە لە:
توانا حەمە

دامەزرێنەی دیجیتاڵ میدیای موزیکناس، ئێثنۆمیوزیکۆلۆجیست، نوسەر و موزسیان