" type="text/css" > Skip to main content

چارلی چاپلن لە ئاستی جیهانیدا وەکوی سیمبولی سەرەکیی سینەمای بێدەنگ و کۆمیدیای کلاسیک دەناسرێتەوە، بەڵام دیوێکی دیکەی شاراوە و سەرنجڕاکێشی جیهانی هونەریی چاپلن، خولیای بێسنووری بوو بۆ دنیای موزیک، بەتایبەتی ئامێری چەلۆ (Cello). پەیوەندیی چاپلن لەگەڵ موزیکدا تەنها خولیایەکی لاوەکی نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە پێکهاتەی روحی و داڕشتنی شوێنپەنجەی تایبەتی لە بەرهەمە سینەماییەکانیدا.

چەلۆژەنین بە دەستی چەپ و مەشقی بەردەوام

چاپلن لە تەمەنی شانزە ساڵییەوە خولیای ژەنینی ئامێرە ژێدارەکانی لەسەر چەکەرەی کرد و یەکەم ئامێری چەلۆ و کەمانچەی کڕی. ئەو لە گەشتە هونەرییە دوورودرێژەکانیدا هەمیشە چەلۆکەی هاوڕێی ڕێگەی بوو، بە جۆرێک ڕۆژانە نێوان 4 تا 6 کاتژمێر راهێنان و مەشقی بەردەوامی لەسەر دەکرد. تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێشی ژەنینی چاپلن ئەوەبوو کە کەسێکی چەپلەر بوو؛ بۆیە بۆ ئەوەی بە باشی ئامێرەکە بژەنێت، ژێیەکانی چەلۆکەی بە شێوازێکی پێچەوانە ڕێکدەخستەوە تا لەگەڵ دەستی چەپیدا بپۆشرێت. ئەم خولیایە وایکرد لە ساڵی 1916دا بەرهەمێکی تایبەت و سەربەخۆ بە ناوی Oh! That Cello بنووسێت و تۆماری بکات.

موزیکدانەرێک لە پشتی پەردەی سینەماوە

چاپلن تەنها ئەکتەر و دەرهێنەر نەبوو، بەڵکو خۆی ڕاستەوخۆ کاری دانانی موزیکی بۆ زۆربەی فیلمە بەناوبانگەکانی دەگرتە ئەستۆ. بەرهەمە موزیکییەکانی ئەو هەڵگری هەستێکی قووڵی درامی بوون، کە تەواوکەری ئاماژە و جوڵە بێدەنگەکانی سەر شانۆ بوون و بەردەمی کامێرابوون. هەر بۆیە شاکاری موزیکیی چاپلن لە فیلمی Limelight (ڕووناکی سەر شانۆ – بەرهەمی ساڵی 1952) بەرجەستە بوو. تێمای سەرەکیی ئەم فیلمە کە بە ناوی Terry’s Theme ناسراوە، بووە یەکێک لە بەناوبانگترین و سەرکەوتووترین بەرهەمە موزیکییەکانی سەدەی بیستەم، کە دواتر هۆنراوەی بۆ دانرا و ژێر ناوی Eternally لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەوە.

چیرۆکی بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار

چاپلن لە ڕێگەی موزیکی فیلمی Limelight توانی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین موزیکی ڕەسەن (Best Original Score) بباتەوە، بەڵام ڕێڕەوی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە چیرۆکێکی مێژوویی سەرنجڕاکێشی لەپشت بوو. بەهۆی کیشەی سیاسی و دژایەتیکردنی چاپلن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەردەمی شەپۆلی مەککارسیزمدا، فیلمەکە تا ساڵی 1972 ڕێگەی پێنەدرا لە لۆس ئەنجلۆس نمایشی سینەمایی بکرێت.

دوای ئەوەی لە ساڵی 1972دا فیلمەکە بە فەرمی نمایش کرا، بەپێی یاساکانی ئەکادیمیا پاڵێورا بۆ خەڵاتەکانی ئۆسکاری ساڵی 1973 (لە 45ەمین خولی خەڵاتەکاندا) و خەڵاتەکەی بردەوە. چاپلن ئەم خەڵاتەی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕەی ئەن تۆنی (Ray Rasch) و لاری ڕوسێل (Larry Russell) وەرگرت، کە هاوکارییان کردبوو لە ڕێکخستنی ئۆرکێسترای سەرەکیی فیلمەکەدا (Orchestrations). لە کۆتاییدا، دەکرێت بگوترێت چارلی چاپلن تەنها کەسایەتییەکی کۆمیدی و ڕوخسارێکی دیاری سینەما نەبوو، بەڵکو هونەرمەندێک بوو لە ڕێگەی ئامێری چەلۆ و ئاوازەکانییەوە، زمانێکی گشتگیری بۆ دەربڕینی هەست و دەردە قووڵەکانی مرۆڤایەتی خوڵقاند.

بەشی بکە لە:
توانا حەمە

دامەزرێنەی دیجیتاڵ میدیای موزیکناس، ئێثنۆمیوزیکۆلۆجیست، نوسەر و موزسیان