بەشی یەکەم: دەنگی مێیینە ئاییندەی نییە
بۆ ڕەنجی بێوەری زوڵەیخا پشدەری

کارا فاتیح
لە سەدەی پێشوو دا بە دەرکەوتنی زوڵەیخا پشدەری لە هونەری میللیی کوردی دا، کەسانێک کە باوەڕیان بە ئازادیی ژن و مافی بەشداریی ژن لە هونەر دا هەیە، وەک جۆرێک لە ئازادیی ژن و پێشکەوتن و کرانەوەی هونەری کوردیی لە قەڵەمیان دا، بێ ئاگا لەوەی ئەوانە بزانن، ئاخۆ چ هۆکارێک پاڵی بەو کەسەوە ناوە بێتە ناو ئەو هونەرەوە و خەریکی بەندبێژی ببێت، دواتر کە هاتوویشە ئایا خاوەنی گوتاری خۆیەتی و چۆن هونەرێک پێشکەش دەکات، یان بێ ئەوەی هەر سەرەتا بزانن ئەو هونەرە خۆی چییە، ئەی پێگەی مرۆڤ بە تایبەت ژن لەم هونەرە دا چییە و لەم ڕێیەوە چۆن بیرکردنەوە و جیهانبینییەکان برەوی پێ دەدرێت و چ کاریگەرییەکی هەیە؟ ئایا ئەم ژنە لەم هونەرە تێوە گلاوە و بووەتە بەندبێژ، یان بەهۆشیارییەوە هاتوە و دەیەوێت گۆڕانکارییەک لە دنیابینیی خەڵک بۆ ژن و هونەر بکات؟ ئایا دەتوانێت لە هونەری گۆرانیی بەند دا کۆتایی بەو ئیهانە و سووکایەتییانە بهێنێت، کە لە ڕێی پەیامی بەندەکانەوە بە ژن دەکرێت، یان بێئاگایانە بازنەکە هەر بەداخراوی دەهێڵێتەوە و بەردەوامیی پێ دەدات؟ ئەسڵەن ڕەنگە هەر نەزانێت شتێک بە ناوی ئیهانە و سووکایەتییەوە هەیە، دیارە لەم سەردەمە و لە هونەری میللیی کوردی دا چەند بەندبێژێکی تری کچ دەرکەوتوون و لە بۆنە گشتی و تایبەتییەکان دا گۆرانیی بەند دەڵێن، هەندێ لە گۆرانیبێژە ژنەکانیش لە کلیپ و بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان دا بە شێوازی بەند و ڕیتمی گۆرانی دەڵێن و حەزیان لێیە برەو بەم هونەرە بدەن.
کاتێک ژنێک دەبێتە بەندبێژ و گۆرانیی بەند دەڵێت، بەمە ڕاستەوخۆ نابێتە خاوەن بڕیار لە سەر نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکوو ئەگەر نیەتی گۆڕانکاری نەبێت و دژایەتیی ئەوەی هەژموونی هەیە و برەوی پێ دەدرێت، نەکات، خۆیشی دەبێتە بەشێک لەو تابلۆیەی پێشوەخت بە خەیاڵ و فڵچەی پیاوسالارانە کێشراوە، بەندبێژی ژن تەنها ڕۆڵێکی کاتی وەردەگرێت لە ناو سیستمێک و جۆرە بیرکردنەوەیەک دا، کە زیادەڕەوی نییە بگوترێت بناغەکەی لە سەر سووکایەتیکردن بە ژن داڕێژراوە، چونکە بەند وەک هونەرێکی میللی زۆر جار لە سەر بنەمای فشقیات و گاڵتەجاڕی، لێدان و شکاندن و بچووککردنەوەی کەسایەتیی بەرامبەر دامەزراوە. کاتێک ژن خۆی دەبێتە گۆرانیبێژی بەند یان بەندبێژ، لە جیاتیی هەڵوەشاندنەوەی ئەم بنەمایە، خۆی دەخاتە ناو هەمان هەناوی مۆسیقییەوە و بێئاگایانە دەبێتە بەرهەمهێنەرەوەی هەمان ئەو کولتوورەی کە دەستی سووکایەتیی بۆ درێژ کردوە، سەرنج بدەنە ئەم دەربڕینانە، کە لە گۆرانیی بەندی کوردی بەردەوام بەر گوێ دەکەون و خەڵکێکی زۆریش دەخەنە جۆشوخرۆش و شاییی بۆ دەکەن:
– (وەک ڕوون و ئاشکرایە
بێوەژن تامی تیایە
لێوی وەک مرەبایە
لەگەڵ فڵان خەریکە
لەگەڵ فیسار شەریکە
– گوڵە بە گوڵی لێوت بم
بە کەمەرەی زیوت بم
خوا ئەوەم لەگەڵ کا
بە باوکی هەتیوت بم
– بێوەژنە دەستی دوە
دووسێ مانگە شووی کردوە
بە ملیۆنی هەرزانی
لە مێردە گولەکەی خەسارە
چوار حەڵاڵە
– وەک سۆپەری هەشتاوشەشە
سواربوونی ئێجگار خۆشە
– لە خێڵ ماڵ حاجی چکۆلەکەم بدەنێ
– ڕەنگم زەرد نەبوو ئەو کردی بە بەی
بمرێ باوکەکەی تاموڵ کەم تا کەی
– خودا بکەی نیازم/ نۆ دانە ژن بخوازم/ یەکێ بۆ کەیف و خۆشی/ یەکێ بۆ نەخۆشی/ یەکێ پیر و یەکێ جوان/ یەکێ جوانتر لە گشتیان/ یەک بۆ داودەرمان/ یەکێ بۆ کار و فرمان/ یەکێ بۆ خەلەوخەرمان/ یەکێ عاقڵ یەکێ ژیر/ یەکی بۆ ئیشی هەویر…هتد
– بێوەژنەکانی ناو شار
بەنرخن وەکوو دۆلار)
بنەمایەکی بەهێزی بازاڕی ئەم هونەرە میللییە، بریتییە لە چێژوەرگرتن لە تانەوتەشەر و شکاندنی کەسایەتیی مرۆڤ، بینەر یان گوێگری هەواداری ئەم هونەرە، زیاتر حەزی لەو بەندانەیە، کە تێکهەڵکێشن بە سووکایەتی، لەمەوە کاتێک ژنێک دێتە ناو هونەرەکەوە، ژنی بەندبێژ ناچارە بۆ مانەوەی خۆی لەو بازاڕە دا، سازش لە سەر شکۆی خۆی بکات و هەمان ناوەرۆکی پڕ لە ئیهانە بە ژن دووبارە بکاتەوە: زوڵەیخا هەمان گۆرانییەکانی پیاوان (ئەی وەی زارا، لۆرکێ و لۆرکێ) دەڵێتەوە و لە بەندێکی هاتوە:
شایەتی دەدەم لە گولەی خەسارە.
ئەی وەی زارا گیان دیدەم زارا
یان دەڵێ:
چوومە ماڵیان بە میوانی
پەنجەم گووشی لەگەڵ ڕانی
دایکی شەیتان بوو پێی زانی
ئەی وەی وەی لۆرکێ
کێشەکە لە خودی دەنگ و ئاستی هونەریی ئەم کەسانە دا نییە، بەڵکوو لەو بنەما کولتوورییە دایە، کە بەندی کوردیی لە سەری بونیاد نراوە؛ ئەم هونەرە میللییە، بێ لە ڕەگەوەهەڵکێشانی ناوەڕۆکە پڕ لە ئیهانەکەی، ناتوانێت بە بەشداریکردنی ڕووکەشانەی هیچ تاکێک، ئەم سیمایەی خۆی کاڵ بکاتەوە، دوو کچ بە ناوەکانی (خەندە و سارا) خەریکی بەندبێژین، بە هەمان عەقڵیەتی پیاوانە و کولتووری زاڵەوە بەند دەڵێن و لە دووبارەکردنەوەی بیرکردنەوەی پڕوپووچ لە بەندەکانیان دا هیچ شەرم ناکەن:
لە سەر پردی سیراتێ لەوێ چاوەڕێت دەکەم
حەفتا حۆریم بۆ دانێن تەنها چاو لە تۆ دەکەم
بەردەوامبوون و هەمیشە دووبارەبوونەوەی ئەم پرۆسەیە، کۆمەڵگە لە سەر ئەو بیرکردنەوەیە ڕادەهێنێت، کە ئاسایییە لەم مەیدانە دا با ژن بەرگی سووکایەتیپێکراو بپۆشێت، گرنگ جەوێکی خۆش و کاتبەسەربردنێکی پڕ لە چەپڵە و ستاییش و سەرگەرمییە، ئیتر بەشداریکردنی ژن لەم پانتایییە دا، نەک هەر کۆتاییی بەم ستمە کولتوورییە ناهێنێت، بەڵکوو ڕەوایەتییەکی زیاتر بە خۆوە دەبینێت و بازنەی ئیهانەکردن توندتر دەکاتەوە و؛ ئەم جارە لە ڕێی گۆرانیی بەندەوە دەیخاتە سەر زمانی ژن خۆی، ئەو بیرکردنەوە چەقبەستوو و داواکەوتوانەیش برەوی پێ دەدرێت، کە ژن لە سەر خۆی و ماف و ژیانی خۆی هەیەتی و بێ دوودڵی دەیکاتە گۆرانی و لە تێکست و ئاواز و موزیک و کلیپی مۆدێرن دا پەخشی دەکات: بڕواننە کلیپی گۆرانییەکی دڵنیا قەرەداخی (بووک و خەسوو) و گوێ لەو گوتارە شەڕەنگێز و دژەژنە بگرن، کە کولتووری پیاوسالاریی ڕای گرتوە و بە عەقڵیەتی دینی دوعا لە ژنێک دەکات، کە پێی دەڵێن (خەسوو) بێ ئاگا لەوەی، کە ئەمە دژی خۆیشیەتی و خۆیشی بۆ یەکێکی تر دەبێتەوە خەسوو، ئەوە جگە لە کارەساتی تێنەگەییشتن لەوەی، کە ڕەگی ئەم کێشانە لە کوێیە (دیارە بابەتی ئەم نووسینە نییە بۆیە درێژەی پێ نادەین.)
ئەم بەشدارییەی ژن لەم هونەرە میللییە دا، واتە ژن لە قوربانییەوە بەرەو بەشداریکردنی لە بەرهەمهێنانەوەی ئەم سیستمە هەنگاوی ناوە، کە ئەوەیش قووڵکردنەوەی کارەساتەکانە، ئەو دیاردە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەی وجوودیان هەیە، بە بەشداریکردنی ژن لە «گەعدە»ی چڕینی بەندەوە، ڕەنگە سەرەتا وەک ئازادییەک بخوێنرێتەوە و پێی وا بێ جۆرە مافێکی خۆی پیادە دەکات و دەتوانێت ڕێڕەوی ستمەکە بگۆڕێت، بەڵام سیستمی زاڵ لە ڕێوە لە ژێر ڕکێفی خۆی دەنێت و لەو بازنەیە توند جێگیری دەکات و دەبێت بەردەوام گڕی سووکایەتیییەکان بە خۆی خۆش بکات.
بەند و گەعدە تەنها کایەیەکی هونەری میللی و هەڵقووڵاوی خەڵک نیین، بەڵکوو پەیوەندییان بە بازاڕ، بینەر و ئامادەبوو و هەروەها دەستکەوتی ماددییەوە هەیە، ئەوەی بازاڕ دەیەوێت بەردەوامبوونی بەندە لە سەر هەمان ڕێچکەی خۆی: خێرایی، بیرنەکردنەوە لەوەی دەیڵێی، کەوتنە ژێر کاریگەریی ئامادەبوان، پابەندبوون بە کێش و سەروای سادە و ناچاربوون بە قسەی حەلەقومەلەق و پڕوپووچ تەنها لە بەر گرتنەوەی ئەم کێش و سەروایە… هتد، بەم شێوەیە بازاڕی دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆ مسۆگەر دەکات؛ بەمە ئەو کاڵایانەی بۆنی سووکایەتیکردن و تانەوتەشەر و شکاندیان لێ دێت، کڕیاری زۆریان دەبێت، بەشداریکردنی ژنیش وەک هونەرمەندی میللی و بەندبێژ دەیانکاتە بەشێک لەو بازنە داخراوە و دووبارەکردنەوەی ئیهانەکان بە خۆی، بۆیە چارەسەرکردنی ئەم دۆخە لە بەشداریکردنی ڕووکەش دا نییە و ئەساسەن ئەوان بۆ چارەسەریش نەڕۆیشتوون، چارەسەر ڕەتکردنەوەی بنەڕەتیی ئەو کایە ژەهراوییەیە، کە ناوی نراوە گەعدەی بەند و گەڕانەوەیە بۆ هونەرێکی ڕاقی و قووڵ، کە ڕێز لە مرۆڤبوونی ژن بگرێت، چونکە کەمێکی تر ڕوونی دەکەینەوە، چۆن ئەم هونەرە میللییە، لە ڕێی گەعدەکانەوە زمان و سیمبولەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگا بە ئاراستەیەکی نەرێنی و نزم دەبەن، کە ئەوەیش سیفەتی هونەرەکە بێت، ژن خۆی زمانێکی پڕ لە شکاندن و سووکایەتی هەڵدەبژێرێت و قەبووڵی دەکات لە دەوروبەری دا بە کاری بهێنێت، بەمەیش بناغەی زمانەوانیی ستەمەکە لە زەینی کۆمەڵگا دا دەچەقێنێت و دەبێت بەئەسەفەوە بگوترێت هۆشیاریی گشتی بەرامبەر بەو ئیهانە زۆر و بەردەوامانە سڕ دەکات.
هونەری میللیی بەندبێژی
بەند وەک هونەرێکی میللی گوزارشت لە نزمترین ئاستی هۆشیاریی تاکی کورد دەکات بۆ هونەر، زمانی ئەم هونەرە بە ئاراستەیەک دا کار دەکات، کە دژی قووڵبوونەوە و داهێنان و دۆزینەوەی نوێیە، بەو سیفەتەی:
١. زمانی بەند زمانی قسەکردنی ڕۆژانەیە: ئەوەی لە بەندی کوردیی بەندبێژان دا دەبیسترێت، زمانێکی ساکار و ڕووکەشە و هەمان زمانی ئاساییی خەڵکە کە لە کایە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بازاڕ، کۆڵان و ماڵ و سەرشەقام دا خەڵکان لە گفتوگۆ و بەرکەوتن و کار و دەمەقاڵە دا بە کاری دەهێنن، بۆیە بەم زمانە میللییە ناکرێت شتێکی نوێ بگوترێت و داهێنانی زمانی بێتە ئاراوە، ڕووکەشیی بەهای ئەم زمانە وای کردوە، نەتوانێت ببێتە ئاوێنەی خودێکی قووڵ و بەهێز، بۆیە پانتایییەکی زۆر بە قسەی بێکەڵک و ئیرتیجالی و بێمانا پڕ کراوەتەوە:
من پارەم ئەو دەخیلە
من شۆرتم ئەو فانیلە
من بازن ئەو مستیلە
٢- سادەکردنەوە: زمانی میللیی بەندبێژان، کێشەکانی وەک دڵداری و هەژاری و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە زمانێکی ساکار و لە ئاستی تێگەییشتنێکی ڕووکەشانە دا دەردەبڕێت و قووڵایییەکان نابینێت، بە هەمان چەشنی گەنجێکی هەژاری دڵشکاو لە مانای خیانەت و خۆشەویستی و ئافرەت دەڕوانێت، بۆیە هەمیشە بە شێوەیەکی ڕەها خۆی و هەڵوێست و قسە و بیرکردنەوەی خۆی بە ڕاست و جوان دەزانێت و ئەوانی تر بە سپڵە و بێوەفا و خیانەتکار، بەمەیش پەیام و قسە و گوتارەکەی پێشبینیکراو و حازربەدەستە، تەنها بۆ دەربڕینی ئەمە، توانایەکی پرۆڤەکراو و زۆر دووبارەبووەوەی دەوێ و بەپشتیوانیی زمانێکی سادەی سیخناخ بە وشەی زیادە، ناپێویست، ناچاری بۆ گرتنەوەی کێش و هتد.
٣- هاوشێوەیی: گوتار و بیرکردنەوەی بەندبێژانی کورد و ئەوەی لە ڕێی بەندە دەیکەنە دەرەوە بە گشتی هاوشێوەن و لە یەک دەچن، بۆ سەرجەم کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان هەمان بیرکردنەوە هەیە و ڕەواج هەر بە شێوەیەک ڕوانین، کە پێشبینیکراو و بیستراوە دەدرێت، جیاوازیی بۆچوون و بیرکردنەوەی پێچەوانە نییە، تێگەییشتنی باوی خەڵک هەڵناگەڕێنێتەوە و دەستکاریی ناکات، بەندبێژ ئەو ئازادییەی نییە لەو بیرکردنەوە باو و زاڵانە دەربچێت، بۆیە هەمیشە لە گەعدەکان دا ناچاری جێبەجێکردنی داواکاریی ئامادەبوان و دۆخی شوێن و کەسەکان دەبێت و ناو سیما و حاڵەت و چیرۆکی سادەی بۆ دەنێرن و ئەویش گوێڕایەڵانە بە زمانێکی سادە لە بەندەکان دا جێیان دەکاتەوە.
٤. ئەفسوونی توانای بەندبێژ: بەکارهێنانی ڕووکەشیی ناوەکان و حاڵەتەکان لەو کایە میللییە دا، زۆر جار لە پاڵ دەرخستنی توانا و قودرەتی بەندبێژ دا، بۆ فریودانی گوێگری ساکار یان ئامادەبووی گەعدەکان بە کار دێت، بەندبێژ وای نیشان دەدات کە هێزێکی غەیبیی بۆ هەموو وەڵام و داواکارییەکانی ئامادەبوان هەیە و هەر چییەکی پێ بڵێن و هەر چییەکی لێ داوا بکەن ئەو دەتوانێت و مانعی نییە، بە بێ ئەوەی زۆر ماندوو بێت یان خۆی بۆ ئامادە کردبێت.
٥. پێوەری هەواداری زۆر: عەقڵی میللی و عەوام کە سەرسامی ئەو جۆرە هونەرەیە، پێی وایە هەر شتێ جمهوورێکی زۆری هەبوو، خەڵکێکی زۆر هێنایە جۆشوخرۆش، ئیتر گرنگە و کارێکی نایاب و نەکردەیە و سەروو توانای ئاسایییە، هەر ئەوەیش بە هێمایەک بۆ باشی و سەرکەوتنی دەزانن، کە ئەمە لە فیکری هاوچەرخی ڕەخنەیی دا جگە لە تێگەییشتنێکی مێگەل هیچی تر نییە، شانازیکردن بە زۆریی ژمارەی هەوادار و گوێگرەوە خەسڵەتی مرۆڤی خاوەن هۆشیاریی میللییە، هەر وەک ئەو بیرکردنەوەی خێڵەکییەی هەمیشە شانازی بە ژمارە و زۆرایەتی و دەرکەوتنی بەردەوامەوە دەکات و بازووی پێ دەردەخات و پۆزی پێوە لێ دەدات.
٦- ناچاربوونی بەندبێژ بە پابەندبوونی ڕەها بە کێش و قافیەوە: کێش و قافیە لەگەڵ ئەوەی وزە و خێرایی بە بەندبێژ دەبەخشن، هاوکات دەبنە سەرچاوەی چەندین کێشە و خاڵی نێگەتیڤ لە ڕووی ئەدەبی، فیکری و زمانەوانییەوە، ئەم دۆخەیش وای کردوە، زۆر جار بەندبێژ بە شێوەی سەرپێیی و ئیرتیجالی شتی زۆر سەیروسەمەرە و هەڕەمەکی بڵێت و سنووری بۆ بابەتی پڕوپووچ نەبێت تا دەگاتە هەراوزەنای بێمانا و نالۆژیکی.
ناوێرم بڵێم چۆنی
ئەڕۆی وەک میکزەمینی
عالەمت کوشتوە
خەریک بنێشتجوینی.
دیارترین لایەنە نەرێنییەکانی ئەم دیسپلینە توندە بۆ پابەندبوون بە کێش و سەروای بەندەکانەوە بریتین لە:
أ- قەرەباڵغیی پووچ و پڕکردنەوەی ناچارەکی: کاتێک بەندبێژ ناچار دەبێت لە چرکەساتێک دا قافیەیەک ڕێک بخات، زۆر جار واتای ڕاستەقینە و مانا قووڵەکە دەبێتە قوربانیی وشەکان، ئەمەیش بەناچاری وا دەکات گوزارشت و ڕستەی و وشەی بێمانا، تەنها بۆ تەواوکردنی کێشەکە بهێنرێنە پێشەوە، هەندێک جاریش بەمە تێکستەکە تووشی داڕمانی لۆژیکی دەبێت، چونکە وشە و ڕستەکان لەبەر یەکڕیزیی مانا و فیکری بە یەکەوە نەبەستراونەتەوە، بەڵکوو تەنها بە زنجیری قافیە بەناچاری پێکەوە لکێنراون.
ب. ترنجاندنی ئاسۆی بیرکردنەوە و داهێنان: کاتێک پێشتر قاڵبی تێکستەکە لە ناوەڕۆکەکە سەختتر و ڕەقتر بێت، بەمە خەیاڵ سنووردار دەبێت، بەندبێژ ناتوانێت بیرۆکەیەکی ئاڵۆز، فەلسەفی یان قووڵی کۆمەڵایەتی بخاتە ڕوو، چونكە کێش و قافیەی سادە و خێرا توانای هەڵگرتنی ئەو بڕە لە قورساییی فیکرییان نییە، ئەمەیش وای کردوە، بەند زۆر جار لە بازنەیەکی داخراوی بابەتیی وەک (خۆشەویستییەکی ڕووت، وەسفا و سەنای خۆی و خزم و هاوڕێیان، گلەیی لە ڕۆژگار و پەسەندکردنی هەژاری و باسی ڕووکەش پاڵپشت بە زمانی شکاندن و ئیهانەکردن) تێپەڕ نەبێت و نەبێتە هەڵگری گوتارێکی فیکریی گەورە.
پ. ڕستەی خێرا و تەمەنکورت: لەبەر ئەوەی زۆربەی بەندەکان لە سەر بنەمای زەختی زۆری ئامادەبوان و فشاری کاتیی هەواداران و کەشی هەڕەمەکێتیی دانیشتنەکان دروست دەبن، زۆرینەیان دوای دانیشتنەکان و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دەفەوتێن و بەهاکەیان لە دەست دەدەن، چونکە لە دەرەوەی ئەو ساتە زیندوەی گەعدە، هیچ قووڵایییەکی زمانی یان مانایییان نییە، کە وا بکات لە نەست و یادەوەری دا بمێننەوە، نەبوونی پێکھاتەیەکی تۆکمەی ئەدەبیی وا لە بەندەکان دا هۆکاری ئەوەن تەنها لەو جوگرافیا و ساتە کاتییە دا کارا بن و توانای مانەوەی درێژخایەنیان نەبێت و زوو لە هەوادا ون بن.
بە خۆشیی فڵانە- قاتی شاڵی لە بەر دایە
فڵان چاو دادەگرێ، پێ دەکەنێت، ڕیشی هێشتوەتەوە… هتد
ت. سڕینەوەی فرەڕەهەندی و ئاڵۆزیی دەروونی: ئاشکرایە مرۆڤ هێندە بوونەوەرێکی سادەی ناو تێکستەکانی بەندبێژان نییە، بەڵکوو سروشتێکی ئاڵۆزی هەیە و ئەو جیهانە سۆزداری و سایکۆلۆژییەیش کە هەیەتی زۆر لەوە قووڵترە، بخرێتە ناو قاڵبی کێشێکی توند و خێراوە و جێگەی بکرێتەوە، بۆیە ئەو پابەندبوونە ڕەهایە بە کێش و قافیەوە، ناتوانێت تەعبیر لە ساتە ورد و بێدەنگەکانی غەمگینی، تەنیاییی قووڵ، یان ئاڵۆزییە دەروونییەکان بکات، چونکە ڕیتمی خێرا و قافیەی توند تەنها بۆ حاڵەتە دەرەکییە تەقینەوەیییەکان گونجاون، نەک بۆ شیکردنەوەی ئاڵۆزیی ناوەوەی مرۆڤ.
تێبینی/ ئەم بابەتە (جیهانی بەندبێژان) درێژەی هەیە و بە چەند بەشێك بڵاو دەکرێتەوە



