“موزیک خولیای دڵخوازی ڕۆحمە”. ئەمە گوتەی (تۆماس جێفرسۆن)ی سێیەمین سەرۆکی ئەمریکایە کە هاوشانی جۆرج واشنتۆن، بنیامین فرانکلین، ئەلێکساندەر هامیلتۆن و جەیمس مادیسۆن، بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەمریکا دادەنرێت. یەکێکە لەو چوار سەرۆکەی کە پەیکەریان لە چیای رەشمۆر لە باشووری داکۆتا هەڵکۆڵراوە.

توانا حەمە
ئەو ڕۆڵێکی گرنگی لە دانانی دەستووری ئەمریکا هەبووە و بە نووسەری سەرەکی جاڕنامەی سەربەخۆیی ساڵی (1776)ی ئەمریکا دادەنرێت. لە نێوان ساڵانی 1801-1809 سێیەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە هەمان کاتدا لە مێژووی ئەمریکادا بە داکۆکیکارە بەهێزەکەی ئازادی و گەشەپێدانی کولتووری ناسراوە. جێفرسۆن، لە ساڵی 1743 ڤێرجینیا لە دایکبووە. لە باوکییەوە خاوەندارێتی نزیکەی 2000 هێکتار زەویی بۆ ماوەتەوە، لە هەمان کاتدا لە دایکیشیەوە پێگەیەکی باڵای کۆمەڵایەتی لە شاری (ڕاندۆڵف) وەک میراتێکی کۆمەڵایەتی هەبووە، لە زانکۆی “ویلیام و ماری” خوێندوویەتی و دواتر وەکو پارێزەر دەستی بەکارکردووە.
جێفرسۆن کەسێکی زمانپاراو بوو، بەڵام توانای گوتاربێژی لاوازبوو، لە کۆبوونەوەی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی ویلایەتی ڤێرجینیا و ئەنجومەندا لەبری قسەکردن زیاتر لەڕێی نووسین و پێنووسەکەیەوە ڕۆڵی لە پرسە نیشتیمانییەکاندا گێڕاوە، هەر بۆیە هەمیشە بە “ئەندامە بێدەنگەکەی” ئەنجومەن ناوی دەبرا، بەڵام بێدەنگییەکەی هۆکاربوو کە لە تەمەنی”33″ ساڵیدا جاڕنامەی سەربەخۆیی بۆ ئەمریکا بنوسێت. لێرەدا ئەوەی تیشکی دەخەینە سەر لایەنی سەرۆکایەتییەکەی و ئەو هەنگاوە گرنگانەی نییە کە لە تەمەنی سیاسیدا جێبەجێیکردوون، بەڵکو ئەو لایەنە دەخەینەڕوو لە پاڵ ئەو هەموو ئەرکە گەورانەدا، خولیای موزیک و موزیکژەنیی فەرامۆشنەکردووە، چەندە بوارە یاسایی و سیاسییەکان جێی بایەخی بوون، هێندەش گرنگیدان بە موزیک و راهێنان لەسەر ئامێری ڤایۆلین لەپێشینەی ئەرکی رۆژانەی بووە.
بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکانی کۆشکی سپی، تۆماس جێفرسۆن هەمیشە وەک پیاوە خانەدانەکانی سەردەمی ڕێنێسانس هەڵسوکەوتی دەکرد، لە هەمانکاتدا خولیا و ئارەزووی زۆری لە بوارە جیاوازەکانی وەک، زمان، زانست، یاسا، تەلارسازی، هونەر و باخداری هەبووە، بەڵام هیچ یەکێک لەم خولیایانە وەک موزیک، شوێنێکی تایبەتییان لە دەروونی ئەودا نەبوو. ئەو ژەنیارێکی لێهاتووی ئامێری ڤایۆلین بوو، بەرادەیەک ڤایۆلین دڵخوازی بوو کە لە هەموو گەشت و جوڵەیەکیدا لەگەڵیدا بووە. ئەگەرچی شارەزای لە ژەنینی ئامێری چەلۆشدا هەبوو، بەڵام کەمتر بایەخی پێداوە و هەر لە منداڵییەوە زیاتر ڤایۆلینی ژەنیووە.

بەشێوەیەکی گشتی ئەوە نەزانراوە چۆن و کەی دەستی بە فێربوونی ئامێرە موزیکییەکان کردووە، بەڵام بە دیاریکراوی ئەوە روونە، لە تەمەنی چواردە ساڵیدا توانیویەتی بەباشی ڤایۆلین بژەنێت، بە تایبەت لەو ساڵانەی کە لە بەشەناوخۆیی قوتابخانەی مۆریدا بووە. لەگەڵ ئەوەی کە نازانرێت کێ لە سەرەتادا رێنمایی ( جێفرسۆن)ی بۆ موزیک و ژەنینی ئامێری (ڤایۆلین) کردووە، بەڵام ئەو بەباشی دەیزانی چۆن موزیک دەنوسرێت و زۆر بەباشی لە کاتی راهێنانەکانیدا نۆتەی شاکارە موزیکییەکان بخوێنێتەوە.
بەگوێرەی گێڕانەوە مێژووییەکانی کۆشکی سپی، کاتێک جێفرسۆن ناوی خۆی لە کۆلێژی ویلیام و ماری تۆمار کرد، بۆ ماوەیەکی زۆر ڤایۆلینەکەی پشتگوێ خستووە، بەڵام کاتێک لە ژێر دەستی جۆرج وایت دەستی بە خوێندنی یاسا کردووە، کۆچبەرێکی ئیتاڵیی بە ناوی (فرانسیس) لای خۆی دایمەزراندووە و لەلای ئەو وانەی موزیکی وەرگرتووە، تا زیاتر شارەزای لە ژەنینی موزیکدا هەبێت. دوای ئەوەی جێفرسۆن لە کۆمەڵەی پارێزەران وەرگیرا بۆ ئەوەی کاری یاسایی بکات، ئەگەرچی زۆر سەرقاڵبوو، بەڵام زیاتر لە رابردوو گرنگی بە راهێنانەکانی ئامێری ڤایۆلین دا و لانیکەم رۆژانە سێ کاتژمێر راهێنانی کردووە.
ئەو تەنها خولیای ژەنینی ئامێری نەبوو، بەڵکو راوچییەکی باشی دەستخستنی ئامێرە موزیکییە گرانبەها و نایابەکان بوو، هەمیشە هەوڵی بەدەستهێنانی باشترینەکانی دەدا، خاوەنی چوار ڤایۆلین بوو، لەنێویاندا ئامێرێکی بەناوی (کیت) هەبوو کە شێوە ڤایۆلینێکی قەبارە بچووک بوو، ئەوەندە بچووک بوو کە بە ڕێکوپێکی لە گیرفانی پاڵتۆیەکدا جێی دەبوویەوە. ئەو لە گەشتەکانیدا (کیت)ـەکەی لەگەڵ خۆی دەبرد بۆ ئەوەی لەکاتی دووری لە ماڵەوەیدا بەردەوامی بە راهێنانەکانی بدات. لە سەدەی هەژدەهەمدا موزیکژەنان بەهۆی ئاسانی گواستنەوەیانەوە (کیت)یان بەکاردەهێنا.

هەر بەهۆی خۆشەویستییە زۆرەکەی بۆ موزیک، جێفرسۆن بەردەوام (کیت)ـەکەی پێبووە، هەر بۆیە لەلایەن خانەوادە خانەدانەکانەوە وەک کەسێکی دڵخواز میوانداری و پێشوازی لێدەکرا، لە راستیدا هۆکاری سەرەکی بانگهێشتەکانی بۆ توانای ژەنینی لە ڤایۆلین دەگەڕایەوە، کە کەشێکی تایبەتی بە دانیشتن و بۆنە تایبەتییەکان دەبەخشی. دواجار هەر لە یەکێک لەو بۆنە تایبەتانەشدا، عاشقی (مارتا وایڵز سکێڵتۆن) دەبێت کە ئەویش ژەنیارێکی بەتوانای ئامێری هارپسیکۆرد بووە. مارتا بەراورد بە جێفرسۆن گەنجتر، سەرنجڕاکێشتر و لە هەمان کاتدا بێوەژنێکی زۆر دەوڵەمەند بوو، چەندین پیاو لەو بۆنە تایبەتانەدا تامەزرۆی خواستن و بەدەستهێنانی بوون. ئەگەرچی لە رواڵەتدا جێفرسۆنی شەرمن و بێدەنگ، کەمتر چانسی گەیشتن بە مارتای هەبوو، بەڵام موزیک هۆکاری سەرەکی بوو کە لەنێو پیاوە خانەدانەکانی نێو کۆبوونەوەکە، جێفرسۆن دەستی مارتا بباتەوە و بیکاتە هاوژینی هەمیشەیی خۆی. (هێنری ئێس ڕاندال) لە ژیاننامەی جێفرسۆن لە ساڵی 1858دا باسی چیرۆکی خێزانیی و خۆشەویستیی نێوان جێفرسۆن و مارتای کردووە، ئەو دەنوسێت: پردی پەیوەندی نێوان جێفرسۆن و مارتا موزیک بوو، هەر بۆیە لە کاتی دەستگیراندارییاندا وەک یەکەمین دیاری پیانۆفۆرتێیەکی گرانبەهای پێشکەش بە مارتای خۆشەویستی کردووە. جگە لەوە ئاماژە بەوەدەدات، کە چۆن موزیک، مۆری خۆشەویستی لە نێوانیان (جێفرسۆن و مارتا)دا کردووە.

تۆماس جێفرسۆن سەبارەت بە موزیک گوتوویەتی: موزیک سۆزێکی دڵخواز و خۆشەویستی رۆحمە و بەختەوەریش بەشی منی لە وڵاتێکدا فڕێداوە کە لە دۆخێکی بەربەرییەتێکی ناخۆشدایە. ئەو پێی وابوو، بۆ باشترکردنی دۆخی موزیک لە ئەمریکادا پێویستە هانی کەسە نزیکەکانی بدات، جێفرسۆن لە ئامۆژگارییەکانیدا بۆ کچەکەی پێی گوتووە: راهێنانەکانت لە موزیک پشتگوێ مەخە، ئەو دەبێتە هاوڕێیەک کە چەندین کاتژمێری ژیانت بۆ شیرین دەکات. هەر بۆ هاندانی ئەندامانی خێزانەکەی کاتێک لە فەرەنسا بووە، ئامێری (هارپسیکۆرد کیرکمان) کە یەکێکە لە باشترین ئامێرەکانی سەردەمی خۆی، بە دیاری بۆ کچەکەی و مارتای هاوژینی کڕیووە.

جێفرسۆن رێزێکی قووڵی بۆ کارەکانی هایدن هەبوو و دانی بەوەدا دەنا، تەنیا ئیرەیی کە بە هەردوو گەلی ئیتاڵی و فەرەنسی دەبات بەهۆی موزیک و موزیکژەنەکانییانەوەیە. نزیکەکانی جێفرسۆن دەگێڕنەوە کە ئەو “هەمیشە گۆرانی دەگوت لە کاتی ئەسپسواری بووبێت، یان ئەو کاتەنەی پیاسەی دەکرد، بە نزیکەیی رۆژانە موزیکی دەژەند، یان بە تۆنێکی نزم گۆرانی لەبەر خۆیەوە دەیگوت”. جێفرسۆن پاش کۆتاییهێنان بە خولەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا و خانەنیشین بوونی، بۆ مۆنتسێلۆ گەڕایەوە و کاتهکانی بۆ بیرکردنهوه لەو نهخشهیەی کە بۆ زانکۆ لە ڤیرجینیا داینابوو تەرخان کرد.
لە هەمان کاتدا ئەوەی بەردەوام لە ژیانیدا وەک هاوڕێی هەمیشەیی مانەوە، موزیک و ئامێرەکانی بوون، دواجار له رۆژی 4ی مانگی تەمموزی ساڵی 1826دا کۆچی دواییکرد. لە ئێستادا زۆرینەی بەڵگەنامە و کتێبە موزیکییەکانی جێفرسۆن و خانەوادەکەی لە کتێبخانەی زانکۆی ڤێرجینیا وەک کەلەپوورێکی گرنگی ئەم سەرۆکە موزیکژەنەی ئەمریکا بە بایەخەوە پارێزراوە.



