" type="text/css" > Skip to main content
توانا حەمە

توانا حەمە

سێرگی ڕاخمانینۆفی ڕووسی دەکرێت بە یەکێک لە بێبەختترین ئاوازدانەرەکانی هەموو سەردەمەکان دابنرێت. بێگومان ئەگەر بڕواتان بە بەخت نییە و باوەڕتان بە قەدەر و چارەنووس هەیە، بیخوێننەوە کە شوومترین چارەنووسی هەبووە. باڵای بەرز و نایاب، دەستە گەورەکان و پەنجە درێژەکانی، لەگەڵ بلیمەتییە بێپایانەکەی، بوونە هۆکار بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە دیارترین پیانۆژەنەکانی مێژووی موزیک؛ بەڵام هەستێکی ناسکی هەبوو کە هەمیشە لە هەوراز و نشێوەکانی ژیانیدا برینی وای لێ دەکەوتەوە کە تا کۆتایی تەمەنی لەگەڵیدا مانەوە.

سەردەمی منداڵی و ناسین و مەرگی چایکۆڤسکی

بنەماڵەی ڕاخمانینۆف لە خێزانە ڕەسەنەکانی ڕووسیا بوون. هەر بەم هۆیەشەوە و بەپێی نەریتی ئەو سەردەمە کە موزیک بەشێکی دانەبڕاو بوو لە ڕازاوەیی ژیانی خێزانە دەوڵەمەندەکان، ئەو لە منداڵییەوە لە کەشێکی موزیکیدا گەورە بوو. دایکی ژەنیارێکی ئاماتۆری پیانۆ بوو. سێرگیی منداڵ هێشتا فێری ڕۆیشتن نەببوو کە گوێی لەگەڵ سەمای کلاوێیەکانی پیانۆکەی دایکیدا ڕاهاتبوو. تەمەنی 10 ساڵان بوو کە چووە کۆنسێرڤاتۆری سانت پێترسبۆرگ و دواتر ڕاهێنانە سەختەکانی موزیک لەژێر چاودێری مامۆستا توندوتیژەکەی ئەو سەردەمە، نیکۆلای زوێرێڤ، درێژە پێدا.

زوێرێڤ دۆستایەتییەکی دێرینی لەگەڵ چایکۆڤسکیدا هەبوو، هەر بۆیە لە هاتووچۆکانی چایکۆڤسکی بۆ ماڵی زوێرێڤ، ڕاخمانینۆفی مێردمنداڵ توانی یەکێک لە بلیمەتەکانی موزیک ڕووسیا ببینێت و سوود لە هاندان و ئامۆژگارییەکانی وەربگرێت. خۆشەویستیی ئەو بۆ چایکۆڤسکی هێندە لە ناخیدا ڕەگی داکوتا بوو کە دوای بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی چایکۆڤسکی لە ساڵی 1893، تووشی خەمێکی گەورە بوو.

سێرگیی تەمەن 20 ساڵ، بۆ یادەوەریی چایکۆڤسکی سێینەیەک (تریۆ) لە پیانۆ، ڤایۆین و ڤیۆلۆنسێل دادەنێت تا کەمێک کڵپەی خەمەکەی دابمرکێنێتەوە؛ بەرهەمێکی یەکجار جوان کە بیسەر لەم خەمەیدا بێ ویستی خۆی هاوخەمی دەکات.

تا نیوەی پارچە موزیکەکە، پیانۆ تەنیا ڕۆڵی هاوڕێیەک دەگێڕێت و لەپڕێکدا بەو مێلۆدییەی کە پیانۆکە دەیژەنێت، ئاڕاستەی پارچەکە دەگۆڕێت. بیسەر لە درێژەی پێشکەشکردنەکەدا تووشی سستی و بێزاری نابێت و هێشتا گوێی لەگەڵ بەشە نوێیەکانی مۆسیقاکە ئاشنا دەبێت. ئەم تایبەتمەندییە دیارەی ڕاخمانینۆف لە بەرهەمەکانی تریشیدا بە ڕوونی دەبینرا.

ئەو تریۆیەی پێشکەش بە خاک و یادی چایکۆڤسکی کرابوو، تەنیا یەکەم ئەزموونی سێرگیی گەنج نەبوو لە پۆشاکی ئاوازدانەرێکدا، بەڵکو پێش ئەوەش ئەزموونی درەوشاوەی تری وەک دانانی “پڕێلۆد لە دۆ دێز مینۆر”دا هەبوو کە سەرنج و ستایشی مامۆستاکانی خۆی ڕاکێشابوو.

موزیک لە نێو ئاوازە دایکانەکانەوە

ڕاخمانینۆف ناتوانرێت وەک گۆڕانکارێکی بنەڕەتیی موزیکی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم دابنرێت. کاریگەریی هەبووە، بەڵام نەک بە توندیی کەسانی وەک دێبوسی یان ستراڤینسکی.

بێگومان بەراوردکردن لە نێوان شێوازی کاری ڕاخمانینۆف و هاوشێوەکانی وەک ستراڤینسکی دروست نییە! لە ڕاستیدا ئەو لە کۆتا نەوەی پیانۆژەن-ئاوازدانەرە نەریتییەکانی ڕووسیای سەردەمی ڕۆمانتیکە کە لەژێر کاریگەریی مەزنانی وەک شۆپان و چایکۆڤسکیدا بوو. عاشقی کولتوورە لۆکاڵییەکانی ڕووسیا بوو و لە منداڵییەوە بەهۆی داپیرەیەوە، بە ئامادەبوونی لە کەنیسەکاندا لەگەڵ سروودە باوەکانی ئۆرسۆدۆکسەکان ئاشنا بوو.

لە بەرهەمەکانیدا هەمیشە هەوڵی دەدا دڵسۆزیی خۆی بۆ ڕووسیا وەک “دایکێک” نیشان بدات و بە بەکارهێنانی تێمەکانی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان یان سروودە ئاینییەکان، ڕێزی خۆی بۆ خاکی نیشتمانەکەی دەرببڕێت. تەنانەت زەنگی کەنیسەش ئیلهامبەخشی بوو؛ بۆ نموونە لە سەرەتای کۆنسێرتۆی پیانۆی دووەمیدا، بە درێژکردنەوەی نۆتەکان و دروستکردنی بێدەنگی لە نێوان هەر مەودایەکی دەنگیدا، دەنگی زەنگەکە لە مێشکی بیسەردا زیندوو دەکاتەوە.

کەواتە بەکارهێنانی ئەم تایبەتمەندییە باوانەی کولتووری ڕووسیا، ئەو دەخاتە ڕیزی ناسیۆنالیستەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە؛ ئەو کەسانەی کە هەوڵیان دا بە قەرزکردن لە کولتووری فۆلکلۆری وڵاتەکەیان، خۆیان لەژێر ڕکێفی مۆسیقای ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و نەمسا ڕزگار بکەن کە بۆ چەندین سەدە بەسەر میراتی موزیکی ئەوروپادا زاڵ بوون. تایبەتمەندییەکی تری موزیکی ڕاخمانینۆف، بەکارهێنانی فۆرمی تایبەت و نوێ بوو لە هەر سێ سەمفۆنیاکەیدا.

 

خەمۆکی قوڵ و گۆشەگیری

لە ساڵی 1879دا، سەمفۆنیای یەکەمی لە سانت پێترسبۆرگ بە ڕابەرایەتیی ئەلێکساندەر گلازۆنۆف پێشکەش کرا. ڕاخمانینۆفی گەنج کە تەمەنی تەنیا 24 ساڵ بوو، 10 مانگی لە شوێنی دڵخوازی خۆی، “ئیڤانۆڤکا”، بەسەر برد تا سەمفۆنیاکەی تەواو بکات. لەو مانگانەدا هەرگیز بیری لەوە نەدەکردەوە کە ئەم بەرهەمە دەبێتە مۆتەکەیەک کە تا کۆتایی تەمەنی بەرۆکی دەگرێت. سەمفۆنیاکە بە شێوازێکی کارەساتبار پێشکەش کرا.

ڕەخنەگرە توندوتیژە نەریتییەکانی سانت پێترسبۆرگ کە تەنانەت فۆرمی بەکارهاتوو لە سەمفۆنیاکەیدا قبوڵ نەدەکرد، سێرگیی گەنجیان کردە ئامانج و تا توانییان هێرشیان کردە سەری. سیزار کویی کە ئەندامی گرووپی ناسیۆنالیستی بەناوبانگی “The Five” بوو و لەو ساڵانەدا پێگەیەکی گەورەی لە سانت پێترسبۆرگدا هەبوو، بەرهەمەکەی ڕاخمانینۆفی بە کارێکی دۆزەخی شوبهاند!

لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێشوازینەکردنی خەڵک و ڕەخنەگران لە سەمفۆنیاکە، دەکرێت ئاماژە بە پێشکەوتووتربوونی لە ڕووی تەکنیک و فۆرمەوە لە چاو سەردەمی خۆیدا بکرێت، و هۆکاری تریش ڕابەرایەتییە لاوازەکەی گلازۆنۆف بوو لە کاتی پێشکەشکردنەکەدا. وادیارە گلازۆنۆف باری تەندروستی باش نەبووە و لە کاتی کۆنسێرتەکەدا بەهۆی زیادەڕویکردن لە خواردنەوەی کحولدا، لە جیهانێکی تردا بووە! کورتەکەی، ڕاخمانینۆف لە نامەیەکدا سکاڵا لەو نادادپەروەرییە دەکات کە بەرامبەر بەرهەمەکەی کراوە و پێیوایە ئەگەر ڕابەرایەتیی ئۆرکێستراکە ئەوەندە لاواز نەبووایە، ئەم کاردانەوە نەرێنییانە ڕوویان نەدەدا.

دوای ئەم ڕووداوە، ڕاخمانینۆف تووشی خەمۆکییەکی توند دەبێت و تا سێ ساڵ هیچ بەرهەمێک نانووسێت. لەم سێ ساڵەدا دوو هۆکاری تریش خەمۆکییەکەی توندتر دەکەن:

  • یەکەم: ڕاخمانینۆف بۆ پێشکەشکردنێکی تایبەت دەچێتە لای نووسەری دڵخوازی خۆی، تۆڵستۆی مەزن. دوای کۆتاییهاتنی ژەنینی پیانۆکەی، تۆڵستۆی موزیکی سێرگیی بە موزیک دانانێت و وەک کۆمەڵێک دەنگی ناڕوون و بێ مانا و پڕوپووچ ناوی دەبات!
  • دووەم: دژایەتیی کەنیسەی ئۆرسۆدۆکس و دایک و باوکی ناتالیا ساتینا بوو لەگەڵ هاوسەرگیریی ناتالیا و سێرگیی.

ڕاخمانینۆف لەم سێ ساڵەدا بەهۆی تێکچوونی باری دەروونییەوە لەژێر چارەسەری پزیشکیدا دەبێت. لە ساڵی 1901دا کاتێک باری دەروونی کەمێک باشتر دەبێت، کۆنسێرتۆی پیانۆی دووەمی دادەنێت و پێشکەشی پزیشکی چارەسەرکارەکەی دەکات.

هەڵاتن و کۆچکردن

دەیەیەک بەسەر دەستپێکی سەدەی بیستەمدا تێپەڕ دەبێت و ئاڵۆزییەکان دەگەنە لوتکە. بەلشەفیکەکان پێترۆگراد داگیر دەکەن و چەند ساڵێک دواتر ناوەکەی دەگۆڕن بۆ لێنینگراد. لێنینیزم لە سەرانسەری ڕووسیادا بڵاو دەبێتەوە و لە سەر ڕێگای خۆیدا بە ناوی یەکسانییەوە، ماڵ و موڵکی هەمووان دەسووتێنێت و دەستی بەسەردا دەگرێت.

ڕووسیا، ئەم دایکە میهرەبانە، هێندە بۆ نیشتەجێبوونی هاوشێوەکانی ڕاخمانینۆف کە ڕەگیان لە قەیسەرەکاندا (تزارەکان) بوو ناھێمن دەبێت، کە لە کانوونی یەکەمی 1917دا، دوای ئەوەی ئیڤانۆڤکای ئازیزی سێرگی لە ئاگری تووڕەیی بەلشەفیکەکاندا دەسووتێت، ناچار دەبێت لەگەڵ خێزانەکەیدا و بە چەند جانتایەکەوە بۆ هەمیشە نیشتمان جێبهێڵێت.

خاڵی سەرنجڕاکێش لێرەدایە کە لەم کۆچە زۆرەملێیەدا، ڕاخمانینۆف نۆتە نووسراوەکانی (پارتیتۆر) سەمفۆنیای یەکەمی خۆی لە ڕووسیا بەجێهێشت. پێدەچێت ویستبێتی ئەم یادەوەرییە تاڵە لەگەڵ باقی داراییەکانیدا لە ئاگری تووڕەیی بەلشەفیکەکاندا بسووتێت!

سەرەتا لەگەڵ خێزانەکەی دەچێتە سوید و دواتر کۆچ دەکات بۆ ئەمریکا. سێرگیی بۆ هەمیشە لە سەرچاوەی ئیلهامەکەی (ڕووسیا) دوور کەوتەوە و بۆ چەندین ساڵ تەنیا لە تۆر و کۆنسێرتە جیاوازەکاندا پیانۆی دەژەنی و هیچ بەرهەمێکی نوێی دروست نەکرد. لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا دووبارە دەستی دایەوە پێنووس و دەستی بە نووسینەوەی موزیک کردەوە. لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی ئەم قۆناغەی، دەکرێت ئاماژە بە “ڕاپسۆدی لەسەر تێمێکی پاگانینی” بکرێت کە ڤاریاسیۆنێکە لەژێر کاریگەریی کاپریسی 24ی پاگانینیدا.

ڕاخمانینۆف کە هەمیشە دڵی بە خۆشەویستیی ڕووسیا و خاکەکەی لێی دەدا، لە ساڵی 1943دا بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجە لە ئەمریکا کۆچی دوایی دەکات و لەوێ بە خاک دەسپێردرێت، و هەرگیز تەرمەکەی ناگەڕێنرێتەوە بۆ ڕووسیا.

فیلمی “Shine”  بە ناوی کوڕ، بە کام و ئارەزووی باوک

کۆمۆڵگای پێشکەوتوو و دواکەوتوو نییە؛ لە هەموو شوێنێکی جیهاندا دایک و باوکی وا هەن کە ئاواتە کەسییەکانی خۆیان، کە لە سەردەمی گەنجیدا نەیانتوانیوە بەدەستی بهێنن، لە منداڵەکانیاندا دەگەڕێن. باوکێک کە حەزی دەکرد ببێتە پزیشک و ئێستا بەهۆی هەزار و یەک هۆکار نەبووە، دەبێتە چەکوشێک بەسەر سەری منداڵەکەیدا تا لە داهاتوودا پزیشکێکی لێ دروست بکات؛ هەمان ئەو ئامانجەی کە خۆی هەمیشە ئاواتی بۆ دەخواست. هەندێ جار هەندێک لە منداڵان لەم دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتخوازییەی خێزان ڕزگاریان دەبێت و دەتوانن ڕێگای خۆیان بگرنە بەر، بەڵام هەندێک جاریش وەک “دەیڤید هێلفگۆت” بەرەو سنووری شێتبوون و سەرگەردانی کێش دەکرێن.

فیلمی “Shine” (درەوشانەوە) بە ڕۆڵگێڕانی ناوازەی جێفری ڕاش، باسی ژیانی دەیڤید هێلفگۆتی پیانۆژەن دەکات کە بەهۆی ناچارکردنی لەلایەن باوکە توندوتیژەکەیەوە، ژیانی تێکدەچێت و تەمەنێک وەک شێتەکان بەسەر دەبات. بەڵام ئەوەی لەم فیلمەدا ماڵوێرانکەرە، خودی ڕاخمانینۆفە کە بە کۆنسێرتۆی پیانۆی سێیەمی دەبێتە بتێکی بێوێنە کە باوکی دەیڤید ساڵانێک لە حەسرەتی ئەودا دەسووتێت.

باوکەکە بەپێی ئەو نەریتەی لە سەرەتادا وترا، ئاواتی گەنجیی خۆی لە دەیڤیددا دەبینێتەوە تا بەڵکو بتوانێت لەژێر پەنجەکانی کوڕەکەیەوە کەمێک لە دەنگی “ڕاخ” (ڕاخمانینۆف) ببیستێت. لە درێژەی فیلمەکەدا چەندین جار دەیڤید بوێریی ئەوە بە خۆی دەدات تا شاخی ئەو دێوە بشکێنێت کە ڕاخمانینۆف بە تەکنیکە تایبەتەکانی خۆی خولقاندبووی، بەڵام هەر جارێک کێشەیەک دێتە پێش کە دەبێتە هۆی بێئومێدیی باوکی.

فیلمی “Shine” هەم پێویستە ببینرێت و هەم ببیسترێت، بەڵام نەک تەنیا لەبەر ڕۆڵگێڕانی نایابی جێفری ڕاش، و نەک تەنیا لەبەر ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی، بەڵکو دەبێت ببینرێت تا تێبگەین ڕاخمانینۆف بەو پەنجە درێژانەوە چ بلیمەت و پەرجوویەک بووە لە مێژووی پیانۆدا.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.