رێژوان تەها
دۆپامین یەکێکە لەو وشانەی کە تێگەیشتنی ناتەواو هەیە دەربارەی لە باشترکردنی خوددا. زۆر کەس پێیان وایە دۆپامین تەنها بۆ چێژە، بەڵام دۆپامین لەبنەڕەتدا قووڵترە و پەیوەندی بە پاڵنەر و پێشبینی و پاداشتکردنەوە هەیە. رێکخستنی هۆرمۆنی دۆپامین دەبێتە هۆی ئەوەی چێژی دروست لەکات و شوێنی خۆیدا وەربگرین و مرۆڤێکی داهێنەر، ژیاندۆست و چالاکبین لە ژیانی رۆژانەماندا. هۆرمۆنی دۆپامین پاداشتێکی دەروونییە کە پێمان دەڵێت:
* ئەمە شایەنی ئەنجامدانە.
* بڕۆ بەدوایدا.
* ئەم پاداشتەت لەبیربێت.
* ئەم ڕەفتارە دووبارە بکەرەوە.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، دۆپامین بەردەوام لەلایەن: سۆشیال میدیا، خواردنی بێسوود، پۆڕن، ئەپی شێوە قومار، ریلی بێکۆتا لە تیکتۆک و ئینستاگرام، و کات بەسەربردنی خێرا کۆنتڕۆڵکراوە. ئەنجامەکەی بەدەستهێنانی چێژی کورتە و دوورخستنەوەی مرۆڤە لە قوڵبوونەوە و داهێنان و بەرهەمی بەسوود. تەنانەت کوشتنی هاوڕێیەتی راستەقینە و پێکەوەبوون و سێکسی سرووشتی و بەهاکانی ژیانی مرۆڤە. چارەسەرەکە ئەوەنییە کە دۆپامین لەناوبەرین، بەڵکو چارەسەرەکە بریتییە لە ڕێکخستنی دۆپامین بە شێوەیەکی ژیرانە.
چی ڕوودەدات کاتێک دۆپامین ناڕێکخراوە؟
کاتێک مێشکت پاداشتی خێرا زۆر وەردەگرێت، دۆپامینت دەشێوێت. ئەو شتانەی کە ڕۆژێک دەیانوروژاندیت و تامەزرۆیان بوویت، دەبنە شتێکی ئاسایی و بێنرخ. چێژە راستەقینەکانت لەدەست دەدەیت و دەبیتە مرۆڤێکی تەمەڵ و تەنها بەدوای بابەتی کاتی و ناگرنگ دەکەویت.
ئەو کات:
* لە ئەرکەکانی رۆژانەت هەست بە بێزاری دەکەیت.
* خوێندنەوە بۆت دەبێتە بابەتێکی سەخت.
* راهێنانکردن بۆت دەبێتە بابەتێکی بێزارکەر.
*پەیوەندییە ڕاستەقینەکان چێژ و خۆشیت پێنابەخشن.
* هەمیشە لە خەیاڵدا دەژیت و پێت وایە بەختەوەری دوورە و زۆرت ماوە پێی بگەیت.
* پاڵنەر و هاندەرەکانت ناجێگیر دەبێت.
پێویستت بە رێکخستنەوەی دۆپامینە ئەگەر:
*بەردەوام بە بێ هۆکار مۆبایلەکەت بەکاردەهێنیت.
* زوو هەست بە بێزاری دەکەیت و تاقەتی مانەوەت لەسەر شتێک نییە.
* زۆر شت دەست پێدەکەیت بەڵام تەواوی ناکەیت و لەنیوەدا بەجێی دەهێڵیت.
* لە هەوڵدان بۆ بابەتێکی بەسوود، ئەگەر چێژێکی خێرات نەداتێ، دەوەستیت.
* هەوڵدەدەیت هەموو شتێک تاقیبکەیتەوە و دەستت بگات بەهەموو شتەکان.
* کاتێک بەتەنیادەبیت هەست بەناڕەحەتی و خەمۆکی دەکەیت.
* کاری مانادار و سوودبەخش دوادەخەیت.
چۆنیەتی ڕێکخستنی دۆپامین بە شێوەیەکی سروشتی:
١. کەمکردنەوەی دۆپامینی بۆ بابەتی کورت و خێرا، واتە پاداشتی خێرا بە هەوڵێکی کەم.
بۆ نموونە:
* سکڕۆڵکردنی بێ کۆتایی.
* چاودێریکردنی نۆتیفیکەیشنەکانت بەبەردەوامی.
* خواردنی شەکر.
* ئەپ و یارییە چێژبەخشەکان.
* ئالوودەبوون بە پۆرن.
*قسە و باسی بێمانا و بێکەڵک.
هەمیشە لە خۆت بپرسە:
ئایا ئەمە داهاتووم بونیاددەنێت یان تەنها کات بەڕێکردنە؟
٢. زیادکردنی دۆپامین بۆ بابەتە بەسوود و بەکەڵکەکان:
مرۆڤی سرووشتی و سەرکەوتوو، هۆرمۆنی دۆپامینی دوای هەوڵدان دەڕژێت، هەوڵدانێکی بەسوود و بەپێز. ئەو بابەتانەی بەخێرایی چێژت دەدەنێ، بەخێراییش دەڕۆن. ئەو بابەتانەی لەکورترین مەودا چێژێکی زۆرت دەدەنێ، بۆ کورتترین مەودا بڕدەکەن.
دەبێت دۆپامینت پاش بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گەورە، پێگەیشتن و تێگەیشتنێک بڕژێت.
بۆ نموونە:
* راهێنانی ئامێرێکی موزیکی بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر.
* تەواوکردنی کتێبێک.
* وەرزشی رۆژانە.
*گفتوگۆی قووڵ.
* بنیاتنانی لێهاتوویی بازرگانی.
* فێربوونی زمان.
* فێربوونی زانستێک.
ئەم دۆپامینە متمانە دروست دەکات و تۆدەکاتە مرۆڤێکی سرووشتی و بەختەوەر و سەرکەوتوو، چونکە بەستراوەتەوە بە دەستکەوتی مەزن و گرنگەوە.
٣. دواخستنی پاداشت:
سەرەتا مێشکت ڕابهێنە بۆ ئەوەی چێژ لە هەوڵدان وەربگریت ئینجا پاداشتێک بەخۆت ببەخشە.
نموونە:
* ٤٥ خولەک کار بکە، پاشان قاوەیەک بخۆرەوە.
* یەک کاتژمێر راهێنان بکە، پاشان سەیری ریڵەکان بکە.
* ئەرکەکەت تەواوبکە، پاشان لەگەڵ هاوڕێکانت بچۆ بۆ گەڕان و چێژوەرگرتن.
ئەمەش سیستەمی پاداشتەکانت لە هەڕەمەکی و خراپکردنەوە، دەگۆڕێت بۆ دیسپلین. مێشکت فێردەبێت کاتێک شتە بەسوود و گرنگەکەت ئەنجامدا، ئەوکات چێژ و خۆشی دێت. ئیدی هەم چێژی زیاتر لە هەوڵەکانت وەردەگریت، هەم دۆپامینت بەشێوەیەکی باش دەخەیتە خزمەت خووە باشەکان.
٤. پاراستنی دۆپامینی بەیانیان:
یەکەم کاتژمێر دوای بەخەبەرهاتن گرنگە خۆبەدوورگرتن لە:
* سکڕۆڵکردنی دەستبەجێ.
* ڤیدیۆی هەڕەمەکی.
* تەماشاکردنی هەواڵەکان.
دەتوانیت ئەمانە بکەیت بە خووی بەیانیانت:
* چوونە بەر تیشکی خۆر.
* وەرزش.
* نوێژ/مێدیتەیشن.
* خوێندنەوە.
* پلاندانانی رۆژەکە.
بەیانیەکەت ئاراستە و سیستەمی دۆپامین بۆ ڕۆژەکەت دادەنێت.
٥. دۆپامین و پێشکەوتن:
دۆپامین بۆ پێشکەوتنەکانت دەڕژێت.
رۆژانە هەوڵبدە لەبابەتێک تێبگەیت، چەند لاپەڕەیەک بخوێنیتەوە، چەند دەستکەوتێک بەدەستبهێنیت، سوپاسگوزاربیت بۆ ئەو دەستکەوت و پێشکەوتنانەی لە ژیانتدا بەدەستتهێناوە. پێشکەوتنی بینراو و هەستپێکراو پاڵنەرە بۆ مێشک و رژانی دۆپامین.
ڕێکخستنی دۆپامین لەماوەی ٧ ڕۆژدا:
بۆ ماوەی یەک هەفتە بەم جۆرەبە:
١. لە سەرەتای ٣٠ خولەک دوای خەبەربوونەوە مۆبایل بەکارمەهێنە.
٢.ڕۆژانە ٢ سەعات کاری قووڵ ئەنجامبدە.
٣. نیو کاتژمێر وەرزش بکە.
٤. بەبێ هۆکار و بابەتێکی پێویست مۆبایل بەکارمەهێنە.
٥. ١٠ لاپەڕە بخوێنەرەوە.
٦. رۆژانە مەدیتەیشن، یاخود نوێژەکانت ئەنجامبدە.
پاش رێکخستنەوەی دۆپامیم هەست بە ئارامی و تێگەیشتوویی و زیندوویی زیاتر دەکەیت. لەکات و ساتی خۆیدا چێژ لەشتەکان دەبینیت، پاش رێکخسنەوەی تۆپامین ئیتر پیاسە رۆیشتنێکی بێمانا نییە، سەیرکردنی ئاسمان رۆتینێکی سادە نییە، ژیانکردن لەگەڵ ئەزیزانت بێمانا و بێ گەرم و گوڕی نییە.
پاش رێکخستنەوەی دۆپامین هەست بەبەختەوەری دەکەیت، چێژ لە ژیان دەبینیت، دەتوانیت فێرببیت، تێبگەیت و پێبگەیت. مرۆڤە سەرکەوتووەکان ئەوانەن کە بەئاگایی بێت یان بێئاگایی، دۆپامینیان رێکخراوە و بەو بابەتانە دەرژێت کە سەرکەوتوویان دەکات و رۆژ بەرۆژ باشتریان دەکات.
رێکخستنی دۆپامین دەتکاتە مرۆڤێکی سەرکەوتوو، دەتکاتە کەسێک هەوڵی گرنگ بدات و بابەتێک بەباشی فێرببێت. بەتەرکیز و سەرنجێکی قووڵەوە لە بابەتەکان بروانیت و ژیانت گۆڕانکاری ریشەیی و راستەقینەی بەسەربێت.



