" type="text/css" > Skip to main content

رێژوان تەها

زۆر کەس بەدرێژایی ژیانیان و هەست دەکەن هیچ بەهرەیەکی تایبەتیان نییە. ئەوان سەیری سەرکەوتنی کەسانی دیکە دەکەن لە بواری موزیک، بازرگانی، هونەر، وەرزش، یان بەڕێوەبردن و پاشان پرسیار دەکەن: “بۆچی ناتوانم لێهاتوویی و بەهرەی راستەقینەی خۆم بدۆزمەوە؟” ڕاستییەکە ئەوەیە، زۆربەی خەڵک هەرگیز نایدۆزنەوە. زۆرجار لێهاتوویی لە ژێر ترس و ڕۆتین و ژینگەی هەڵە و تێنەگەیشتندا شاراوەتەوە و بۆیە نادۆزرێتەوە و هەست دەکەین کەبوونی نییە

ئەمەش لەبەر ئەم هۆکارانەی لێرەدا دەیخەمەڕوو:

١- تێگەیشتنی هەڵە بۆ سەرکەوتن؛ پێیان وایە لێهاتوویی دەبێت بە شێوەیەکی سروشتی دەربکەوێت:

یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکان کە مرۆڤەکان هەرگیز تواناکانیان نادۆزنەوە ئەوەیە کە پێیان وایە بەهرەمەندەکان لەلەدایکبوونەوە بەهرەمەندن و بەسرووشتی سەرکەوتنیان پێ بەخشراوە. چاوەڕێی ئەوە لەخۆیان دەکەن جارێک دەست لە پیانۆیەک بدەن و سۆناتایەکی بتهۆڤنی پێ بژەنن؛ یان دەست بکەن بە قسەکردن و وەک بلیمەتێک قسەبکەن و خەڵکی سەرسامبکەن، یاخود لە سەرەتا و لەگەڵ یەکەم کاری بازرگانیان دەوڵەمەندببن و سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنن.

بەڵام لێهاتوویی ڕاستەقینە بەزۆری دوای دووبارەکردنەوە و راهێنانی زۆر دەردەکەوێت، نەک لەخۆوە و بەبێ ماندووبوون.

ڕەنگە مرۆڤ لە سەرەتاوە بێ بەهرە دەرکەوێت و تواناکانی شاراوەبن، بەڵام دوای چەند مانگێک لە ڕاهێنان و خۆپەروەردەکردن، توانا شاراوەکەی دەست دەکات بە دەرکەوتن و گەشەکردن.

٢- هیچ تاقی ناکەنەوە:

هەندێک کەس تەنها یەک یان دوو شت لە ژیاندا تاقی دەکەنەوە. ئەگەر شکستیان هێنا، واز لە گەڕان و هەوڵ دەهێنن. بەڵام زۆرجار کارامەیی لە ڕێگەی گەڕان دەدۆزرێتەوە.

لەوانەیە کەسێک لە موزیکدا شکست بهێنێت، بەڵام لە فرۆشتندا نایاب بێت. یەکێکی تر لەوانەیە لە وەرزشدا شکستبهێنێت، بەڵام لە نووسیندا بلیمەتبێت. لەوانەیە کەسێک لە قوتابخانە هەست بە تەمبەڵی و لاوازی بکات، بەڵام لە موزیکدا توانایەکی نائاسایی هەبێت.

ئەگەر زۆر ڕێگا تاقی نەکەیتەوە، ئەوا چانسی دۆزینەوەی ئەو شتە کەم دەکەیتەوە کە بە شێوەیەکی سروشتی تێیدا بلیمەتی.

٣. ترس لە حوکم و لۆمەی خەڵک دەیانوەستێنێت:

زۆر کەس خۆیان لە هەوڵدان بەدوور دەگرن، چونکە ترسیان لەوەیە گەمژە یان لاواز دەرکەون. ئەوان خەمی ڕەخنە، شەرمەزارکردن، یان بەراوردکردنیان لەگەڵ کەسانی دیکەدا هەیە. بۆیە لە خاکێکی سەلامەتدا دەمێننەوە و هیچ هەوڵێک نادەن.

هەرگیز بە ئاشکرا گۆرانی ناڵێن، هەرگیز هونەرەکەیان پیشان نادەن، هەرگیز دەست بە چالاکی ناکەن، لەبەردەم خەڵکدا قسە ناکەن. بەهرەکەیان بە شاراوەیی دەمێنێتەوە؛ چونکە ترس زیاتر ئاسوودەیی و وەستانی دەوێت، نەک گەشەکردن.

٤- زۆر زوو بەراورد دەکەن:

بەراوردکردن خۆدۆزینەوە و گەشەکردن دەوەستێنێت. کاتێک سەرەتایی دەستپێکردن خۆیان بەراورد دەکەن بە کەسانی پسپۆڕ و بەتوانا، هەست بە بێهیوایی دەکەن. گیتارژەنێکی نوێ خۆی بەراورد دەکات بە موزیسیانێکی کارامە کەچەندین ساڵە هەوڵئەدات. نووسەرێکی نوێ خۆی بە نووسەرانی ناودار و بەئەزموون بەراورد دەکات.

ئەمەش هەستی خۆبەکەمبینین و شەرمەزاری و بێ تاقەتی دروست دەکات.

٥- بەهرە لەگەڵ حەز تێکەڵ دەکەن:

هەندێک جار خەڵک پێیان وایە لێهاتوویی دەبێت هەموو ڕۆژێک هەستی وروژان و گڕوتین دروست بکات.

لەوانەیە سەرەتا عیشقت بۆ بابەتێک نەبێت و حەزت لێی نەبێت بەردەوام. گڕوتین و عیشقی نەگۆڕ بۆ بابەتێک، دوای راهێنانی بەردەوام و قووڵبوونەوە دەستپێدەکات، دەبێت ئارامگری و بەردەوامیت هەبێت. کاتێک مرۆڤەکان چاوەڕێی خولیای ئەفسوناوی دەکەن، هەرگیز دەست پێناکەن و هەرگیز گەشەناکەن.

٦. ژینگەی هەڵە توانا دەشارێتەوە:

هەندێک بەهرە لە شوێن و ژینگەی هەڵەدا دەمرن. منداڵێکی داهێنەر لە ژینگەیەکی نەگونجاو و لۆمەکەر، ڕەنگە باوەڕ بکات کە تەمبەڵە و هیچ بەهرەیەکی نییە. منداڵێک کەتوانای بەڕێوەبردن و سەرکردەبوونی هەیە، لە ژینگەیەکی سەرکوتکەردا ڕەنگە هەست بە لاوازی و بێتوانایی بکات و هەرگیز نەزانێت کە دەکرێت چی مرۆڤێکی گەورەی لێدەربچێی. کەسێک بە بەهرەی موزیکی کە ئامێرێکی موزیکی لانەبێت و نەتوانێت راهێنان بکات، رەنگە هەرگیز توانا شاراوەکانی دەرنەکەون و نەزانێت کە دەکرێت موزیسیانێکی بلیمەتبێت! 

ژینگەی گونجاو و پەروەردەی دروست، دەتوانێت لێهاتووییەکانی مرۆڤ دەربخات و سەربخات.

٧.بێئومێدی و دەستهەڵگرتن:

هەموو کارامەیی و بەهرەیەک، قۆناغێکی لاوازی و بچووکی هەیە:

* قسەکردنی خراپ، پێش بوون بە وتاربێژێکی بلیمەت.

* دەنگێکی لاواز و پڕکەمووکوڕی، پێش بوون بە گۆرانیبێژێکی بەتوانا و سەرکەوتوو.

* دروستکردنی هونەری خراپ و پڕ هەڵە، پێش جوانیناسی و دۆزینەوەی توانا هونەرییەکان.

* شکستهێنان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، پێش متمانە بەخۆبوون و فێربوونی درووستکردنی پەیوەندی و گفتووگۆکردن.

زۆرێک لەم قۆناغەدا وازیان هێناوە و وا دەزانن گەشەناکەن و بەختیان نییە. لە واقیعدا، ئەوان بەتەواوی لەو شوێنە دەوەستن و دەستهەڵدەگرن، کە گەشەکردن بەخێرایی دەست پێدەکات!

٨- ڕێگە بە کەسانی تر دەدەن پێناسەیان بکەن:

خەڵکی پێیان دەگوترێت:

* تۆ زیرەک نیت.

* تۆ داهێنەر نیت.

* ناتوانیت سەرکەوتووبیت.

* مرۆڤێکی شکستخواردووی.

ئەم پێناسانە کاتێک وەریاندەگریت، دەبنە زیندانییەک لە ناوخۆت. ئیتر واز لە هەوڵدان دێنیت، پێش ئەوەی پێچەوانەکەی بسەلمێنێت!

٩- دیسپلین و بەرنامەڕێژییان نییە:

لێهاتوویی تەنیا دۆزینەوە نییە، وەک بیناسازییە. تەنانەت ئەگەر هێزێکی سروشتیش بدۆزیتەوە، پێویستی بە دیسیپلین هەیە. زۆر کەس تۆوی بەهرەیان هەیە بەڵام هەرگیز ئاوی نادەن.

چۆن لێهاتوویی خۆت بدۆزیتەوە؟

ئەگەر هەستت بە ونبوون و قەتیسبوون کرد، ئەمە بکە:

١. زۆر شت تاقی بکەرەوە، هەریەکەیان بۆ ماوەی ١٥ بۆ ٣٠ رۆژ.

٢- سەرنج بدەن چی وزەت دەبەخشێت، نەک تەنها پارە.

٣- سەرنج بدە چی بۆتۆ ئاسانە و بۆخەڵکی تر قورسترە.

٤- لە کەسانی شارەزا و سەرکەوتوو بپرسە چ خاڵێکی بەهێز لە تۆدا دەبینن.

٥- قبوڵ بکە کە لە سەرەتادا خراپ بیت و ئارامگربە.

٦- مانەوە و بەردەوامی: بەردەوامبە، ئەگەرچی قورسی و بەربەست بێنەپێشت.

زۆربەی خەڵک شکست ناهێنن چونکە بێبەهرە و بێبەختن. ئەوان شکست دەهێنن چونکە واز لە گەڕان دێنن، واز لە ڕاهێنان دێنن یان باوەڕ بە چیرۆکی درۆ دەکەن دەربارەی خۆیان.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان