لە رێکەوتی ٢٣ ئایاری ٢٠٢٦ لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، وۆرکشۆپێکی زانستی و هونەری لەژێر ناونیشانی “کاریگەریی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) لەسەر داهێنانی هونەری و ناسنامەی کۆلتووری لە موزیکی کوردیدا” لەلایەن هەریەکە لە د. سیروان محەمەد مستەفا و م.ی. ڕێکار عوسمان) پێشکەش کرا.

گرنگترین ئەو خاڵانەی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا:
- داهێنان و نوێگەری: چۆن دەتوانرێت AI وەک ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی موزیکی کوردی بەکار بهێنرێت؟
- پاراستنی ڕەسەنایەتی: دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ هاوسەنگیڕاگرتن لە نێوان بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی موزیکەکەمان.
- ڕۆڵی هونەرمەند: تاوتوێکردنی ئەو مەترسییەی کە ئایا ئامێرەکان دەبنە جێگرەوەی مرۆڤ لە پرۆسەی داهێنانی ئاواز و میلۆدیدا؟

پرسە سەرەکییەکان
- وۆرکشۆپەکە لە ڕێگەی سێ پرسیاری سەرەکییەوە هەوڵی دا ڕەهەندە شاراوەکانی ئەم بابەتە بپشکنێت:
- ئایا ژیریی دەستکرد دەبێتە هۆی گەشەپێدانی داهێنان یان سڕینەوەی ڕۆڵی داهێنەرانەی هونەرمەند؟
- چۆن دەتوانرێت ناسنامەی کۆلتووری بپارێزرێت کاتێک میلۆدییەکان لەلایەن ئامێرەوە بەرهەم دەهێنرێن؟
- ئایا بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر شوناسی گۆرانی و مەقامە کوردییەکان؟
ئەم چالاکییە لە کاتێکدایە کە جیهان بە قۆناغێکی ڕاگواستنی تەکنەلۆژیدا تێدەپەڕێت و ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستانیش هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ئەم جۆرە توێژینەوە و وۆرکشۆپانەوە، هونەری کوردی لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بگونجێنن بەبێ ئەوەی زیان بە ڕەسەنایەتییەکەی بگات.



