" type="text/css" > Skip to main content

نووسینی: رێژوان تەها


زاگرۆسییەکان پێکەوەدەژیان؛کولتوورێک پڕ لەپێکەوەژیان و قبوڵکردن و داهێنان، کولتوورێک کە بە سەدان دەستێوەردانی شارستانییەتەکان و سیستەم، ئەم کولتوورە گۆڕدرا و تەم بەری گرت. پتر لە پێنج هەزار ساڵە سیستەمی دژ دەیەوێت ئەم تەمە فراوانتر و گەورەتربکرێت و بەری ڕۆژی زاگرۆسی بگیرێت و بێکاریگەربکرێت.

وەلێ ئەم کولتوورە هەمیشە خۆی دەردەخاتەوە لەکات و سەردەمە جیاوازەکاندا، دێتەوە دەرەوەی سیستەمەکان و حەقیقەتی خۆی نیشاندەداتەوە؛ یەکێک لە کاریگەرییەکان و دەرکەوتەکانی ئەم کولتوورە لە (ئارام تیگران)دا بەرجەستە بوو، ئارامێک کە بووە بولبولە خۆشخوانەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو لەخێزانێکی ئەرمەنی لەدایکبوو، کە ڕزگاربووی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان بوون بەدەستی تورکانی عوسمانی لە زێد و خاکی خۆیان؛ بەهۆی تورکەکانەوە بەردەوام ئاوارە دەبن و هەرجارەو نیشتەجێی جێگەیەک دەبن، کوردستان دەبێتە ماڵی ئەوان و لە هەرشار و دێیەکی کوردستان پێشوازییان لێدەکرێت و خزمەت دەکرێن.

خێزانەکەی لە ئامەد (دیاربەکر) جێگیردەبن و دەژین، پاشان ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان دەبن و بەهاوکاری خێزانێکی کورد دەچنە شاری قامیشلۆ و لەوێ دەگیرسێنەوە. ئارام لەساڵی ١٩٣٤ لەوێ لەدایکدەبێت؛ لە خاکی هونەر و ئەدەب و کولتوور، لە کوردستاندا چاو بەدونیا هەڵدەهێنێت. سەرەڕای ئەوەی خۆی ئەرمەنییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە کوردستاندا گەورەدەبێت و لەگەڵ منداڵانی کوردی کرمانج پەروەردە دەبێت، شارەزاییەکی زۆرباش لە کولتوور و هونەری کوردەواری پەیدادەکات و کوردبوون دەچێتە هزر و ڕۆحییەوە و کاریگەرییەکانی بەژیانیەوە دەردەکەوێت. ئارام تیگران (ئارام مێلیکیان، ئارام دیکران) بەهۆی کاریگەری و پەروەردەی خانەوادەکەی بەتایبەت باوکی، ڕوودەکاتە دونیای موزیک و هەوڵی پێگەیاندن و بەرەوپێشچوونی خۆی دەدات لەم هونەرەدا.

خانەوادەکەی خۆیان بە قەرزاری کورد دەبینی، هەمیشە باوکی هانیدەدات کە خزمەت بە کوردەکان بکات و چاکەی ئەوانی لەبەرچاوبێت هەمیشە؛ بۆیەش کاتێک دەستدەکات بە فێربوونی موزیک و گۆرانی، بە ڕۆحێکی کوردی و کولتووری کوردییەوە دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت. ئارام لەمنداڵییەوە بەهرەی دەنگخۆشی تێدادەرکەوت و گۆرانی دەگووت؛ لە ١٤ بۆ ١٥ ساڵی لەگەڵ گرووپە هونەری و موزیکییەکانی قوتابخانەکەی گۆرانی دەگووت و بەشداری چالاکییە هونەرییەکان دەبوو.

چونکە لە خێزانێکی کریستیان بوو، لە کڵێساش بەشداری بۆنە و مەراسیمە ئاینییەکانی دەکرت و سروودی ئاینی دەگووت. لە ١٦ ساڵیدا باوکی ئامێری عودی بۆ دەکڕێت و هانیدەدات فێری ژەنینی موزیک ببێت و پەرە بەتواناکانی بدات. باوکی هێندە پاڵپشتی دەکرد، حەزی نەدەکرد خەریکی شتێکی دیکەبێت جیا لە هونەر، تەواو کەش و ژینگەی هونەری و موزیکی بۆ ڕەخساندبوو و ڕێگەی بۆخۆشکردبوو.

باوکی ئارام، شاعیر و بلوێرژەنبوو، ئارام چەندین شیعری کوردی باوکیشی کردە گۆرانی، لەوانە (بەحەسرەتا بێریڤانێ، بلبلۆ..)

لە ١٨ ساڵییەوە ئارام دەچێتە شەوەئاهەنگ و بۆنە نائاینییەکانیش، لەوێ بە موزیکژەنین و گۆرانی گووتن بەشداردەبێت. شەوێک ئارام بۆ بۆنەیەک ڕوودەکاتە ماڵێک، کە تیپێکی موزیکی لە ئامەدی باکووری کوردستانەوە هاتبوون؛ ئامێری (جەمبووش)یان بەدەستەوە دەبینێت و کاتێک تاقیدەکاتەوە دەبینێت شێوازی ژەندنی نزیکە لە ئامێری عودەوە، بەڵام دەنگی بەرزترە، ئیدی حەز بەوئامێرە دەکات، داوادەکات لە ئامەد ئامێرێکی جەمبووشی بۆ درووستبکەن و بۆی بنێرن.

ئیدی ئارام بەردەوام بە ئامێری جەمبووشەوە دەبینرا، وە ئاوازی گۆرانییەکانی بەم ئامێرە درووستدەکرد؛ تەنانەت لە بەشی هەرەزۆری گۆرانییە تۆمارکراوەکانیشیدا، خۆی جەمبووشی دەژەنی و سۆڵۆی خۆی لەکارەکانیدا بەجێدەهێشت.

لە ٢٣ ساڵیدا لەگەڵ کچێکی ئەرمەنی ئاوارەی قامیشلۆ، ئارام دەکەوێتە پەیوەندی خۆشەویستی بەناوی (سیروارت) و هاوسەرگیری دەکەن. ئارام کاتێک چاوی بە جگەرخوێنی شاعیر دەکەوێت لە شاری عاموودای ڕۆژئاوای کوردستان، شیعری (شەڤ چوو)ی لێوەردەگرێت و دەیکاتە گۆرانی؛ ئەوە یەکەم گۆرانی بڵاوکراوەی ئارام دەبێت لەساڵی ١٩٦٥. ئاوازەکانی ئارام لە ڕۆحی کوردەوارییەوەن، تام و چێژی ئاوازی فۆلکلۆری دەدەن، لە ئاوازی دانراوناچن؛ ئەم بەهرە و توانایەش بە قوڵبوونەوەی زۆر ڕوودەدات و دەردەکەوێت لە کولتوورێک.

  ئەرمەنستان ئازادی بەدەستهێناوە، وە هەڕەشەکانی عوسمانی لەسەر ئەرمەنییەکان لەمێژە نەماون و بوونەتە مێژوو؛ حکوومەت نوێنەردەنێرێت بۆ ووڵاتان، تاوەکو ئەرمەنییەکان بگەڕێنەوە زێد و نیشتیمانی خۆیان، بنەماڵەی ئارامیش بەڕێدەکەون بەرەو ووڵات و زێدی خۆیان و لە شارۆچکەیەکی نزیک شاری (یەریڤان) دەگیرسێنەوە.

ئارام هەمیشە لە خەمی دۆزی کورددا بوو، هەرگیز نەیهێشت هونەرەکەی بە ووشەیەک بچێتە خزمەت داگیرکارانی کوردستانەوە، باجی گەورەشیدا لەم پێناوەدا. وە پەیوەندی و هاوڕێیەتییەکی پتەوی هەبوو لەگەڵ شۆڕشگێرانی باکووری کوردستان و چەندین گۆرانی و کۆنسێرت و چالاکی هونەری بۆ دۆزی ڕەوای کورد لە چوارپارچەی کوردستان هەبوو. کاتێکیش ڕوودەکاتە ئەوروپا، هەمیشە وەک لۆبییەکی کورد و شۆڕشگێڕێکی کوردستان دەردەکەوت، کە بە هونەرەکەی داوای ئازادی و سەربەخۆیی خاکی کوردستانی دەکرد.

ئارام دەچێتە ڕادیۆی یەریڤان، کە چەند بەش و ژوورێک لەو ڕادیۆیە هەبوون، هەریەک تایبەت بە زمانێک. سەرەتا دەیەوێت لە بەشی ئەرمەنی دەوامبکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕوانامەی نییە و ئەوانیش دەخوازن کە هیچ نەبێت دیبلۆمی هەبێت. ئیتر بێئومێد دەبێت؛ بەڵام باوکی هانیدەدات بچێتە بەشی کوردی ڕادیۆکە، ئیدی دەچێتە ئەوێ و دەبێتە کارمەند لە ڕادیۆی یەریڤان بەشی کوردی، ژەندن و ووتنی گۆرانی (شەڤ چوو) دەبێتە دەستپێکی کاری ئارام لە ڕادیۆکە.

ئارام دەستدەکاتە خزمەتی زیاتر، بەهۆی ئەوەی هونەرمەندی بەتوانا و شارەزا لە ڕادیۆکەدا کاردەکەن لەوانە (جاسمێ جەلیل، جەمیلە جەلیل، ئۆردێخانێ جەلیل، جەلیلێ جەلیل…) ئەم ڕادیۆیە خزمەتێکی بەرچاو و گەورەی بە کولتوور و هونەر و زمانی کوردی کرد لە بارودۆخە سەختەکانی باکووری کوردستانیشدا بەدەستی دەوڵەتی تورکیا و قەدەغەکردنی زمان و گۆرانی کوردیی. بەهۆکاری ئەوەی شەپۆلەکانی لە یەریڤانەوە دەگەیشتە باکووری کوردستان و تورکیا، گەلی کورد ڕۆژانە گوێبیستی گۆرانی و هەواڵەکان دەبوون لەم ڕادیۆیەوە.

ئارام تیگران نزیکەی ١٥ ئەلبوومی گۆرانی هەیە، وە بەزمانەکانی (ئەرمەنی، کوردی، عەرەبی، سریانی، یۆنانی..) گۆرانی گوتووە. زیاتر لە ٢٣٠ گۆرانی کوردی هەبووە و ئەلبوومەکانی ئەمانەی خوارەوەبوون:-

 • چیایێ گەبارێ

 • زیلان

 • سەرخوەبوون خۆشە، 

 • کوردستان، 

 • زانی دیسا زاربووما

 • ڕابن

 • ئەڤینا فەقێ تەیران

 • کەچێ دینێ

 • ئەی وڵاتۆ ئەم هەلیان

 • ئای دڵبەرێ

 • دایێ من بەردە

 • دیاربەکر

 • ئای دڵ

 • ئەم هاتن

 • هەڤاڵ فەرات

ئارام تیگران نەخۆشی دڵی هەبوو، لە شاری ئامەد نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دەدرێت، دوای ئەوەی دەچێتە یۆنان دەرمانەکانی دەگۆڕێت بەمەش خوێنی ڕوون دەبێتەوە و باروودۆخی تەندروستی زیاتر تێکدەچێت. لە ئەنجامدا لە لە بەرواری ٨ی ئابی ٢٠٠٩ لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا دڵی لەلێدان دەکەوێت و لە نەخۆشخانەی (ئێڤان گلیسۆکۆ)ی ئەسینای پایتەختی یۆنان کۆچی دوایی دەکات. ئارام سەرەتا داوای کردبوو کە ئەگەر مرد لە شوێنی لە دایکبوونی لە (قامیشلۆ) بنێژرێ. دواتر دوای ئەوەی سەردانی (ئامەد) دەکات و  کوردانی ئامەد پێشوازی گەرمی لێدەکەن و ڕێزی زۆری نیشاندەدەن. ئارام داواکەی دەگۆڕێت و دەڵێت ئەگەر مردم لە (ئامەد) بمنێژن، وەک وەفایەک بۆ وەسێتەکەی باوکی کە ئامۆژگاری دەکرد خزمەت بە کولتوور و موزیکی کوردی بکات و هەمیشە چاکەی کوردی لەبەرچاوبێت.

حکوومەتی تورکیا بە بیانووی ئەوەی هاوڵاتی تورکیا نییە، ڕێگەیان نەدا لە ئامەد بنێژرێ؛ حکوومەتی سووریاش بە هەمان بەهانە ڕێگای نەدا لە قامیشلۆ بنێژرێت، ناچار لە وڵاتی بەلجیکا و لە گۆڕستانی شارۆچکەی (ژێتەی) نزیک برۆکسل بە خاک سپێردرا.  وەک هونەرمەند و سیاسەتمەدارانی باکووری ووڵاتیش کە هەریەک لە لایەکی دونیا مردن و تەرمەکانیشیان نەگەڕانەوە کوردستان و لە غەریبی بەجێمان؛ بەڵام ڕۆحیان هەمیشە هیوای ئازادبوونی ئەم خاکە دەخوازێت، تا ڕۆژێک بهێنرێنەوە نیشتیمان و لەم خاکەدا ئارام ڕابکشێن و ڕۆحیان ئاسوودەبێت. ئارام بووە یادگارییەک بۆ کورد و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چوونکە دەرکەوتەی کولتوورێکی پتر لە ١٠،٠٠٠ ساڵەی زاگرۆسی بوو. لە ئەرمەنییەکدا دوبارە ئەم کولتوورە دێرینەی زاگرۆس لەدایکبووەوە. پێکەوەژیان و ئازاردیخوازی و یەکسانی و دادپەروەری، کە بنچینەی ژیاریی زاگرۆسییە، لە هونەر و ژیانی ئارامدا بەدیدەکرێت. پیاوێک نە کوردبوو، نە سەربە ئایین و ڕێبازێکی کوردی بوو، کەچی کوردانە ژیا و خزمەتی هەرەگەورەی بەم پەیامە دێرین و ئەخلاقییەی زنجیرەچیاکانی زاگرۆس و میزۆپۆتامیاکرد.

ئەم هەمیشە لە هزر و ڕۆحی کورددا دەمێنێتەوە و هەمیشە گۆرانی و موزیکەکانی کوردان دەباتەوە دونیای ژیارییەک، کە بەئازادی تێیدا دەژیا و دایکانی کورد خەریکی داهێنان و هونەرەکان بوون، شۆڕشی کشتوکاڵیان کرد و بوونە دایکی کولتوور، هونەرەکان، فەلسەفە و کشتوکاڵ لەمێژوودا و مێژوو لەوانەوە دەستیپێکرد.

گۆرانییەکانی ئارام لەڕۆحی کوردبوونەوەن، ڕۆحی ئارامیش هەڵگر و دەرخەری ئەم حەقیقەتە مێژوویی و ئەخلاقییەی کوردستانبوو.

سەرچاوەکان:-

چاوپێکەوتنی ئارام تیگران لە مەد تیڤی ٢٠٠٣

ئارام تیگران/ ماڵپەری زانیاری ٢٠٢٢

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.