" type="text/css" > Skip to main content

نوسینی: سوھەیب فاروق

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هونەری”سەباح هەورامی” ئەو بازە هونەرییە بوو، کە لە هونەری هەورامیدا دای، بەجۆرێک هەست بە گۆڕانکاری و نوێبوونەوەیەکی تایبەت دەکەین لە هونەری ئەم هونەرمەندەدا،
دەتوانین ئاماژە بۆ سێ قۆناغی هونەریی (سەباح هەورامی) بکەین کە:

یەکەم/ قۆناغی دەستپێک و سەرەتا:

لەم قۆناغەدا، بە هەمان ڕیتم و شکڵ و وتنەوەوە، گۆرانیی دەوت”دەوتەوە”، کە هونەرمەندانی پێشوو لەسەری دەڕۆشتن و هاوشانی ئەوان دەڕۆشت وەک هاوبێژەکانی سەردەمی خۆی عوسمان و جەمیل و عەتا و حمەحسێن و … تاد، بەگشتی بەزم و ڕیتمەکان هەر ئەوانەن ئەوان دەیانڵێنەوە؛ هەست بە جیاوازییەکی ئەوتۆ ناکەین.

دووەم/ قۆناغی ناوەند:

لەم قۆناغەدا کە دەکەوێتە نێوان قۆناغی سەرەتا و قۆناغی هێنانەناوەوەی میوزیکەوە، (سەباح هەورامی) هاوتا لەگەڵ هاوبێژەکانی سەردەمی خۆی گۆرانیی دەچڕێ و هەر خودی خۆیشی بەتەنیا دەیچڕێ و لێرەوە سەبکی خۆی و جیاوازیی خۆی و ئەوانی دی دەبینین، لێرەوە (سەباح هەورامی) شتێک دەڵێت؛ کە پێشتر نەوتراوە هەم لەڕووی چییەتی و هەم چۆنایەتیشەوە، بەجۆرێک لەوانەیە لەڕووی ناونیشان یان ناوی بەزمەکە، هەمان ئەو بەزمە بێت کە پێشووتر وتراوە، بەڵام ئەم ڕێک وەک سەباح دەیڵێت، لەڕووی ئاواز و ئیحساس و زۆربەی جار تێکستیش

ئەگەر سەرنج بدەینە کاسێتە تایبەتەکەی لەگەڵ مەلوود شۆشمەیی وتوویەتی کە بە “سەباح و مەولوود” ناسراوە، یان ئەو هێڵە هونەرییە تایبەتەی کە لەگەڵ “نەوزاد نەسروڵابەگ” دەیگرێتە بەر بە ئاشکرا هەست بەو تازەبوونەوە و تەکانە هونەرییە دەکەین چونکە:

۱- ئەودەم بە جۆرێک گۆرانییەکان دەڵێن کە پڕن لە واقیعی ئەودەمی کۆمەڵگەی هەورامان بەتایبەت گەنجانی ئەو دەمە سەرنج بدەنە بەزمەکانی” ئا وەره وەره” و “ئامان ئازیزم بینایی چاوانم” و “مەردا مەردانی” …. تاد.

۲- سەباح لەم قۆناغەدا ئیتر بەزمەکان سەباحانە و وەک خۆی دەیانڵێت سەرنج بدەن لە بەزمەکانی” نیزام هەی نیزام” و “کۆرپەکەی قەڎباریک” و “سەوزەسەوزە” .. هەندێک بەزمی کە تا ئەم سەردەمەش هەر بێ میوزیک دەیگوتن و بووبوونە بەشێک لە هونەری ئەو و پێشتر بەو شێوە و بەو ئیحساسەوە نەبیسترابوون.

سێیەم/ قۆناغی کۆتا یان قۆناغی میوزیک:

ئەم قۆناغە قۆناغی گۆرانیوتنی (سەباح هەورامی)یە لەگەڵ میوزیکدا کە وەک مەودا و ماوە قۆناغێکی درێژماوەیە و هاوشان لەگەڵ ئەو قۆناغەش بەبێ میوزیکیش گۆرانیی چڕیوە، بەڵام خاسترین خاسیەتی جیاکەرەوەی سەباح ئەو جۆرە لە تایبەتمەندی بوو، کە بەخشیی بە گۆرانیی هەورامی، هەم لەڕووی چییەتیی گۆرانییەکان و هەم چۆنێتیی گوتنی بەزمەکان هەم لەڕووی ژمارەشەوە، گۆرانیی هەورامی تێیدا چووە قۆناغێکەوە کە دەتوانین ناوی بنێین”قۆناغی پێش سەباح و دوای سەباح” تەنانەت لەم قۆناغەدا، جگە لە تپێپەڕکردنی میوزیک جوگرافیا و دیالێکتەکان تێپەڕ دەکات و کرمانجی خواروو یش تێپەڕ دەکات و دەگاتە “کرمانجی ژووروو” ش و گۆرانیی “بێریڤانێ بێریڤانێ” دەڵێت، کە بۆ ئەودەم و ئێستاش گۆڕانێکی نەوعییە.
لەم قۆناغی میوزیکەدا لە هەرە جوانترین گۆرانییەکانی هەورامان نوێدەکاتەوە و لەگەڵ میوزیکدا و بە بەرگێکی نوێوە دەیانڵێت:
“کەشەوان کەشەوان” و “کۆرپەکەی قەڎباریک” و”مەردا مەردانی”و “شیرینەخانم” و”ئای هەوار هەوار” و “باوانەکەی باوانم”،”وەتەن وەتەن”… تاد چەندین ڕیتمی تایبەت و نوێ، کە بۆ هەوەڵین جارە هەورامییەک ئەلبوومێکی چەند تراکی بە میوزیکەوە دەربکات، سەرەکیترین خاڵی جیاکەرەوەی ئەم قۆناغە جگە لە گەڕانەوە بۆ ئامێری میوزیک ئەوەیە کە:

۱-سەباح بۆ ئەوەڵجار ئاوازێک وەک مەقام یان نزیک لە مەقام، لەپێش بەستەیەکەوە دەڵێت و دەیهێنێتە نێو بوارە هەورامییەکەوە، سەرنجی ئەلبوومەکەی ئەو دەمەی بدەن، پێش گوتنی گۆرانیی “باوانەکەی باوانم” ئەم دێڕە بە مەقامێک دڵێت:

هەنگەکەی ڕۆحم پەرواز کەردەوە
ئاوارەش جە گوڵ لەیل ئاوردەوە

۲-سەباح وەک پێویستییەکی هەنووکەیی ئەوکاتیش لەگەڵ گەنجە نوێیەکانی ئەودەمەدا بە دەف یان بە تەپڵ و نای گۆرانیی دەڵێت”لەیلاگیان لەیلا” نموونەی هەرەباوی ئەو گۆرانییانەی ئەو دەم بوو، یان بە ئۆرگەوە بەشداریی دەکرد، کە هونەرمەندەکانی هاوسەردەمی خۆی بۆیان نەکرا بێنە ئەو بوارەوە وەک”عەتا زەڵمی”و “عەلی کاکەخان” و”نەوزاد نەسروڵڵا”…… تاد وەلێ ئەو هاوشانی”کوڕانی حمەحسێن کێمنەیی” و “فەرزاد ئەمینی” و “کورش عەزیزی” ……تاد دێتە مەیدانەکەوە و لەو ماوەیەشدا چەند بەرهەمێکی تایبەت وەک:

“گەردە گەردە، خانم خەندەشەن، ژەرەژەو پاڵوو نساری، خاڵۆی ڕێبوار” ” زەنگیانە” بە میوزیکەوە دەکاتە دیاری.

۳- خاڵێکی جەوهەریتری سەباح لەم قۆناغی میوزیکەدا ئەوەیە، کە بە هۆشیاریی زیاترەوە تێکست هەڵدەبژێرێ و پەنا بۆ تێکستەکانی شاعیران دەبات، وەک گونجاندنێکی تەواو لەگەڵ میوزیکدا، لەم قۆناغەدا زۆرترین دێڕەکانی مەولەوی دەبینین بەتایبەت لەگەڵ میوزیکدا

” وەهارەن وەهار های هەورە ئامان” ” زەڕەی بۆی زوڵفت کەفتەن نە بەرزان” “ئێشەو دیارەن بانگم بێ شەرمەن” ” خانم خەندەشەن خانم خەندەشەن” ی بێسارانی و دواتریش گۆرانییە تایبەتەکەی “ژەرەژەو پاڵوو نساری”شیعری “ڕەفعەت مورادی”جگە لەوەی لەم سەردەمەشدا بەبێ میوزیک تێکستێکی تەواوی “سەیدی” (ڕیۆن داخەوباڵاو تۆنە) دەچڕێت.

٤-تایبەتمەندییەکی تری ئەم قۆناغە ئەوەیە کە هێندە بناغەکەی پتەو و بەهێز و هەم ئیستاتیکییە گوێی گوێگری گەنجی هەورامی بۆ هونەریی هەورامیی سەردەم ڕادەکێشێت و تەنانەت لە شوێنێکی وەک زانکۆکانیشدا و لەنێو مۆڵ و بازاڕەکان و سێدیی ماشینەکانیشدا و لەنێو میمۆری و فلاشەکاندا گۆرانیی سەباح پڕ دەکرێت، و بەتەواوەتی گەنجی سەردەم وابەستەی گۆرانیی هەورامی دەکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەم قۆناغە وا دەکات چەندین هونەرمەندی تازە ئەم گۆرانییانەی سەباح بڵێنەوە وەک “فەرزاد ژیواری” و” ئەرسەلان هەورامی” و “فەرزین هەورامی” و “هێرش هەورامی”…….. تاد.

 

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.