" type="text/css" > Skip to main content

نووسینی: د. كريم الصيّاد

بۆ کوردی: ئامانج غازی

‎پەیوەندی نێوان موزیک و ئایین لە دوو لایەنەوە بەیەکەوە بەستراوەتەوە، لایەنی موزیکی ئایینی و لایەنی ئایینی موزیک. چەمکی “موزیکی ئایینی” گوزارشت لەو موزیکە دەکات کە ئایین قبوڵ دەکات و ڕەنگە پێیەوە “پابەندیش” بێت بۆ دەربڕینی هەستی ئایینی و پێگەکانی و هەروەها بۆ بارودۆخی سۆفیگەریش بەکاری بهێنێت، وەک خۆشەویستی و ستایش و هیوا و ترس و پەرۆشی و لەناوچوون. سەبارەت بە “ئایینی( موزیک)یش”، ئەمەیان حاڵەتێکی دەگمەنەو گوزارشت لە گۆڕینی بواری موزیک لە یەکێک لە ئایینەکاندا دەکات بۆ لایەنێکی گەوهەری باوەڕ و ڕێوڕەسمەکان، کە بەبێ ئەو ئایینە ناتوانرێت تەواو بێت و ‎پەیوەندییەکی ئاڵۆزترە لەوە.

(ئایین موزیک) شتێک نییە لە یەک ئاییندا ڕێککەوتنی لەسەرکرابێت. ڕاستە زۆربەی ئەو ئایینانەی ئەمڕۆ هەن هەندێک جار موزیک وەک زمانێک بۆ دەربڕینی ئەوەی زمان ناتوانێت دەریببڕێت بەکار دەهێنن، بەڵام فرە مەزهەبەکانی ئایینێک لە ڕادەی وەرگرتنی موزیک و جۆری ئەو موزیکەی کە قبوڵکراوە و چۆنیەتی خستنەکارییەکەی ڕاو سەرنجی جیاوازیان هەیە،

بۆ نموونە زۆربەی موسڵمانان موزیکی ئامێریی بۆ دەربڕینی مانای ئایینی بەکارناهێنن و خۆیان بە خوێندنەوەیەکی ئاواز ئامێزی قورئان سنووردار دەکەن هەندێکی تریشییان بە تەواوی قەدەغەی دەکەن، لەکاتێکدا سۆفیەکانی ئیسلام و عیرفانییەکان بەکاریدەهێنن، هەندێکیشیان کارەکانییان لەسەر ئەو بنەمایە نووسیوە، وەک (ئیخوان ئەلسەفا)، کە دواتر بە وردی باسیدەکەین.

پێشنیاری ئێستا پەیوەندی بە پرسی قەدەغەکردنی موزیکەوە نییە؛ بۆ نموونە (ئیبنولحەزم) بە مەرجەوە ڕێگەی بە موزیک داوە، بەڵام نەیگوتووە بۆ دەربڕینی ماناکانی خودی ئایین بەکاربهێنرێت، واتە قسەی لەسەر خستنەکاری موزیکی ئایین بۆ خودی ئایینەکە نەکردووە، بەمجۆرە ئەم شرۆڤەیەی ئەو دەکەوێتە دەرەوەی مەودای ئێمە.

ئیسلام و مەسیحییەت

‎پەیوەندی نێوان موزیک و ئایین لە لایەک بە درێژایی ڕێگایەکی پێچاوپێچ و عاسێ پەرەی سەندووە، لە لایەکی دیکەشەوە ڕێگایەکی جیاواز و دیاریگرتووە

ئایین بە گشتی و وەک نموونەش ئایینی ئیسلام بەتایبەتی ئەوەندەی لەگەڵ موزیکدا بەریەککەوتنی هەبووە لەگەڵ هیچ کام لە هونەرەکانیتردا نەیبووە.

هونەری شێوەکاری لە ئیسلامدا لە هونەری خۆشنووسی و نەخشەسازی و تەلارسازیدا دەردەکەوێت و ئەدەبیش لە خودی قورئاندا و لە فەرموودەی پێغەمبەر و فەرموودەی قودسی و شیعری سەرەتای ئیسلامدا دەردەکەوێت، هونەری دینامیکیش، یاخود هونەری جووڵە، جۆرێک لە هاوکاتکردنی نوێژخوێنان لە مزگەوتەکاندا و جووڵەی ئەوانەی کە بە ئاراستەی دژە کاتژمێر بە دەوری کەعبەدا دەسوڕێنەوە دەبینینەوە.

‎ئیسلام هەمیشە، لانیکەم لە زۆربەی عەقیدەکانیدا، هونەری شێوەکاری و ئەدەبیات و هونەری جوڵەی قەدەغە نەدەکرد. هەندێک لە زانایانی ئیسلام جۆرێکی دیاریکراوی ئەو هونەرانەیان قەدەغە دەکرد، بەڵام نەگەیشتنە ئەو ئاستەی کە هیچ کامیان بە تەواوی قەدەغەی بکەن

کەچی دەبینین حاڵەتی موزیک زۆر جیاوازترە؛ هەندێک لەو فوقەهایانە فەتوایەکیان دەرکردووە و بە تەواوی قەدەغەکراویی موزیکییان ڕاگەیاندووە و تەنانەت خوێندنەوەی ئاوازدار بۆ قورئان لەلایەن هەندێک لە فوقەهاکانەوە بە یەکجاری قەدەغە کراوە.

‎ئەم هەڵوێستە سەبارەت بە موزیک تەنها لە ئیسلامدا سنووردار نەبوو، چونکە قەشە (تۆماس ئەکویناس)ی کاسۆلیک فەتوایەکی دەرکرد کە موزیکی لە پیرۆزگای کڵێسادا قەدەغە کرد

لە “سوما تیۆلۆژیا”دا، تۆماس ئەکویناس کە لەگەڵ (ئۆگستین) بەرزترین پێگەی لە هەموو فەلسەفەی مەسیحیەتدا هەیە، لە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئامێری موزيكدا لە پیرۆزگای کڵێسادا دەگاتە بەرزترین پلەی پۆلێنکردن، تەنانەت بە مەبەستی ستایشکردنی خوداشبێت.

‎ئەکویناس پێی وایە نابێت لە ڕێگەی موزيك و گۆرانییەوە ستایشی خودا بکرێت؛ لەو شوێنەی کە ئەمە لەگەڵ پیرۆزییەکەیدا ناکۆکە. موزيك بە توخمێکی نامۆ بە سروشتی پیرۆزی سروودە ئاینییەکان دەزانێت کە دەبێت نەهێڵرێت، بۆ ئەوەی پاکی جەوهەری پیرۆز بپارێزرێت.

بەپێی بۆچوونی ئەو، کاتێک سوپاسی خودا دەکەین، دەبێت بە دڵ ستایشی بکەین، نەک بە زمان یان بە هیچ شێوەیەکی ماددی و جەستەیی. لەم ڕووەوە ئاماژە بە قەدەغەکردنی گۆرانی چڕین لە قوربانگا لەلایەن (گریگۆری) گەورەوە دەکات و ئەکویناس دەشڵێت کە خودا لە پەیمانی کۆن لە ڕێگەی گۆرانی وتنەوە ستایشی دەکرا، بەڵام لە سەردەمی کڵێسادا نابێت لاسایی جولەکەکان بکەینەوە.

‎ستایش لە دڵەوە – بە بڕوای ئەو – لە ستایشکردن بە لێو و زمان باشترە. لێوەکان بەربەستی دڵ لە دڵسۆزی دەکەن و سەرنجی گۆرانیبێژان لە مانا پیرۆزەکە بە قازانجی جوانیناسیی نمایشکردن و وردەکارییەکانی ئاوازەکە سەرقاڵ دەبێت.

لە کۆتاییدا دەقێک لە دانپێدانانی سانت ئۆگستین دەهێنێتەوە بۆ پشتگیریکردن لە دۆسیەکەی. سەبارەت بە ئۆگستین، لە دانپێدانانەکاندا، لە بڕگەیەکی سەرنجڕاکێشدا، ساتەکانی پەشیمانی خۆی دەگێڕێتەوە کاتێک موزیکی دونیایی سەرقاڵیکردووە و بووەتە هۆکاری لە بیرکردنی ستایشە ئاینییەکانی خۆیی و لەئەنجامدا لە ڕێگەی تەقوادا بەسەر “چێژی گوێگرتن”دا زاڵ بووە.

‎موزيك له ئایینی (جوولەکە) و (بودا)ییدا

‎سەبارەت بە ئایینی جوولەکەش، لە “ڕێسپۆنسا”دا بۆمان دەردەکەوێت کە فەیلەسوفی جوولەک موسا بن مایمۆنیدس (١٢٠٤ ز کۆچیکردووە)،

لە ڕووی گرنگییەوە بە فیلۆی ئەسکەندەریە بەراورد دەکرێت.

ئەو دەقە پیرۆزە لە تەلمودەوە دەخاتە ڕوو کە بە تەواوی موزیک و گۆرانی بۆ جولەکەکان قەدەغە دەکات ، جا ئامێرەکان چ لە گۆرانی چڕیندا بەکاربهێنرێن یان سنووردار بە دەنگی مرۆڤەوە بن.

ئەو پێی وایە ئامانج لەم یاسایە پاراستنی پاکیی ڕۆحە لە شەهوەت. بەڵام دووبارە جەخت و ئاماژە بەوە دەکات کە موزیک ڕەنگە بۆ هەندێک کەس سوودی هەبێت، بەڵام تەنها بەو مەرجەی کە موزیکێکی (ڕاست و ڕەوان) بێت.

‎لە ئایینی بودادا، بودا شاگردەکانی لە سروودی جادوویی ئاگادارکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو بە شێوەیەکی تاکەکەسی خۆی لە بەشداریکردن لە نمایشە موزیکییەکان بەدوور دەگرێت.

بەڵام هەڵوێستی دوژمنکارانەی موریدەکانی ئەو بەرامبەر بە موزیک لە ئایینی بودا دوای مردنی ئەو و دوای یەکەم دابەشبوونی گەورە لە ئایینی بودا بۆ سێ مەزهەب: مەهایانا (ڤێکتەری سەرەکی)، هینایانا (ڤێکتەری بچووک) و تێراڤادا (عەقیدەی کۆنەکان)گەیشتە تڕۆپکی بەربەرەکانییەوە.

تێراڤادا موزیکی بە چێژێکی هەستیاری و جەستەیی (دەربڕینێکی نەرێنی لە… ئایینی بودا) دەزانی و کە بوداییەکان دەبێ بە وریایییەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

ترس لە موزیک مرۆڤایەتی و ڕاستەوخۆیی لە هەڵسوکەوتدا

‎زۆرینەی ئایینە گەورەکانی ئەمڕۆ بە تایبەتی بە گومانەوە مامەڵەیان لەگەڵ موزیک کردووە، تا ڕادەیەک – ئەگەر کوالیتییەک نەبێت – کە توندڕەوترە لەوەی لەگەڵ باقی هونەرەکاندا هەیەتی.

هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خودی موزیکەکە. بیرمەندان لەمێژە، هەر لە پێش سۆکرات و لە سەدەی شەشەمی پێش زایین، دەزانن کە موزیک لە چاو هەموو هونەرەکانی دیکە لە دوو تایبەتمەندیدا جیا دەکرێتەوە: لە لایەکدا دروستکراوێکی تەنیای خودی مرۆڤەو لەلایەکیتریشدا بەبێ هەژموونی دەروونی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەستەکان هەیە .

‎موزیک پیشەسازییەکی تەواوی دەسکردی مرۆڤە؛ بە بێ ئەویش لە سروشتدا بوونی نییە. زۆرترین شت کە دەتوانین وەک موزیک لە سروشتدا بیناسین، تۆنی باڵندەکانە، کە ڕەنگە بۆ ئێمە دڵڕفێن و سەرسوڕهێنەر دەرکەون، بەڵام هەرچەندە سەرسوڕهێنەر بن، ئەو دەنگانە نین کە مەبەستمانن. لەبەر ئەوەی موزیک لەسەر چەند تۆنێکی هەڕەمەکی دانەمەزراوە، بەڵکو هونەرێکە بە بە سیستەمێکی زانستی ناسراوە، واتە بە پێچەوانەی هەموو هونەرەکانی دیکەوە لە دۆخێکی ڕێکوپێکیدا دەردەکەوێت.

‎یەکێک لە پێناسەکانی موزیک ئەو دەنگەیە کە نە قسەکردنە و نە ژاوەژاو، واتە دەنگێکی نا زمانەوانی ڕێکخراوە. ئەم سیستەمە تۆناڵییە، واتە مۆد و ڕێکخستنی کات و ڕیتم، بەبێ ڕێکخەرێکی هۆشیاری کاریگەر ناتوانێت لە سروشتدا بوونی هەبێت سەبارەت بە هونەرە سەرەتاییەکانی تر کە پشت بە

ئاوێتەکردنی دوو هونەر یان زیاتر نابەستن، توانای نەوە خستنەوەی خۆبەخۆیان هەیە. تەلارسازی لە شێوەی شانە هەنگ، کریستاڵ، شێوەبەردا، هەیە. فۆتۆگرافی لەسەر بنەمای دیمەنی سروشت دامەزراوە و هونەری دینامیکی لە جوڵەی ڕەوە باڵندە و ماسی و شەپۆل و هەورەکاندا دیارە. ‎ئەدەب، چ شیعر بێ یاخود پەخشانە شیعر، بە ڕێکەوت تەنانەت ئەگەر مەبەستیشمان نەبێت لە قسەی ڕۆژانەماندا دەکاربردراون،. هەندێک ڕستەی خۆبەخۆ بە پێی دێڕەکانی شیعر بە شێوەیەکی سیستەماتیک ڕێکدەخرێن.

 

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.