نووسینی: رێژوان تەها
هونەرگەها وەلات گرووپێکی هونەری ڕۆژئاوای کوردستانە، کە لەپاش شۆڕشی ڕۆژئاوا و هەموو ئەو نەهامەتی و کوێرەوەییانەی بەسەر کوردستان و ئەو پارچەیەی وڵاتدا هات، دەستیانکرد بە کولتوورسازی و ژیاندنەوەی کورد و گەلان، لەڕێگەی هونەر و موزیکەوە. ساڵانێکە چەندین بەرهەمی ناوازەی جۆراوجۆریان درووستکردووە و لەجیهاندا گوێگر و هەواداری تایبەت بەخۆیان هەیە. کارەکانیان لێوانلێوە لە پەیامی مرۆیی؛ کوردبوون، ژیاندۆستی و پێکەوەژیانیان کردووە بە بنەما و لەڕێگەی موزیک و کلیپەکانیانەوە ئەم بابەتانە پێشکەشدەکەن.
یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین کارەکانیان، بەرهەمی “کەزیا سۆرە Kezîya Sor ” کە باس لە کێشە و ئازارەکانی ژنبوون دەکات لەژێر چەپۆکی سیستەمی پیاوسالاری و بەتایبەتتر ئەم سیستەمانەی کە سەدان ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن و لەم سەد ساڵەی دواییدا لەژێر ناونیشانی دەوڵەت-نەتەوەکان و پاشان داعش و ڕێکخراوەجۆراوجۆرەکانی دیکەدا دەرکەوتوون و پەیڕەوکراون.
یەکێک لە بەشەکانی ئەم شاکارە هونەرییە ناوی “ڤەژینە Vejin” کە تێیدا کۆمەڵێک ژنی نیقاب پۆش، نیقابەکانیان فڕێدەدەن و بە پۆشاکی کوردەوارییەوە دەردەکەون. ئەگەر بە ڕوانینی کورت مەودا و بیرێکی تەسکەوە تەماشای ئەم کارە هونەرییە بکەین، ناتوانین لێی تێبگەین و ئەو پەیامانە درک بکەین کە هونەرمەندان ویستوویانە بیگەیەنن. لێرەدا چەند خاڵێک دەخەمەڕوو دەربارەی ئەم بەرهەمە:
١- کاتێک داعش بەدەرکەوت بەشێوەیەکی بەرفراوان و دڕندانە پەلاماری کوردستانیدا، کورد چەندین هەزار قوربانی لەم پێناوەدا دا و هەزاران ژنی کورد ڕفێندران و کران بە کەنیزەک و بۆ مەرامی گڵاویان و خرانە خزمەت بیر و سیستەمی پیاوسالاری ئەم گرووپە تیرۆرستییەوە. لە کۆبانێ و شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ژنان، باوک و برا و مێردەکانیان دەکوژران و خۆیان دەبوونە بووکەڵەی بەردەستی بکوژی خانەوادەکانیان و ڕۆژانە لەسەر سیسەمی ئەم دڕندانە دەسترێژییان دەکرایە سەر. لەباشووری کوردستانیش لە شەنگال، لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ کاتێک ئەم شارە دێرینە کوردییە داگیرکرا، دوو هەزار و ٨٥٥ کەس کوژران کە زیاتر هەزار و ٢٦٢ کەسیان ژن بوون، شەش هەزار و ٤١٧ کەسیش رفێنران کە سێ هەزار و ٥٤٨ کەسیان ژن بوون. ئەم ژنانە ئێزدی بوون، کەچی دەبوو نیقابی ئەم گرووپە بپۆشن و حاشا لە کولتوور و ئایین و بیروباوەڕ و تەنانەت جەستەی خۆشیان بکەن و بیخەنە خزمەت ئەو تیرۆرستانەوە.
بۆیە کاتێک ئازاددەکران لەلایەن پێشمەرگە و شەڕڤانانەوە بەوپەڕی تامەزرۆیی و شادییەوە نیقابەکانیان فڕێدەدا بەو جۆرەی کە لەو کلیپەدا نمایشی ئەو دیمەنانەیان پیشانداوین.



٢- لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا چەند دەیەیە، بەزۆر و بەبێ ویستی تاکەکەسی ژنانی گەل و ئایینە جیاوازەکان بە زۆر و بەبێ ویستی خۆیان لەژێر پۆشاکێکی دیاریکراودا کە حکومەت حەزی پێیەتی و پێی باشە، خۆیان دەپۆشن و هیچ ویست و ئازادییەکی کەسی و ڕێزگرتنی لە ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەکان پێوەدیارنییە.
ڕاستییەکە ئەمەیە کە هەروەک چۆن بۆت نییە کەسێک سەرپۆش بکات، پێی لابەریت و خۆت ستایلێکی جل و بەرگ و ژیانکردنی بۆ دیاریبکەیت؛ بەهەمان شێوە بۆشت نییە کەسێک نەیەوێت سەرپۆش بکات، بەزۆر بیکەیتە سەری، ئیدی لەژێر هەر ناو و ناونیشانێکدا بێت.
٣- بابەتەکە گوزارشتییە، نیشاندەری گۆڕانکارییە لە سەردەمێکەوە بۆ یەکێکی دی، کە ئیدی ژنانیش دەکەونە سەر پێیەکانیان و چارەنووسی خۆیان دیاریدەکەن، هاوشێوەی ڕۆژئاوای کوردستان کە ژن، حیزب و ڕێکخراو و گرووپی تایبەت بەخۆی هەیە و خۆی پەروەردەدەکات و بەرگری لەخۆی دەکات، تەنانەت توانای ئەوەی هەیە کوردستانیش ئازادبکات و دوژمن تێکبشکێنێت. هەربۆیە بەرهەمەکە نیشاندەری کێشە و ململانێ هەزارساڵەکانی نێوان کولتووری دایک و پیاوسالارییە!
٤- هونەر ئازادە و سنوورەکان دەشکێنێت، بۆ ئەوەی لە کارێکی هونەری تێبگەیت نابێت داوا لە هونەرمەندەکە بکەیت کارەکانی ئاسانبکات بۆ ئەوەی لە ئاستی بیر و تێگەیشتنی تۆدابێت؛ تۆ توانای ئەوەت هەیە خۆت ڕۆشنبیربکەیت و گەشەبکەیت، تا بتوانیت لە کارە هونەرییەکانی لەم شێوەیە تێبگەیت. ئەم بەرهەمە تەنها بەرهەمێکی سەرپێیی و بۆ کاتبەسەربردن و چێژوەرگرتن نییە، بەڵکو پڕە لە مانا و پەیامی جیاواز. بۆیە لە یەک لایەنەوە تەماشای بابەتەکە بکەیت، بە هەڵە لێی تێدەگەیت. لانیکەم دەبێت لە مێژووی میزۆپۆتامیا، قوتابخانە هونەرییەکان، ژنۆلۆژی، مێژووی پیاوسالاری و ئایینەکانی ناوچەکە شارەزاییت هەبێت ئینجا بێیت لێکدانەوە و ڕەخنە لە بەرهەمێکی لەم شێوەیە پێشکەشبکەیت.
٥- هونەرگەها وەلات چەندین بەرهەمی جیاواز و جۆراوجۆری هەیە، کە لەباشووری کوردستانیش ساڵانێکە گوێگر و هەواداریان زۆرە. بەڵام پاش ئەم دژایەتییەی چەند ڕۆژێکە بەرامبەریان دەکرێت، لەپاش کۆنسێرتی زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی، هونەرگەها وەلاتی بردە هەموو ماڵەکانی باشووری کوردستان و بگرە عێراقیشەوە. ئێستە کەم کەس هەیە ئەم گرووپە نەناسێت و بەدوای کارەکانیاندا نەگەڕابێت. کەواتە ئەم دژایەتی و قسانەی لەسەر ئەم گرووپە هونەری و ئەم بەرهەمە کران، زیاتر بەناوبانگی کردن و هەوادارێکی زیاتری لەدەور کۆکردنەوە.
ئەم بەرهەمەی هونەرگەها وەلات دەیەوێت خراپی و کێشەکانی ئەم سیستەمەمان پیشانبدات و ڕاستییەکان لەڕێگەی هونەرەوە بەدەربخات. بەشێک لەو ئەندامانەی لەناو هونەرگەها وەلاتن، خۆیان سەرپۆش ئەکەن و موسوڵمانن. هاوشێوەی دایکان و ژنانی دیکەی کورد، کە سەدان ساڵە سەرپۆش دەکەن و پەیڕەوکاری ئایینی ئیسلامن. بەڵام سەرپۆشێک کە تەواو کوردییانەیە لە شێوەی هەوری، یاخود سەرپۆشێکی سپیدا بووە.
کەواتە ئەم کولتوور و نەریتەی کە لە بەرهەمی کەزیا سۆردا باکراوە، دژایەتی ئیسلام و پۆشتەیی ژنان و دایکانی کورد نییە، بەڵکو دژ بەو کولتوورە سەپێنەر و پاوانخوازەیە کە گەلان دەخەسێنێت و ئازادی و بابەتە تاکەکەسییەکان قۆرغ دەکات. ئەو دژی ئەو نیقابەیە کە داعش و هاوشێوەکانی دەیسەپێنن و هێناویانە، دژی ئەو بابەتانە نییە کە لە هەناوی کوردەوە هەڵقوڵاون، یاخود هەماهەنگن لەگەڵ مێژوو و کولتووری کوردەواری.
