" type="text/css" > Skip to main content

رێژوان تەها

کات شتێک نییە تەنها بۆ بەڕێکردن، شتێکە کە تۆ بونیاد دەنێت یان بەرەو هەڵدێرت دەبات. زۆر کەس لە ڕاستیدا کاتیان کەم نییە، بەڵکو لە ماندوبوون و هەوڵدان  لە ئاراستەیەکی هەڵەدا لەدەستی دەدەن بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەن. کەواتە کێشەکە لە هەوڵدان نییە، بەڵکو هەوڵدانە لەسەر رێگە هەڵەکە.

ئەم بابەتە یارمەتیت دەدات بزانیت کات لەچیدا بەفیڕۆ دەچێت و چۆن وزەت بەرەو ڕێگایەکی مانادار ئاڕاستە بکەیتەوە.

١. تەڵەی شاراوە: سەرقاڵی بەبێ دیسپلین

یەکێک لە گەورەترین وەهمەکان سەرقاڵبوونی بێ بەرنامە و تێگەیشتنە. دەتوانیت بە درێژایی ڕۆژ کار بکەیت و لەهەمووان ماندووتربیت، هێشتا هەنگاوێکیش بەرەو سەرکەوتن نەنێیت.

سەرقاڵبوون زۆرجار هەستێکی خۆشت پێدەبەخشێت، هەستکردن بەگەیشتن ئامانجت پێدەبەخشێت. بەڵام ئەگەر کردارەکانت پەیوەست نەبوون بە ئامانجێکی ڕوونەوە و لەسەر رێگەیەکی دیاریکراو نەڕۆیت، ئەوا تۆ تەنها لە شوێنی خۆیدا دەسوڕێیتەوە و بەرەو هیچ کوێیەک ناچیت.

دەبێت نیازت هەیە بەرەو کام دورگە بچیت، کەشتییەکەت روو لەوێبێت.

ڕۆژانە لە خۆت بپرسە:

* ئایا ئەم هەوڵانەم لەخزمەت ئامانج و خەونە گەورەکەمە؟

* ئایا ئەم راهێنان و خوێندنەوەیە نزیکترم دەکاتەوە لە ئامانجەکەم؟

ئەگەر وەڵامەکە ڕوون نەبێت، ئەوا پێدەچێت رۆژانە تەنها کات بەفیڕۆ بدەیت.

٢. پێناسەکردنی ئاراستەیەکی ڕوون (نەک تەنها ئامانج)

ئامانج گرنگە، بەڵام ئاراستە بەهێزترە.

ئامانج واتە: “دەمەوێت سەرکەوتوو بم”.

ئاراستە واتە: “من خەریکم دەبمە ئەم جۆرە کەسە”.

تێگەیشتن و ناسینی ئاراستەکەت، هەوڵەکانت بەهادار دەکات و کۆمەکت دەکات لەناسینی خۆت و کردارەکانت.

٣- دەرفەتی دوژمنانە!

هەموو دەرفەتێک بۆ تۆ باش نییە.

هەندێک شت بەسوود، ورووژێنەر، یان زۆر گرنگ دەردەکەون؛ بەڵام لە رێگەی سەرەکیت دوورت دەخەنەوە. ئەمەش یەکێکە لە مەترسیدارترین رێگەکانی بەفیڕۆدانی کات.

ئەگەر دەرفەتێک هاتەپێش، بەڵام لەخزمەت ئاراستە و ئامانجەکەتدا نەبوو، وێڵی بکە و سەرنجت بخەوە سەر ئەو بابەتەی دەتەوێت تێیدا سەرکەوتووبیت. چاوەڕوانی دەرفەتەکانی ئەو بوارەبە.

٤. فێری راشکاوی بە و  بڵێ “نا”

کات بە سنوور پارێزراوە. ئەگەر بە هەموو شتێک بڵێیت “بەڵێ”:

* تەرکیز و سەرنج لەدەست دەدەیت

* وزە لەدەست دەدەیت

* ئاراستەکەت تێکدەچێت

وتنی “نا” ڕەتکردنەوە نییە، پاراستنی داهاتوو و تایبەتمەندییەکانتە.

٥. بیرکردنەوە: سیستەمی چاکسازی ژیان

تەنانەت باشترین پلانەکانیش دەتوانێت بە هەڵەدا بڕوات. ئەوەی ڕێگری دەکات لە بەفیڕۆدانی کات بۆ ماوەیەکی درێژ، ڕەنگدانەوەی ڕۆژانەیە.

لە کۆتایی هەر ڕۆژێکدا پرسیار بکە:

* چیم بە باشی کرد؟

* کاتم لەهیچدا بەفیڕۆدا؟

* هەنگاوێک نزیکبوومەوە لە ئامانجەکەم؟

*ئایا لەسەر ئاراستەکەمم؟

ئەم خووە ڕێگریت لێدەکات کە بە ئاراستەی هەڵەدا بڕۆیت و دەتگەڕێنێتەوە سەر ئاراستە درووستەکەی ژیانت.

٦. تەڵەی هەست و هەڵچوونەکان

هەندێک جار کێشەکە پلاندانان نییە، هەست و سۆزە.

تەڵە باوەکان:

* ترس لە شکست = دوورکەوتنەوە لە کاری گرنگ

* بێمتمانەیی = بەجێهێشتنی شتەکان بۆ کەسانی تر و خۆدزینەوە

* پێرفێکتبوون = دەستەوەستانی و جوڵەنەکردن

٧. تەنها هاندان نا، دروستکردنی سیستەمێک

پاڵنەر و هاندان کاتییە. سیستەمەکان جێگیر و هەمیشەیین.

لەبری ئەوە:

* دروستکردنی ڕۆتینێک

*دروستکردنی پلانی (رۆژانە،هەفتانە، مانگانە…..)

* بڕیار لەسەر ئەولەویەتەکانت بدە

ئەمەش ماندوێتی بڕیاردان و ونبوون ناهێڵێت و کاتەکانت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەپارێزێت.

٨. ژیانت لەگەڵ ناسنامەکەتدا ڕێکبخە

بەهێزترین ڕێگە بۆ دوورکەوتنەوە لە بەفیڕۆدانی کات، ڕێکخستنی ناسنامە. کاتێک ناسنامە ڕوون بێت، رێگە هەڵەکان ئیتر سەرنجڕاکێش نابن.

خۆت یەکلایی بکەوە دەتەوێت (کێ بیت؟ چی بیت؟ چۆن بیت؟ لەکوێ بیت؟)

بەفیڕۆدانی کات هەمیشە دیار نییە، زۆرجار هەست دەکەیت هەرگیز کاتت بەفیڕۆنەداوە. چەرەسەرەکە ئەوەیە کە بوەستیت و بیربکەیتەوە، رۆژانە پرسیار لەخۆت بکەیت کە خەریکی چیت و بەرەو کوێ دەچیت؟

کەسێک کە ئاراستەی خۆی بزانێت دەتوانێت بە هێواشی بڕوات و بگاتە دەسکەوتی مەزنیش.

مرۆڤی بێ ئاڕاستە دەتوانێت بە خێراییش هەنگاوبنێت و هەر بە ونبوو بمێنێتەوە.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان