" type="text/css" > Skip to main content

شێنێ تالیب

لە ناو جەرگەی شاری سلێمانی و لە سەردەمێکدا کە دەنگی ژن و كردارەكانی لە ژێر چاودێری توندی دابوونەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا بوو، گرووپێک لە ژنان و كچانی بوێر بڕیاریان دا دیواری بێدەنگی بشكێنن و (تیپی مۆسیقای ئامادەیی سلێمانی كچان) دروست بكەن.

تیپی مۆسیقای ئامادەی سلێمای كچان بۆ پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا تەنها تيپێکی هونەری نەبوو، بەڵکو بزووتنەوەیەکی مەدەنی بوو بۆ سەلماندنی بوونی ژن لە کایەی گشتیدا، ئەم کچانە بە چوونە سەر تەختەی شانۆ دیواری ترس و شەرمیان شكاند، ئەوان نەک تەنها لە ناو قوتابخانەکەی خۆیان، بەڵکو لە چەندین بۆنە و ئاهەنگی جیاوازدا بەشدار بوون و بوونە هەوێنی ئەوەی کە خەڵکی شار دیدگایان بۆ هونەری ژنان بگۆڕێت. پەنجا ساڵ لەمەوبەر بوونى ئەو كچانە لەسەر شانۆ؛ تەنها مۆسيقاژەندن يان گۆرانيگوتن نەبوو، بەڵكو پەیامی یاخیبوون بوو دژی كۆسپە كۆمەڵایەتى و سياسييەكان.
كتێبی (تیپی مۆسیقای ئامادەیی سلێمانی كچان) وەك یەكەم تیپی مۆسیقای كچان لە مێژووی شاری سلێمانیدا، باس لە مێژووی دورستبوون و بەرهەمەكانی ئەم تيپە دەكات.
ڕۆژێكی ساڵی ١٩٧٥خاتوو گوزیدە قەفتان بەڕێوەبەری ئامادەيى سلێمانى كچان، لەگەڵ مامۆستایانی قوتابخانەكە باس لە تيپێكی مۆسیقا دەكات و دەڵێت پێم باشە تيپێكی مۆسیقا لە نێو خوێنكارەكاندا دروست بكەین. هەر ئەو كاتە و لە و ڕۆژەدا هەریەك لە مامۆستایان (كافییە سلێمان، نەرمین خالید، گوڵشەن نوری، ئەختەر نەجمەدین، ڕوناك علی) پشتگیرى بیرۆكەكە دەكەن و جگە لەوەی خۆیان دەبن بە ئەندامی تيپەكە، لەگەڵ خاتوو گوزیدە هاوكار دەبن بۆ ڕازیكردنی خێزانی ئەو خوێندكارە كچانەی كە حەزیان كردووە ببنە ئەندامی تيپەكە.
تيپەكە دروست دەكرێت و پەیوەندی بە بەشی چالاكی قوتابخانەكانەوە دەكرێت بۆ ئەوەی مامۆستاى هونەريان بۆ بنێرن بۆ پرۆڤەكردنی فێرخوازان. مامۆستا (خالید سەركار و مامۆستا فەرەیدوون دارتاش) ئەو دوو مامۆستایە دەبن كە ڕادەسپێردرێن سەردانی قوتابخانەكە بكەن، كاتێك مەبەستەكەیان پێدەوترێت پێیان سەیر دەبێت، تيپێكی مۆسیقا هەمووی كچ بێت! بەڵام ئیدی ئەوان دێنە قوتابخانەكە و بۆ ماوەیی چەندین ڕۆژ بەو ئامێرە كۆنانەی كە لە قوتابخانەكە هەن و ئەو ئامێرانەشی مامۆستاكان خۆیان پەیدایان كردوون، وانەی موزیك بە تيپەكە دەڵێنەوە و پرۆڤەيان پێ دەكەن.
دوای چەندین ڕۆژ لە ئامادەكاری و ماندووبوون ئەم تيپە لە ڕۆژی ٩/ ١٢/ ١٩٧٥ لە هۆڵێ خالیدیە لە كۆنسێرتێكدا بەجلی كوردییەوە بۆ ناساندنی تيپەكەیان لە بەردەم ژمارەیەكی بەرچاو لەخەڵكی شاری سلێمانی و لە نێو ئاپۆرای چەپڵە ڕێزاندا چەندین، ئاوازی ڕەسەنی كوردی و سروودی نیشتمانی پێشكەش دەكەن. ئەوەی شانۆكە جوانتر دەكات ئەوەیە یەك پیاو لەسەر ستەیجەكە نییە، هەرچەندە مامۆستایانی تيپەكە پیاو بوون، بەڵام لەبەر بوونی توانای گروپەكە و بە ئامانجێكی ژنانە و بیستنی دەنگ و ڕەنگی ژن بڕیار دەدەن نەچنە سەر ستەیج. دیمەنی تيپێكی كچان كە خۆیان عەزف دەكەن و گۆرانی دەڵێن جێگەی سەرسامی بووە، هەربۆیە ژمارەى ئامادەبووان هێندە زۆر بووە، لەناو هۆڵەكە جێگەیان نەبووەتەوە، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ كۆنسێرتەكە بەردەوام بووە.
لەبەرئەوەی ئەم تيپە لە کاتێکدا دەستیان بە کاركردن کردووە، کە ژینگەی سیاسی عێراق و کوردستان ئاڵۆز بووە و کارەکانی ئەوانيش تەنها گۆرانی و مۆسیقا نەبووە، بەڵكو سروودی نیشتمانیش بووە. بۆ ئەوەى ناچار نەبن لە بۆنەكانی حیزبی بەعسدا بەشدارى بكەن، لە ساڵی ١٩٧٨ كۆتاييان بە كارەكانيان هێناوە و تيپەكەيان هەڵوەشاندووەتەوە.
بیرۆكەی كۆكرنەوە و دۆكيۆمێنتكردنی ئەزموونی ئەندامانی ئەم تیپە و بەچاپ گەياندنى لە دوو توێى ئەم كتێبەدا، دەستپێشخەری خاتوو (كافییە سلێمان)ە، كە وەكوو مامۆستايەكى گيتارژەن لە تيپى مۆسيقاى ئامادەيى سلێمانى كچان بەشدار بووە و ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرى تيپەكە بووە، ئێستاش یەکێکە لە ژنە پێشەنگ و دیارەكانی بزووتنەوەی خەباتی ژنان لە کوردستان.
ئەرشیفكردنی ئەم چیرۆكە مێژوویيە پێمان دەڵێت چیتر چیرۆكی (تیپی مۆسیقای ئامادەی سلێمانی كچان) تەنها چیرۆکێكی سەرزارەكی ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان نییە، بەڵکو بەڵگەیەکە كە لە ناو ڕەفەی کتێبخانەکاندا هاوار دەکات ژنی کورد هەمیشە هەبووە، پێشەنگ بووە و بێدەنگ نەبووە.
كتێبەكە لە لایەن هاوڕێی ئازیزم (كاك عەتا حەمەساڵح) ئامادە كراوە… دەستخۆشی لێ دەكەم بۆ ئەم كارەى.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.