نووسينی: مير ئەكبەر كەريم
ئەلبوومى مێژوويی شار يەكێك لە بەرهەمە ديارەكانى هونەرمەند عەدنان كەريمە كە لە ساڵی 2022 تۆمارى كرد و بڵاوى كردەوە، ئەم ئەلبوومە لە دوو گۆرانى ماوە درێژ پێكهاتووە باس لە ڕووداوێكى پڕ مەرگەساتی شاری سلێمانى دەكات، كە نامەیەكە لە نێوان دوو شاعيرى ئەو سەردەمەى كورددا، نامەكە لە لایەن (نالی)يەوە دەنووسرێت و چەند پرسيارێكى لەبارەی سلێمانییەوە كردووە كە ئەودەم نالی لە شام نيشتەجێ بووە و (سالم)ى شاعيريش لە شارى سلێمانى بريندارەوە و لە ناو جەرگەى رِووداوەكاندا وەڵامى پرسيارەكانى نالى دەداتەوە.
ئەم دوو نامە شيعرييە لەنێو مێژووى ئەدەبياتى كورديدا زۆر بەناوبانگە و ناسراوە بە (چامەكەی نالی و وەڵامەكەی سالم)، هونەرمەند عەدنان كەريم لە ساڵی 2006 بۆ یەكەمين جار بە شێوەى كۆنسێرتى رِاستەوخۆ چامەكەى نالى پێشكەش كرد و پاش ساڵانێك لەم ئەلبوومەدا بە هەندێك دەستكارييەوە نامەکەى نالى دووبارە كردەوە و وەڵامەکەی سالميشی تۆمارکرد، ئەم ئەلبوومە لەلايەن موزيسيانى كورد كارزان مەحمودەوە كارى موزيكی بۆ كراوە و ڕابەرى ئؤركێستراى نيشتيمانى چیكی كردووە بۆ تۆماركردنى موزيكەکە.
ئەلبوومى شار يەكێك لە هەرە گرنگترين و زانستيترين و ئەكاديميترين بەرهەمە هونەرییە كوردييەکانە و لە پاشەڕۆژیشدا شايەنى ئەوەیە لێکۆڵینەوە و كارى زۆرترى لەسەر بكرێت، چەندين لايەنى گرنگ لەم ئەلبوومەدا هەن لێرەدا دەیانخەینە ڕوو:
ـ سەربارى ئەوەی ئەم بەرهەمە فۆرمێکى هونەرییە، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە تۆماركردن و ئەرشيفكردنى رِووداوێکى مێژوويی كە بەسەر شارێکى كوردستاندا هاتووە. لەڕێی گۆرانييەوە بەسەرهاتێکى كورديمان بۆ زيندوو دەكاتەوە و سەرلەنوێ دەیژیەنێتەوە، واتە تەنها گۆرانييەکی ئاسايی نييه بەڵكو سەرگوزشتەیەکى تراژیدی و خەمناك دەگێڕێتەوە و وێنا و يادەوەری رِووداوەكان له هەستى گوێگردا دروست دەكات.
ـ دەتواندرێت وەك ئامرازێك بەكاربهێنرێت بۆ پێدانى زانيارى و بەرزكردنەوەی ئاستى ڕۆشنبيرى نەتەوەيی لاى تاك، يان وەك كەرەستەیەکى كاريگەر بۆ فێربوون، وێڕاى ئەوەى گوێگرەکە گوێ بۆ گۆرانییەک ڕادەگرێت هاوكات زانيارى مێژووييش وەردەگرێت و ئاستی هۆشياريی زياد دەکات.
ـ ئەلبوومەکە ناوى چەندين شوێن و جێگاى كوردستانى تێدایە، باسكردنى ئەم ناوچانە وەك (شيوە سوور، سەرچنار، بەکرەجۆ، خاكوخۆڵ، سلێمانى، شارەزوور، پردى سەرشەقام، پیر مەسوور، شێخ هەباس، كانى ئاسكان، تانجەڕۆ، خانەقا و گردى سەيوان)، گرنگییەکی بەرچاوی هەیە بۆ ناساندنى كوردستان لەڕێگای هونەرەوە، بە شێوەیەکى گشتيش ناوهێنانى شوێنى جوگرافی لە تێكستى ئەدەبی و گۆرانيدا زيندوويەتی بە بەرهەمەکە دەبەخشێت، هەروەها خۆشەویستى لاى گوێگر دروست دەكات به بينين و سەردانیكردنى ئەو جێگایانە.
ـ بينين و تێڕوانينی هزرى (دروستكردنى وێنە و خەیاڵ) لە گوێگردا بنياد دەنێت، گوێگر وێناى ستەم و جگەرسووتان و دۆخى شار و گريانى دايكان و تێکچوونى ئاساييشى خەڵک دەكات، هاوكات ميلۆدييەكانيش بەپێی هەڵچوون و داچوونى رِووداوەكان خەمگين دەبن و بەپێی ئازار و برينەكانى ناو شيعرەكان ئاوازی گۆرانییەکە ئارِاستە وەردەگرێت.
ـ له لايەنى ژانرى گۆرانى كوردييەوە نوێگەرييەكى زۆر جياواز و بەجێیە، چونکە بەشێوەکی گشتى گۆرانى كوردى زياتر لايەنى دڵدارى و خۆشەويستى و ئەويندارى تێدایە، بۆیە ئەم ئەلبوومە خزمەتێكى گرنگ دەكات بە دەوڵەمەندكردنى ژانرە جياوازەکانى گۆرانى كوردى.
ـ هەروەها لەڕووى ماوەى گۆرانییەوە جياوازە لە ماوەى گۆرانییە باوە كوردييەکانى ديكە، لێرەدا گوێگر ڕۆشنبيرى گوێگرتنى بۆ بەرهەمی هونەریی جياواز زياد دەكات و فێر دەبێت كە چۆن لە بەرهەمێکى ماوە درێژی هاوشێوەى ئەم ئەلبوومە ورد ببێتەوە و لێی تێ بگات، سەربارى ئەوەى بۆ چێژوەرگرتن گوێ دەگرێت لە هەمان كاتيشدا فێردەبێت.
ـ لەڕووى هونەرييەوە بەرهەمێکى زۆر دەوڵەمەندە چونکە چەندين پەیژە و مەقامى جياواز دەگۆڕێت و ئەمەش لە هونەرى كورديدا بە كەمى هەبووە و ئەم بەرهەمە بەڕاستى هاوشانى ئەو بەرهەمانەیە کە لە نەتەوەی عەرەبدا لە گۆرانييەكانياندا (تحويل)ێکى زۆرى تێدايە، ئەو پەیژە موزيكييانەى لەم بەرهەمەدا هەن بريتين لە (حيجاز، بەيات، دەشت، حيجازكار، عەجەم، هومايۆن و نەهاوەند).