رێژوان تەها
فرانز شوبێرت Franz Schubert (١٧٩٧-١٨٢٨) یەکێک بوو لە گرنگترین کۆمپۆسەرانی سەرەتای سەردەمی ڕۆمانتیک، بە گۆڕینی هەستی کەسی و شیعر بۆ موزیک ناسراوە. هەرچەندە تەنها ٣١ ساڵ ژیاوە، بەڵام کاریگەرییەکانی لەسەر موزیکی ڕۆژئاوا زۆرە.
شوبێرت بە تایبەتی بە گۆرانییە هونەریەکانی (Lieder) بەناوبانگە. زیاتر لە ٦٠٠ گۆرانی ئامادە کردووە، کە تیایاندا پیانۆ تەنها بۆ هاوشانی نییە، بەڵکو هاوبەشێکی سۆزداری و ڕاستەقینەیە بۆ گۆرانییەکە. بەرهەمەکانی وەک ئێرلکۆنیگ Erlkönig و گرێچن ئەم سپینراد Gretchen am Spinnrade نیشان دەدەن کە چۆن موزیک دەتوانێت دراما و ترس و خۆشەویستی و حاڵەتە دەروونیەکان دەرببڕێت.
شوبێرت بە پێچەوانەی زۆرێک لە کۆمپۆسەرانەوە لە ماوەی ژیانیدا ناوبانگێکی زۆری نەبوو. بە شێوەیەکی بێگەرد و سادە دەژیا و تەنها هاوڕێکانی پشتگیرییان دەکرد. ئەو بە گەنجی مرد. دوای مردنی، جیهان هێدی هێدی وەک ئەویان ناسی و ناوبانگی پاش مردنی بە جیهاندا بڵاوبووەوە.



