" type="text/css" > Skip to main content

نووسینی: رێژوان تەها

دۆمێنیکۆ سکارلاتی Domenico Scarlatti ( ١٦٨٥ – ١٧٥٧ ) یەکێک بوو لە کۆمپۆسەرانی قۆناغی بارۆک، لە ناپۆلی Naples لە خێزانێکی موزیسیان لەدایکبووە. کوڕی کۆمپۆسەری بەناوبانگی ئۆپێرا ئەلیساندرۆ سکارلاتی Alessandro Scarlatti بووە، شەشەم منداڵی ناو ١٠ خوشک و برابوو.

حەز و بەهرە موزیکییەکانی سکارلاتی زوو دەرکەوت؛ بۆیە لەمنداڵییەوە لەژێر دەستی باوکیدا خوێندی و فێری موزیک بوو. دواتر لەگەڵ مامۆستاکانی تر لە ناپۆلی و ڤێنیس، لێهاتووییەکانی لە ئامێری هارپسیکۆرد و ئۆرگان پەرەپێدا و لە بیستەکانی تەمەنییەوە لە کڵێسا و کۆشکەکاندا موزیکی دەژەند و بەهرە موزیکییەکانی پێشکەشدەکرد.

لە ساڵی ١٧٠٩دا گەشتێک بۆ ڕۆما دەکات و لەوێ دەچێتە خزمەت کاردیناڵ ئۆتۆبۆنی Cardinal Ottoboni و لەگەڵ هونەرمەندانی گەورەی قۆناغی باڕۆک، وەک جۆرج فریدریک هاندڵ ئاشنا دەبێت. دەگوترێت کە لە هەمان ساڵدا سکارلاتی و هاندڵ لە پێشبڕکێیەکی بەناوبانگی هارپسیکۆرددا بەشداربوون و ڕکابەربوون، ڕکابەرییەکی دۆستانە و هونەری، کە سکارلاتی لایەنە تەکنیکییەکانی لە ژەنیندا زۆر بەباشی لەوێدا پێشکەشدەکات.

دوای وەرگرتنی پلە و پۆستە جیاوازەکان لە ئیتاڵیا، چارەنووسی سکارلاتی گۆڕا، کاتێک لە ساڵی ١٧١٩ پۆستێکی لە پورتوگال وەرگرت وەک مامۆستای موزیک بۆ شازادە ماریا باربارا Maria Bárbara. دواتر شازادە هاوسەرگیری لەگەڵ پادشا فێردیناندی King Ferdinand VI  ئیسپانیا دەکات و سکارلاتیش لەگەڵیدا دەڕوات بۆ شاری مەدرید و تا کۆتایی تەمەنی لەوێ ژیان لەوێ بەسەردەبات.

سکارلاتی بەهۆی ٥٥٥ سۆناتای کیبۆردەکەیەوە، هەمیشە ناوی لەناو دونیای موزیکدا دەمێنێتەوە، زۆربەی ئەم سۆناتایانە بۆ ئامێری هارپسیکۆرد نووسراون. بە پێچەوانەی کار و کۆنتراپۆینتە ئاڵۆزەکانی یۆهان سباستیان باخ، سۆناتاکانی سکارلاتی بە شێوەیەکی گشتی سادەتر و پارچەی کورت و یەک جووڵەن لە فۆڕمی باینەری binary form.

سکارلاتی لە ماوەی ژیانیدا، سەرەڕای گەڕان و مانەوەی لە ناوچەجیاوازەکانی ئەوروپا، هەرگیز ناوبانگێکی بەربڵاو و نێودەوڵەتی وەک باخ و هاندڵ بەدەست نەهێنا. چونکە نە کۆمپۆسەرێکی گەورەی ئۆپێرابوو وەک باوکی، نە وەک باخ بلیمەتبوو لە داڕشتن و دروستکردنی موزیکدا؛ بەڵام وەک شاعیری کیبۆرد بوو و ٥٥٥ سۆناتاکەی بۆ کیبۆرد ئاماژەی دەرکەوتنی قۆناغی کلاسیکن و ئیلهامبەخش بوون بۆ بەشێک لە کار و داهێنانەکانی قۆناغەکانی دواتر بەتایبەت لای مۆزارت و هایدن.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان