رێژوان تەها
بەدرێژایی مێژوو هەرگیز موزیک تەنها بۆ کاتبەسەربردن نەبووە. هێزێکی گەورە بووە کە توانای داڕشتنەوەی عەقڵەکان و یەکخستنی مرۆڤەکان و بزوێنەری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیی بووە. لە سروودە کۆنەکانەوە تا گۆرانییە شۆڕشگێڕییە مۆدێرنەکان، موزیک هەمیشە ڕۆڵێکی سەرەکی لە شۆڕشەکاندا گێڕاوە. گڕ و تینی بزووتنەوەکان، دەرخەری ناڕەزایەتییەکان و پەروەردەکاری هاودەنگی و یەکڕیزی بووە لەنێو ئەوانەی بەدوای گۆڕانکاریدا دەگەڕێن و بەرخۆدان دەکەن.
موزیک وەک دەنگی گەل
لە قۆناغەکانی ستەمدا، موزیک دەبێتە دەنگی بێدەنگەکان. گۆرانی و سروودە شۆڕشگێڕییەکان پەیامگەلێک دەگەیەنن کە ڕەنگە زۆر کاریگەرتربن زیاتر لەوانەی بە دەنگی بەرز قسە دەکەن. موزیک باشتر دەتوانێ هیوا، توڕەیی، خۆڕاگری و حەسرەتی ئازادی دەرببڕێ. بۆ نموونە: لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسادا گۆرانییەکانی وەک “ La Marseillaise” ڕۆحی خەبات و داواکارییەکان بۆ ئازادیی نیشاندەدا و بووە هاوارێک بۆ کۆکردنەوەی هەمووان پێکەوە. بە هەمان شێوە لە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمریکادا، گۆرانییەکانی وەک: “We Shall Overcome”، بوێری و یەکڕیزییان بۆ ئەو کەسانە دروستدەکرد کە لە پێناو یەکسانیدا خەباتیان دەکرد.
موزیک وەک هێزی بێهێزەکان
یەکێک لە لایەنە بەهێزەکانی موزیک توانای کۆکردنەوەی مرۆڤەکانە. گۆرانییەک کە هەزاران کەس دەیڵێنەوە دەتوانێت هەستی کۆمەڵایەتی و ئامانجی هاوبەش دروست بکات. لە کاتی شۆڕش و بەرەنگارییەکاندا ئەم یەکگرتووییە زۆر گرنگە. موزیک دەتوانێت دابەشبوونی چینایەتی و ڕەگەز هەڵبوەشێنێتەوە و ناسنامەیەکی بەکۆمەڵ لە نێوان شۆڕشگێڕەکاندا دروست بکات. لە باشووری ئەفریقا، گۆرانییەکانی دژە ئاپارتاید Anti-Apartheid، هاودەنگیی نێوان پێکهاتە ستەملێکراوەکانیان بەهێزتر کرد و هۆشیاری نێودەوڵەتی و جیهانیان بۆ خەباتەکەیان بەرزکردەوە.
موزیک وەک پاڵنەری ئەخلاق
شۆڕشەکان تەنها شەڕی ئایدۆلۆژیا نین، بەڵکو تاقیکردنەوەی بەرگەگرتن و ئازایەتی و بەرەنگارین. موزیک وەک سووتەمەنی هەستەکان کاردەکات، ئەخلاق و ئیلهامبەخشە بۆ کردار و جوڵەکان. دەتوانێت وزە بە قەرەباڵغییەکان بدات، هێزیان پێبدات بۆ ڕێپێوان، ناڕەزایەتی دەربڕین، یان بەرەنگاربوونەوەی ستەم. ئەم کاریگەرییە دەروونییە ناتوانرێت بە کەم سەیر بکرێت، ترس دەگۆڕێت بۆ بوێری و نائومێدی بۆ ئیرادە.
موزیک وەک تۆمارێکی مێژوو
موزیکی شۆڕشگێڕی: یادەوەری بەرخۆدان و خەباتەکان دەپارێزێت و ئەرشیفیان دەکات. گۆرانییەکان: چیرۆکی بەرخۆدان لە دەروونی نەوەکان و سەردەمەکاندا هەڵدەگرن، لەڕێگەی موزیکەوە هەوڵ و قوربانیدانەکان لەبیرناکرێن. دەبنە بەڵگەنامەی مێژوویی، نەوەکانی داهاتوو دەربارەی نادادپەروەری و بوێری و ئارەزووی گۆڕانکاری پەروەردەدەکەن و چیرۆکەکانیان بۆ دەگوێزنەوە. لە بالادەکانی Ballads ئەوروپای سەدەی نۆزدەهەمەوە، تا دەگاتە سروودەکانی دژە کۆلۆنیالیزم Anti-Colonial لە ئاسیا و ئەفریقا، موزیک هەمیشە ڕۆحی یاخیبوون نەمر دەکات و چیرۆکەکان دەباتە نەستی هەمووانەوە.
موزیک و پەیامی سیاسی
زۆرجار سەرکردە و شۆڕشگێڕەکان موزیک بە شێوەیەکی ستراتیژی بەکاردەهێنن. بیرۆکە سیاسییە ئاڵۆزەکانیان، لەم ڕێگەیەوە سادەی دەکەنەوە و دەیکەنە پەیامی یادگاری و وروژێنەر. لە ڕێگەی ڕیتم و ئاواز و دووبارەکردنەوەکان، موزیک وا دەکات بیرۆکەکان لە مێشکی خەڵکدا بچەسپێن، پڕوپاگەندەکان دەچنە قووڵایی نەستی هەمووانەوە و بەئاسانتر جەماوەرێکی زۆری گیانلەسەردەست کۆدەبنەوە. بۆ نموونە: لە سەردەمی شۆڕشی کوبادا، گۆرانییە شۆڕشگێڕییەکان کە لە ڕێگەی ڕادیۆوە پەخش دەکران و لە فەزای گشتیدا پێشکەش دەکران، بەمشێوەیە دەبوونە ئامرازێک بۆ کۆکردنەوە و پەروەردەکردنی جەماوەر و پەرەپێدانی شۆڕش.



