" type="text/css" > Skip to main content

رێژوان تەها 

کاتێک وشەکان بەتەنها بەس نین!

بە درێژایی مێژوو هەر کاتێک کۆمەڵگاکان دەگەنە ساتەکانی جەنگ، شۆڕش، ڕاپەڕین، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی.. موزیک جۆرێکی دیکە دەردەکەوێتەوە. لە کۆیلەکراوەکانی ئەمریکاوە تا سروودە شۆڕشگێڕییەکان لە: فەرەنسا، کوبا، کوردستان، ئێران و باشووری ئەفریقا، موزیک دەبێتە هێزێکی هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتدا.

ئەمەش بەڕێکەوت نییە کە موزیک لە شۆڕشەکاندا دەردەکەوێت، چونکە موزیک ئەو کارە دەکات کە وتار و یاسا و چەک بەتەنها ناتوانن بیکەن؛ هەست و یادەوەری و ناسنامە و هیوا یەکدەخات، بۆ یەک ئەزموونی هاوبەش و یەکگرتنی گەل و شۆڕشگێڕان.

موزیک وەک زمانێکی سۆزداری گەل

شۆڕشەکان لە ئازار و توڕەیی و حەسرەتی هاوبەشەوە لەدایک دەبن. موزیک ئەم هەستانە دەگۆڕێت بۆ دەنگ. ناڕەزایی و یەکدەنگی ڕێکدەخات، کاتێک ترس و نادڵنیایی زاڵن، هەستەکان گەورەتر دەکات: خەم دەبێتە ئاوازێکی ماتەمینی، توڕەیی دەبێتە سروود، هیوا دەبێتە گۆرانی.مشتومڕە عەقڵانی و فەلسەفەییەکان دەکاتە هونەر و ڕاستەوخۆ لەگەڵ سیستەمی دەمار و دەروونی مرۆڤ قسە دەکات.

لە ساتەوەختە شۆڕشگێڕییەکاندا، زۆرجار مرۆڤەکان ناتوانن ئازارەکانیان بە ڕوونی بخەنە ڕوو، بەڵام دەتوانن گۆرانییەکەی بڵێن. موزیک لێرەدا دەبێتە زمانحاڵی شۆڕش و ڕاپەڕین.

موزیک ناسنامەی بەکۆمەڵ دروست دەکات

هەموو شۆڕشێک پێویستی بە دەربڕینی “ئێمە” هەیە! موزیک ئەم ناسنامە بەکۆمەڵە بەم شێوەیە دروست دەکات:

• دووبارەکردنەوەی هێما و ناو و چیرۆکەکان

• گۆڕینی دەنگە تاکەکەسییەکان بۆ دەنگی کۆمەڵ

• گەیاندنی دەنگ و ناڕەزایی بۆ کەسانی ناوخۆیی و دەرەوە لە ڕێگەی دەنگی هاوبەشەوە.

سروودی نیشتمانی و گۆرانی ناڕەزایەتی و دروشمی شۆڕشگێڕانە ژاوەژاوەوە دەگۆڕن بۆ دەنگ و سەدای کۆمەڵگە.

بۆ نموونە لە مێژووی کورددا موزیک ناسنامەی کوردبوونی پاراستووە؛ تەنانەت کاتێک زمان و دەربڕینی سیاسی سەرکوت کرابوون. گۆرانییەکەکان هەموو ئەو کارانەیان دەکرد، کە ئەوانی دیکە پێیان نەدەکرا.

موزیک بیرەوەری و ڕۆحی گەلە کە ناتوانرێت سانسۆر بکرێت

موزیکی شۆڕشگێڕی هەڵگری یادەوەری مێژووییە.

ئاوازەکان پاش سووتاندنی کتێبەکانیش دەمێننەوە!کاتێک مرۆڤ دەمی بەستراوە لە گوتنی ناڕەزایی، گۆرانییەکان باڵدەگرن و دەبنە دەنگی بێدەنگەکان.

سیستەمە تاکڕەوەکان دەتوانن ڕۆژنامەکان سانسۆر بکەن و سەرکردەکان زیندانی بکەن و ڕێکخراوەکان قەدەغە بکەن، بەڵام ناتوانن ئاوازەکان بسڕنەوە کە لەناخ و ویژدانی گەلدا دەژی.

موزیک جەستە و بیر یەکدەخات

شۆڕشەکان پێویستیان بە هەماهەنگی و بوێری هەیە. موزیک جوڵەکان یەکدەخات لەگەڵ: رێپێوان، خەبات و بەرخۆدانەکان.. ترسەکان کەم دەکاتەوە لە ڕێگەی ڕیتم و وتنی بەکۆمەڵەوە.

دەروونناسی و زانستی دەمارناسی، دەریدەخەن کە گۆرانی وتن بەیەکەوە ئۆکسیتۆسین (هۆرمۆنی بەستنەوە) زیاد دەکات. لە ڕووی پراکتیکییەوە ئەمە بەو مانایەیە کە موزیک بە شێوەیەکی ڕستەیی مرۆڤەکان پێکەوە ئازاتر دەکات. هەر بۆیە ڕژێمەکان لە قەرەباڵغی گۆرانی وتن، زیاتر لە قەرەباڵغی بێدەنگ دەترسن. زۆرداران زیاتر لە هونەرمەندێک دەترسن، وەک لە سەرکردەیەکی سیاسی.

موزیک لەو شوێنانەدا قسە دەکات کە قسەکردن مەترسیدارە

لە زۆرێک لە قۆناغە شۆڕشگێڕییەکاندا، قسەکردنی ڕاستەوخۆ مەترسیدارە.

گۆرانییەک دەتوانێت بڵێت “ئازادی” بەبێ ئەوەی ناوی ستەمکارەکە بهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەمووان تێدەگەن. ئەم دەسەڵاتە ڕەمزییە کە موزیک هەیەتی، موزیک دەکاتە چەکێکی سەلامەت،لە بارودۆخێکی ناسەلامەتدا.

شۆڕشەکان تەنیا دژی شتێک نین، ئەوان بۆ شتێکن کە هێشتا ڕاستەقینە نییە و جێبەجێنەکراوە!

موزیک دەتوانیت خەیاڵی بکات: نەتەوەیەکی ئازاد پێش ئەوەی ئازادیش هەبێت. سەربەخۆیی، پێش ئەوەی بەدەستهاتبێت!

کاتێک مرۆڤەکان گۆرانی لەسەر ئازادی دەڵێن، بەشێوەیەکی کاتی لەناو ئازادیدا دەژین. موزیک دەبێتە پرۆڤەیەک و ئامادەکارییەک بۆ جیهانێکی نوێ.

بۆچی دەسەڵات هەمیشە لە موزیک دەترسێت؟

هەموو سیستەمێکی تاکڕەو  هەوڵ دەدات موزیک بکاتە خزمەت خۆیەوە و کۆنتڕۆڵی هونەرمەندەکان بکات.

موزیک خێراتر لە ئایدۆلۆژیا بڵاودەبێتەوە و بەرەنگاری کۆنترۆڵردن دەبێتەوە و هەستی تایبەتی دەکاتە هەست و هێزی گشتی. شۆڕشێک لە بیرۆکەکانەوە دەست پێدەکات، بەڵام لە ڕێگەی موزیکەوە خێراتر گەشەدەکات و بڵاودەبێتەوە؛ موزیک، بیرۆکەیەک دەکاتە جیهانێکی نوێ.

موزیک ڕۆحی شۆڕشە

موزیک لە هەموو شۆڕشێکدا دەردەکەوێت و پێگەی تایبەتی هەیە، چونکە شۆڕش تەنیا خەباتێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەشێکە لە بوونی مرۆڤ.

چونکە مرۆڤەکان تەنها بۆ نان و پارە هەوڵنادەن؛ئەوان بۆ: شکۆ، مافەکان، مانا و سەربەخۆبوون هەوڵەدەن.

تا مرۆڤەکان بەرەنگاری نادادپەروەری ببنەوە، موزیک پێش و لە کاتی و دوای هەموو شۆڕشێک سەرهەڵدەدات، نەک وەک ڕازاندنەوە و چێژ، بەڵکو وەک دڵ و ڕۆحی شۆڕشەکان.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان