" type="text/css" > Skip to main content



نووسینی: رێژوان تەها

ڕێنێسانس لە وشەی renaissanceی فەڕەنسیەوە هاتووە کە بە واتای “لەدایکبوونەوە، ژیانەوە” دێت. بزووتنەوەیەکی کولتووری و فیکری بوو کە لە ماوەی سەدەی ١٤ لە ئیتالیا دەستی پێکرد و تا سەدەی ١٧ لە سەرانسەری ئەوروپادا بڵاوبووەوە. هەنگاونانی جیهان بوو لە قۆناغی سەدەکانی ناوەڕاستەوە بۆ سەردەمێکی جیاواز، کە تێیدا دوبارە هونەر و زانستەکان ژیانەوە و لەدایکبوونەوە. ئەم قۆناغە شێوازی نوێی بیرکردنەوەی لە هونەر، زانست، ئەدەب، سیاسەت و فەلسەفەی تێدا بەدەرکەوت.

یەکێک لە تایبەتمەندییە دیاریکەرەکانی سەردەمی ڕێنێسانس، هیومانیزم (مرۆڤگەرایی) بوو، باوەڕبوون بوو بە بەها و توانای مرۆڤەکان. بیرمەندانی وەک: پێترارک Petrarch و ئیراسموس Erasmus هانی خەڵکیان دەدا کە دەقە کلاسیکی یۆنانی و ڕۆمانییەکان بخوێننەوە و سەرنجیان بەتەواوی لەسەر مەعریفە و عەقڵ و تێگەیشتنی تاکەکەسی بوو. ئەم ڕوانگە نوێیە سەرنجی لە نیگەرانی و بەربەستە ئایینییەکان دوور خستەوە بەرەو هاوسەنگی لە نێوان باوەڕ و دەستکەوتەکانی مرۆڤدا بردی؛ سەرنجەکانی لە ئاسمانەوە هێنایەوە بۆ زەوی.

لە بواری هونەردا، ڕێنێسانس هەندێک لە گەورەترین بلیمەتەکانی مێژوو بەرهەم هێنا. کەسایەتییەکانی وەک لیۆناردۆ داڤینچی Leonardo da Vinci و مایکل ئەنجێلۆ Michelangelo و ڕافایل Raphael کارگەلێکیان دروستکرد کە لێهاتوویی تەکنیکی لەگەڵ هەست و خەیاڵ و تایبەتمەندییە کەسییەکاندا تێکەڵکردبوو. بەرەوپێشچوونەکانی ئەم قۆناغە گۆڕانکاری ڕیشەیی و بنەچەیی لە نیگارکێشان و پەیکەرسازیدا کرد، وای لێکرد لە جاران زیاتر زیندوو و پەیوەست بە کولتوور و کۆمەڵگەکانەوە دەرکەون. هەروەها تەلارسازی گەشەی کرد، چونکە برۆنێلێسکی Brunelleschi و ئەلبێرتی Alberti فۆرمە دێرینەکانیان بە هاوئاهەنگی و شێوازێکی نوێ زیندووکردەوە.


زانست و دۆزینەوە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش پێشکەوت. بیرمەندانی وەک: کۆپەرنیکۆس Copernicus و گالیلۆ Galileo و ڤێسالیۆس Vesalius تەحەدای بیروباوەڕە کۆنەکانیان کرد و ڕێڕەوی نوێیان لە فەلەکناسی و فیزیا و پزیشکیدا کردەوە. لەم نێوەندەدا، گەڕیدەکانی وەک: کریستوڤەر کۆڵۆمبس Christopher Columbus و ڤاسکۆ دا گاما Vasco da Gama ئاسۆی ئەوروپایان فراوانتر کرد و کیشوەرەکان و کولتوورەکانیان بەیەکەوە گرێدا.
هەڵبەت تێکست و دەقەکانی یۆنانی و ڕۆمانی کۆن، پاشان جیهانی ئیسلامی، کاریگەری دیار و بەرچاویان هەبوو لەسەر سەرهەڵدانی ئەم قۆناغە تا ڕۆیشتنی ڕێڕەوی گەشەی هونەر و زانست و فەلسەفە بۆ ئەوروپا.

داهێنانی چاپخانە لەلایەن یۆهانس گوتنبێرگەوە Johannes Gutenberg لە ناوەڕاستی سەدەی پازدەهەمدا خاڵی وەرچەرخانێکی دیکە بوو. ڕێگەی دا بیرۆکەکان خێراتر و بەرفراوانتر بڵاوببنەوە، پەروەردە و بڵاوبوونەوەی کتێب و دەقەکانی گەلێک ئاسانتر کرد و پتر چوونە ناو خەڵکەوە. ئیتر زانین لە چەند کەسێکی کەم و دیاریکراودا سنووردار نەبوو، هەموو خەڵکی دەیانتوانی بە زمانی دایکیان کتێب و نووسراوەکانیان دەستبکەوێت و پەرە بە ڕۆشنبیری و تێگەیشتنی خۆیان بدەن. ئیدی بەم جۆرە هێدی هێدی لە چنگی فێڵ و فریودانی پاپا و کڵێساکان ڕزگاریاندەبوو.
لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ڕێنێسانس هانی شێوازی نوێی حوکمڕانی و بیرکردنەوە لە کۆمەڵگەی دا. نووسەرانی وەک: ماکیاڤێلی Machiavelli لە دەسەڵاتی دەکۆڵیەوە، لە کاتێکدا تۆماس مۆر Thomas More و دواتر ڕیفۆرمخواز و نوێگەران، ئەخلاق و دادپەروەری و ئایینیان خستە ژێر پرسیارەوە.

لە سەرووی هەمووشیانەوە ڕێنێسانس سەردەمێکی پڕ بەدواگەڕان و داهێنان و گۆڕانکاری بوو. مرۆڤ لەم قۆناغەدا ئیدی هەموو شتەکانی دەخستنەژێر پرسیارەوە و لە سەرجەم پیرۆزی و دەبێت و نابێتەکانی بە عەقڵێکی ڕەخنەگرانە دەکۆڵییەوە. میراتی ڕێنیسانس هێشتا کاریگەری لەسەر هونەر و زانست و پەروەردە و کولتووری مۆدێرن هەیە و هێزی نوێبوونەوە و خەیاڵمان بیردەخاتەوە و پێمان دەڵێت کە دەکرێت چۆن لە قۆناغێکدا هەموو شتێک بگۆڕێت و مرۆڤایەتی بازێکی گەورە بدات، بەرەو گۆڕانکاری گەورە.

دیارترین موزیسیانانی قۆناغی ڕێنیسانس:

١. جۆسکین دێس پرێز Josquin des Prez   (دەوروبەری ١٤٥٠-١٥٢١ز): موزیسیانی فەرەنسی-فلاندی. بە شازادەی موزیک ناسراوە و پێشەنگ بووە لە پێشخستنی کۆنتراپۆینت (دژە-خاڵ) کاریگەری لەسەر موزیسیانانی پاش خۆی داناوە.

٢. جیۆڤانی پیرلویجی دا پالێسترینا Giovanni Pierluigi da Palestrina  (دەوروبەری ١٥٢٥-١٥٩٤ز): موزیسیانی ئیتاڵی. کۆمپۆسەری موزیکی ئایینی و پیرۆز؛ شارەزای کۆنتراپۆینت لە موزیکی کڵێسادا. کاریکردووە لە شێوازی پالێسترینا لە پۆلیفۆنی، گونجاندنی هارمۆنی و ڕوونی دەق لە موزیکی کۆڕاڵدا.

٣. ویلیام بێرد William Byrd (دەوروبەری ١٥٤٠-١٦٢٣ز): کۆمپۆسەری ئینگلیز، لە هەردوو شێوازی موزیکی ئایینی و دونیایی کاریکردووە.
پەرەیداوە بە تەکنیکەکانی مادریگالی ئینگلیزی و کیبۆرد، کاریگەری لەسەر موزیکی سەرەتای قۆناغی بارۆک هەبووە.

٤. ئۆرلاندێ دی لاسۆس Orlande de Lassus (١٥٣٢-١٥٩٤ز): کۆمپۆسەری فەرەنسی-فیلاندی؛ زیاتر لە ٢٠٠٠ بەرهەمی هەیە، لەوانەش ماس، مۆتێت و شانسۆن. بە کارامەیی لە ڕێکخستنی دەقی دەربڕین، تێکەڵکردنی هەست لەگەڵ پۆلیفۆنی ئاڵۆز ناسراوە.

٥. کلۆدیۆ مۆنتیڤێردی Claudio Monteverdi (١٥٦٧-١٦٤٣ز): کۆمپۆسەری ئیتاڵی، پردی نێوان هەردوو قۆناغی ڕێنیسانس و باڕۆک. شارەزا و دەستپێشخەر لە فۆڕمی ئۆپێرادا.

 

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان