نووسینی: ئامانج غازي قادر دیلان (١٩٢٨ – ١٩٩٩) تەنها موزیسیانێک و گۆرانیبێژێکی ئەکادیمیی نەبوو، بەڵکو کۆڵەگەیەکی سەرەکی و وەرچەرخانێکی مێژوویی لە داڕشتنەوەی شوناسی موزیکی هاوچەرخی کوردیدا بوو. دیلان وەک داهێنەر و کۆمپۆزەرێکی لێهاتوو، توانی موزیکی کوردی لە چوارچێوەی نەریتیی و ناوچەییەوە بەرەو ئاسۆیەکی زانستی و جیهانی ببات. دەکرێت بایەخی ئەکادیمیی کارەکانی قادر دیلان لەم چەند خاڵەدا کورت بکەینەوە: • نوێگەری لە ئاوازدانان: دیلان یەکێک بوو لە یەکەمین ئەو هونەرمەندانەی کە سوودی لە تیۆرییە زانستییەکانی موزیکی جیهانیی وەرگرت. ئەو شێوازی “ئۆرکێستراسیۆن” و دابەشکردنی موزیکی بە شێوەیەکی مۆدێرن ئاوێتەی مۆد و ڕیتمەکانی ڕەسەنی کوردی کرد. • تیپی موزیکی مەولەوی: دامەزراندنی ئەم تیپە لە سلێمانی، وەرچەرخانێکی گەورە بوو. لە ڕێگەی ئەم تیپەوە، دیلان توانی موزیکی کوردی لە حاڵەتی تاکەکەسی و هەڕەمەکییەوە بگۆڕێت بۆ کارێکی گرووپیی ڕێکخراو کە لەسەر بنەمای زانستیی و نۆتە و راهێنانی ئەکادیمیی دامەزرابوو. • خوێندنی ئەکادیمی: گەشتەکەی بۆ پراگ و تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە کۆنسێرڤاتۆریای ئەو شارە، وای کرد کە کارەکانی ڕەهەندێکی جیهانی وەربگرن. دیلان توانی تیۆری موزیکیی کلاسیکی ڕۆژئاوایی و ئامێرەکانی ئۆرکێسترا و پۆپ میوزک بخاتە خزمەت ڕۆحی هونەریی کوردییەوە. • هەڵبژاردنی تێکست: دیلان بە وردی و وریاییەوە دەقی شاعیرە گەورەکانی وەک (گۆران، پیرەمێرد، فایەق بێکەس)ی هەڵدەبژارد، ئەمەش وای کرد گۆرانییەکانی تەنها بۆ کات بەسەربردن نەبن، بەڵکو ببنە هەڵگری پەیامی نەتەوەیی و مرۆیی. قادر دیلان توانی پردێک لە نێوان ڕەسەنێتیی ڕابردوو و تەکنیکی سەردەم دروست بکات.ئەو سەلماندی کە موزیکی کوردی توانای ئەوەی هەیە لەسەر ستەیجە جیهانییەکان بەبێ خەوش و بەوپەڕی شکۆوە بوەستێت. تا ئەمڕۆش، ئاوازەکانی وەک “گیانە کەی دێی” و “جوانی بێ ناو” وەک ئەزموونێکی گەورە بۆ هەر موزیککار و موزیسیانانی کورد دەمێننەوە. بەشی بکە لە: