" type="text/css" > Skip to main content

نووسینی: رێژوان تەها

قۆناغی مێدیڤاڵ کە بە قۆناغی سەدەکانی ناوەڕاست ناسراوە، بە نزیکەیی لە سەدەی پێنجەمەوە تا کۆتایی سەدەی پازدەهەم بەردەوامبووە، کە پردێکە لە نێوان کەوتنی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژئاوا و سەرهەڵدانی قۆناغی ڕێنێسانس. ئەم قۆناغە هەزار ساڵەیە زۆرجار وەک سەردەمی جەنگی گەلانی ئەوروپا و قەڵا و کڵێسا سەرنجڕاکێشەکان و دەسەڵاتداری هۆز و تیرەکانی ئەوروپا خەیاڵ دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر لایەنی دیکەی هەیە؛ کە سەردەمێکی تایبەت بوو لە مێژووی جیهان، کە  ئایین و دەسەڵات و نەریت لە چواچێوەیان داوو.

کاتێک ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی لە ڕۆژئاوا لە دەوروبەری ساڵی ٤٧٦ی زایینی ڕووخا، ئەوروپا پارچە پارچە بوو بۆ شانشین و سنووری بچووکتر. ئەم قۆناغە سەرهەڵدانی فرانکەکان، ڤیزیگۆتەکان، ئەنگلۆساکسۆنەکان و گەلانی تری جێرمانی بەخۆیەوە بینی؛ کە بناغەکانی کۆمەڵگەی سەدەکانی ناوەڕاستیان بونیاتنا. بەبێ دەسەڵاتی ناوەندی ڕۆما، دەسەڵات گواسترایەوە بۆ فەرمانڕەوا ناوخۆییەکان و ئاغاکان و کڵێسای کاتۆلیکی.

بنەمای کۆمەڵگە ئەوروپییەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا سیستەمی فیوداڵی (دەرەبەگایەتی) بوو. ژیان بۆ زۆربەی خەڵک قورس بوو، زستانە سەختەکان، هەژاری لەڕووی زانین و زانستی پزیشکی و نەبوونی چارەسەر، هەڕەشەی بەردەوامی شەڕ و برسێتی و کێشە جۆراوجۆرە سیاسی و ئاینییەکان… بەربەستی گەورەی بەردەم هونەر و گەشەکردن بوو. گەورەترین کارەسات لەم قۆناغە بڵاوبوونەوەی تاعوون  (مەرگی ڕەش)بوو (١٣٤٧-١٣٥١ز) کە ملیۆنان کەسی کوشت و بناغەی کۆمەڵگەکانی هەژاند. هەموو ئەمانە ئەوروپایان بەرەو هەڵدێر بردبوو و بۆیەش بە سەردەمە تاریکەکانی ئەوروپا ناسراوە. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی بە پێچەوانەوەبوو، لەم قۆناغەدا جیهانی ئیسلامی لە لوتکەی پێشکەوتن و گەشەکردنی خۆیدابوو، لە سەرجەم زانستەکانی ئەو سەردەمەدا زانایان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی ورد و دۆزینەوە و داهێنانەکان بوون.

بەشێوەیەکی نائاسایی و ستەمکارانە ئایین زاڵ بوو بەسەر ژیان و تێگەیشتنی کۆمەڵگەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا. کڵێسای کاتۆلیکی نەک هەر ڕێنمایی بیروباوەڕی ڕۆحی دەکرد بەڵکو پەروەردە و یاسا و سیاسەتیشی کۆنترۆڵکردبوو. کڵێسا ناوازەکانی وەک نۆتردامی پاریس و شارترس هێمای باوەڕمەندی و ژیانی خەڵکی ئەو سەردەمە و وابەستەییان بووە بۆ ئایینەکە.

ئەم قۆناغە بە ململانێ بەردەوامەکان ناسراوە. جەنگی خاچپەرستەکان (سەدەی ١١-١٣) کە ئامانجیان وەرگرتنەوەی خاکی پیرۆز (ئۆرشەلیم) بوو، ئەمەش بووە هۆی ئاڵوگۆڕی کولتووری لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و بەریەککەوتنە زۆرەکانی نێوان ئەم دوو جەمسەرە. جەنگی سەد ساڵە و هێرشەکانی ڤایکینگەکان و لەشکرکێشییەکانی مەغۆلەکان. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ململانێیانە ئەوروپایان بەرەو گەشەکردن پاڵنا، چونکە بەریەککەوتن لەگەڵ جیهانی ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتدا، زانست و نوێگەری بە ئەوروپا گەیاندەوە و تۆوی نوێبوونەوە و ژیانەوە دەستی کرد بە چرۆکردن لەم کیشوەرەدا.

موزیک لە قۆناغی سەدەکانی ناوەڕاستدا بە قووڵی پەیوەست بوو بە ئایین و ژیانی ڕۆژانەوە.
گرنگترین فۆرم: سروودی گریگۆری بوو، کە شێوازێکی سادە و پیرۆزە و لە کڵێسا و جێگە ئاینییەکاندا دەوترایەوە. موزیسیانان لە کڵێساکاندا، قەشە و پیاوانی ئایینی  بوون. کە سەرپەرشتی شێوازەکانی دانانی موزیک و پێکهاتەکان و مەرجەکانیان دەکرد.
بە تێپەڕبوونی کات، موزیک ئاڵۆزتر بوو، لەگەڵ سەرهەڵدانی پۆلیفۆنی- چەند دەنگێک پێکەوە ئاوازی جیاوازیان دەوتەوە. لە دەرەوەی کڵێسا، تروبادۆر و مینسترێلەکان بەسەر ئەوروپادا دەگەڕان و گۆرانی خۆشەویستی و شەڕ و چیرۆکگێڕانیان پێشکەش دەکرد. کە ئەم جۆرەیان لە موزیک، موزیکی ناو خەڵکی ئاسایی و دونیایی بوو. ئەم موزیسیانانە ھەڵگری ھەواڵ و کولتوور بوون، موزیکیان کردە پردێک لە نێوان ناوچە و گەلە جیاوازەکاندا، بەهۆکاری گەڕان و گەشتەکانیان بەناوچەجیاوازەکانی ئەوروپا.
ئامێرەکانی وەک: لووت ، هارپ، فلوت و ڕیتمییەکان.. لەناو هەردوو شێوازی موزیکی ئایینی و دونیایی جێگە و شوێنی تایبەتی هەبوو و بەربڵاوترین ئامێرەکانبوو.

هەندێک لە موزیسیانانی ئەم قۆناغە:
موزیسیانانی موزیکی ئاینی و کڵێسا:

١. گویدۆی ئارێزۆ Guido of Arezzo (دەوروبەری ٩٩١ – ١٠٣٣ز) دەروێش (مۆنک)ێکی ئیتاڵی بوو کە سیستەمی مۆدێرن بۆ نووسینی موزیک (هێڵەکان و ناوی نۆتەکان)ی داهێنا. بەبێ ئەو خوێندنەوەی مۆسیقا وەک ئەوەی دەزانین بوونی نەدەبوو.

٢. هیلدێگاردی بینگن Hildegard of Bingen ( ١٠٩٨ – ١١٧٩ز) کۆمپۆسەر و ڕۆحانییەکی ئەڵمانییە؛بەناوبانگە بە دیدگا و گۆرانییە پیرۆزەکانی بە ئاوازە ئاست بەرزەکانەوە. یەکێکە لە سەرەتاییترین کۆمپۆسەرە ژنە ناسراوەکان.

٣. لیۆنین Léonin (دەوروبەری ١١٥٠ – ١٢٠١ز) کۆمپۆسەری فەرەنسی لە کڵێسای نۆتردام لە پاریس، بە یەکەم شارەزای پۆلیفۆنی دادەنرێت.

٤.پێرۆتین Pérotin (دەوروبەری ١٢٠٠) جێگرەوەی لیۆنین، پۆلیفۆنی فراوانتر کرد بۆ سێ و چوار دەنگ، دەنگی موزیکی کڵێسای گۆتیکی لە فۆڕم و چوارچێوەدا.

٥. گیلۆم دی ماشۆ Guillaume de Machaut  (١٣٠٠ – ١٣٧٧ز) شاعیر-کۆمپۆسەری فەرەنسی، یەکێک لە مەزنەکانی سەدەی ١٤. هەم بەرهەمی پیرۆزی وەک: مێس دی نۆسترێ دام Messe de Nostre Dame و هەم گۆرانی خۆشەویستی و دونیایی نووسیوە.

موزیسیانانی موزیکی دونیایی:

٦. بێرنارد دی ڤێنتادۆرن Bernart de Ventadorn   (دەوروبەری ١١٣٠ – ١٢٠٠ز ) تروبادۆرێکی بەناوبانگی باشووری فەرەنسا، بە گۆرانییە لیریکییەکانی سەبارەت بە خۆشەویستی ناسراوە.

٧. ئادەم دی لا هال Adam de la Halle   (دەوروبەری ١٢٤٥ – ١٢٨٥ز) شاعیر و کۆمپۆسەر و ژەنیاری فەرەنسی، هەندێکجار پێی دەوترێت “دواهەمین تروبادۆر”. هەم بەرهەمی دونیایی و هەم بەرهەمی پیرۆز و ئایینی نووسیوە.

٨. واڵتەر ڤۆن دێر ڤۆگێلڤایدە Walther von der Vogelweideی ئەڵمانی (دەوروبەری ١١٧٠ – ١٢٣٠ز) شاعیر-موزیسیانی شێوازی خۆشەویستی و دونیایی. بە گۆرانییە سیاسییەکانی و شیعرە لیریکییەکانیەوە لە ئاهەنگ و بۆنەکاندا چالاکی دەکرد.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان