" type="text/css" > Skip to main content

 

  نووسین  هەڵکەوت پشدەری

موزیک، هونەری ڕێکخستنی دەنگەکانە. هەموو نەتەوەکان لە سەرتاپای جیهاندا، موزیکی خۆیان هەیە. هەر یەکە و بە ڕەنگ و ئاوازی خۆی جیا دەکرێتەوە. لە مەرجەکانی هەر کۆمەڵە مرۆڤێک تا بە نەتەوە بژمێردرێن ئەوەیە ئەو کۆمەڵە/نەتەوەیە دەبێ گۆرانی و موزیکی خۆی وەک بەشێک لە کولتوور هەبێت. لەوەیاندا کورد خاوەن موزیکی خۆیەتی و ڕەسەنایەتی موزیکی خۆی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، تێکەڵبوون و لەیەکوەرگرتن لە نەتەوەکانی دراوسێمان، وایان کردووە مۆرکی هەندی موزیک و مۆد/مەقام بۆ ئەوان بگوازرێتەوە.

نەتەوەکانی ناوچەی بەرزاییەکانی چیاکانی زاگرۆس و دەشتاییەکانی، زۆر نین. تەنیا سێ نەتەوەی سەرەکیی هەن فارس، کورد و تورک. گومان لەوەدا نییە تورک وەکو نەتەوە، لە چاو فارس و کورد لەسەر ئەو خاکە نوێن. تەنانەت تا دەوڵەتی عوسمانیش نەگەیشتبوونە چیاکانی زاگرۆس، یان دامێنی چیاکانیش. هەرچی فارسە، ئەگەر لە تورکیش کۆنترە بەڵام لە چاو باب و باپیرانی کورد، هەر تازەیە. ئەوانیش وەکو تورک لە نزیک چیاکانی زاگرۆس نەبوون، بەڵکو لەو دەشتاییەی نێوان ئێرانی ئێستە و تورکمانستان و ئەفگانستان بوون. لێرەدا مەبەست ٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەرە.

ئەگەرچی گەلی ئازەربایجان خۆیان بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ بزانن، بەڵام لەگەڵ تورکەکاندا ئامۆزان و هەردووکیان لە ناوچەکانی (ئاڵتای)ی ناوەڕاستی ئاسیاوە کۆچیان بەرەو ناوچەی قەزوین و ئازەربایجانی ئێستە کردووە. هەر ئازەربایجان خۆی ناوی لە سەرۆکی ئەوکاتەی ئەوێ داتاشراوە و پێی گوتراوە مادی بچووک. بەشێک بووە لە دەوڵەتی ماد یان میدیا. ئیگۆر دیاکۆنۆف، زمانناس، مێژوونووس و شارەزا لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی نزیک، پێی وایە زۆرینەی شارەکانی مادی بچووک، کوردنشین بوون. تاوەکو ساڵی ٤١٦ی زایین لە سەردەمی وەهسودان -ڕەوادی کورد – یەکەم تەوژمی تورکەکانی ناوچەی غەز، گەیشتنە ئازەربایجان. تەوژمی دووەم ساڵی ٤٢٩ی زایین بەرینتر و بەهێزتر بووە. دانیشتووانی شاری مەراغەیان کوشتووە و شارەکەیان تاڵان کردووە. خەڵکی ئەوێ مادی ڕەسەن و گوتییەکان بوون. نووسراوەکانی مێژوونووسانی بابل، ئاشوور تا مێژوونووسانی ئیسلام لەسەر ئەوە کۆکن دانیشتوانی ئەو ناوچەیە (مادی بچووک) باپیرەی ئەوانەن ئێستە کوردن. وشەکانی هاوشێوەی کاردۆ، کاردۆخی، کورتی، گوتی و کورد بۆ ئاماژە بە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە کار هێندراون. بڕوانە پەڕتووکی (کورناسی) نووسینی زەکەریا قادری ٢٠١٧.

ئەگەر ئەوە مێژووی ئازەربایجان بووبێت، کەواتە ئەو کۆچبەرە هێرشبەرەی لە ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتن، بەسەر شار و شارستانییەتی ئەو کاتەی ماددی بچووکیان داداوە. لەوێوە کولتوور و موزیکی ماددی بچووک، کە هەر ئەوەی باب و باپیرانی کوردەکانە، تێکەڵ بەوەی ئازەرییە کۆچبەرە تازە هاتووەکان بووە. بەرەبەرە کوردەکان لەوێ کشانەوە و کۆچیان کرد. لەگەڵ ئەوەدا ئەو موزیک و ئاوازانەی کورد، بۆ ئازەرییە کۆچبەرەکان بە جێ ما و تێکەڵی ژیانی ڕۆژانەیان بوو. هەرچەندە دۆزراوەی شوێنەوارەکانی ناوچەی ئاڵتای (کورگانەکان) پاشماوەی ئامێرێکی ژێداری تێدایە تا ٦٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، بەڵام هیچ زانیاریی سەبارەت بە جۆر و شێوازی کولتووری موزیکی ئەوان لە بەردەست نییە، بەڵگە نییە کاتێک هاتوون بۆ ناوچەی مادەکان کام کولتوورەیان هەبووە و چییان ژانیوە، یان ئاوازەکانیان چۆن بووە و بنەماکانی موزیکیان چۆن بووە.

ماملێ لە گۆرانیبێژە هەرە ڕەسەنەکانی نەتەوەی کوردە. مۆرکی کوردی بە هەموو گۆرانییەکانیەوە دیارە و تەنانەت تێکەڵبوونی لەگەڵ هێمنی شاعیر و هۆنراوەکانی ئەویشدا، ئاستێکی یەکجار بەرزی بە هەندێ لە گۆرانییەکانی داوە. زۆر جار دەگووترێت گۆرانییەکانی ماملێ ئاوازی ئازەرییە و گوایە ماملێ لەوانی وەرگرتووە. ئەگەر سەرنج بدەین لە هەموو گۆرانیبێژانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەم یان زۆر ئەو تۆمەتەیان دەخرێتە پاڵ. خۆ ئەگەر لێیان وردبینەوە، ئەو لێکنزیکییەی ئاوازە کوردییەکانی ئەودیو لەگەڵ هەندێ ئاوازی ئازەری لەیەکەوە نزیکن، ڕاستە.

بابەتەکە لێرەدا ئەوەیە، ماملێ و حەسەن زیرەک و دەیانی دیکە، هەرگیز هیچ ئاوازێکی ئازەرییان بۆخۆیان وەرنەگرتووە و بەکوردی گووتبیانەوە. تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە. هەرچی کولتووری موزیکی ئازەری هەیە پاشماوەی ئەو کولتوورە دەوڵەمەند و پەرەسەندووەیە لە مادی بچووک هەبووە. ئەوە کولتوور و ئەرشیفی کوردەکانی وڵاتی مادە (میدیا، یان میدەکان) دوای چەندان سەدە لە پێکەوەژیان لە پاش خۆیان بۆ ئازەرییەکان مایەوە و بوو بە ئازەری. بڕوانە پەرەگرافەکانی سەرەوە چۆن چۆنی کوردەکان لە ڕۆژئاوای دەریای کاسپیان (بە عەرەبی قەزوین و بە فارسی خەزەر) کشاونەتەوە و ئازەرییەکان بوونە خاوەن ماڵ. لەلایەکی دیکەدا، جۆن دیورینگ باس لە هەبوونی توخمی ئازەری لە ناو موزیکی فارسیشدا دەکات؟ ئەی ئەوەیان چۆنە؟ لەبەرئەوەی دیورینگ خۆی توێژینەوەی سەبارەت بە کولتووری کوردی نەکردووە، بەڵام هەست بە توخمی ئازەری لە ناو ڕەدیفدا دەکات، ئەویشیان هەر هەمان بابەتە، هەر کوردییە کۆنەکەیە پەڕیوەتەوە بۆ ناو ڕەدیف، بەڵام دیورینگ نایناسێتەوە.

کاریگەریی موزیکی کوردی هێندە ڕەگداکوتاو و بەهێز بوو، کولتووری ئازەری هیچی پێ نەبووە تا بگوازرێتەوە بۆ ناو کولتوور و موزیکی کوردەکان، ئەگەر بە مێژووی هەموو موزیکی گەلانی ئاسیای ناوەڕاستدا بڕوانین دەبینین پەڕتووک و توێژینەوەکان موزیکیان ئەوان دەبەنەوە سەر (شامان)ەکانی لەناو ئەو گەلانەدا هەبوون، بەڵام جگە لەوان لەناو هیچ نەتەوەیەکی دیکەی هەموو جیهاندا شامانەکان نەبوونەتە گۆرانیبێژ و ژەنیاران، بۆچی لەوێ شامان بوونەتە گۆرانیبێژ و ژەنیار! وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوەیە ئەو چیرۆکە دروست نییە و لە سەرەتای سەدەی بیست ئەو بۆچوونە بۆ داڕشتنی مێژووی دێرین بۆخۆیان بڵاو بووەتەوە، بۆیە پێم وایە هەڵبەستراوە. هەندێک گۆرانیی کوردی تیپی سلێمانی ساڵانی ٧٠ی سەدەی ڕابردوو هەمان مۆرکی ئازەرییان پێوەیە، بەڵام دیسانەوە ئەو مۆرکە ئازەرییەی لە ناو گۆرانییە کوردیەکاندا هەستی پێ دەکەین، کوردی ڕەسەنە. بیرەوەری کورد لە موزیک و کولتووری خۆیدا هیچی وای لە بیر نەماوە تا بتوانێ بەرگری پێ لەخۆی بکات.

لەو پەرتەوازەییەی کورد تێیدایە، چی سیاسی و چی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، دەستی ئەوان و فارس و تورکیشی واڵا کردووە بە پێی ویستی خۆیان هەر ئاوازێکی کۆنی فۆلکلۆری کوردی بفارسێنن و بتورکێنن. هەیە هەر کوردە و ئاوازە کوردییەکە بە تورکی دەڵێتەوە، دەبێتە گۆرانی و فەرهەنگی تورکی. هەر بیاندوێنە دەڵێن فەرهەنگی فارس زۆر دەوڵەمەندە و شارستانییەتی چەند هەزار ساڵانەیان لە پشتە. دەشکرێ گۆرانییەکی کوردی بە ئاواز و مەقامی فارسی لە جیاتی (ئای ئای کوردی) بیفارسێنی و بیکەی بە (ئۆۆی ئۆۆی فارسی). نەڵێی بارانی عاشق، بیفارسێنە بڵی بۆرانی عۆشق.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.