" type="text/css" > Skip to main content

نووسینی: ئامانج غازى
* لە کوێوە دەنگبێژێکی (خۆرسک) ی پرۆفیشناڵ بدۆزمەوە. کە تۆ ھەموو پانتاییەکانی دەنگت دەستەمۆ کردووە ؟
* کەی دەگەینە دوا مەنزڵگای ئەفراندن، کە تۆ لە نێو ئاگردانی داھێناندا بە ئەسپایی بۆ ھونەرمەندان دەدوێی ؟
* چۆن کاروانی ھونەری کوردی بەم رۆژە گەیشت کە تۆ دەتزانی دوا خۆراگری ساڵانی شووم نەوەیەک بێبەزەییانە و کوێرانە لاسایی تۆنی نەمرو ئادای گه‌وھەریانەی تۆ دەکەنەوە ؟
* بە چ یاسایێک کۆنترۆڵی ژیان و ژیاری ھونەرمەند کراوە، کە تۆ عەیامێک بەر لە ئەمرۆ یاخیبوونی دەنگی خۆت لە جەستە شەکەت و ماندووەکەت بەیانکردبوو ؟
* ئەرێ راستە ژمارەی بەرھەمەکانت ناگەنە چارەگی تەمەنە پر ئەسرینەکەت ؟ ئەگەر وایە بۆ تا ئەم ئانوساتە ژیلەمۆی شۆرشی ئاوازەکانت ئەم کوردستانە تژییە لە ھەناسەی تۆ دەھەژێنێ ؟
* بۆ ھەموومان کە تەنھاین یان دوو بەدووین یاخود لەگەڵ نازدارانمانداین، یان بە سۆڵۆ وکۆرس .
بەردەوام و ھەمیشە دەستەو دامێنی گۆرانیەکانتین و دەیانچرینەوە مەگەر تۆ ھیچ بوارێکت بۆ چرینەکانی تر جێنەھێشتووە بگەنە ھزری جێماومان .
* کێ دەتوانی بەراشکاوی باس لە خەرمانی میلۆدی کوردی بکا کە تۆ ئەو ھەیبەت و شکۆمەندیە دزراوەت گەراندەوە بۆ سکێڵی مەقامی ( کورد ) کە چەندین سەدە بوو بەدەست عەجەم و فارس و تورکا دەیناڵاند .
* ئیستا لە نێو ئەم حەشامه‌تەدا لەسەر ئەم شانۆی رۆحەدا کامانەن ئەو ھونەرمەندانەی کە نایانەوێ بە رابردووی تۆۆوە داھاتوویان بنەخشێنن .
* لەدەقی شیعری کلاسیکی لوتکەوە تا دەگاتە نوێخوازی و نوێگەری لە فۆرمی شیعرا ھەرھەموویانت کردە ناسنامەی خاوەنەکانیان ئیدی ئەو ھەموو نوسین و شەونخونی شاعیران لە پای چی ؟
* تۆنە دەنگیە بیگەردەکانت لە قوڵایی سینەوە بۆ گەرووی زێرین و لەوێشەوە بۆ زمانی پاراوت و دواتریش بۆ مەودای فراوانی میلۆدیەکانت ھەموویان وەڵامن بۆ یەک پرسیار کێ ھەیە لە ( کابان ) زیاتر ئاشنای رۆحمان بێ ؟
* من دڵنیام تۆ (کابان)ی سەرعەرشی ستران و گۆرانی ئێستا لە سوچێکی ئەم ھۆڵە بە نەرمە بینینی پر لە بینایی ھونەری سەیری ھەر ھەمووان دەکەیت و ئینجا سەره‌نجام پرسیار لە خۆت دەکەیت و دەڵی ی تۆ بڵێی من تێکرایی پەیامی نێو سینەو دڵ و دەروون و رۆح و گیانی سادەو سافی خۆم گه‌یاندبێت؟

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک