نووسینی: رێژوان تەها
ژان باپتیست لولی یاخود جیۆڤانی باتیستا لولی Jean-Baptiste Lully (١٦٣٢-١٦٨٧) لە شاری فلۆرانس لە ئیتاڵیا لەدایکبووە. لە گەنجییەوە بە بەهرە موزیکییەکانی بەتایبەت لە ڤایۆلین و گیتار و سەما ناسرابوو. لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا ڕووی لە فەرەنسا کرد و ژیانی خۆی لەناو خولگەی کولتووری کۆشک و دەرباری فەرەنسا دۆزیەوە. هەرچەندە لولی لەدایکبووی ئیتاڵیا بوو، بەڵام دواتر دەبێتە کەسایەتییەکی سەرەکی لە داڕشتنی موزیکی بارۆکی فەرەنسی.
بەختی گەورەی لولی پەیوەندییەکەی بوو لەگەڵ پادشا لویسی چواردەهەم (King Louis XIV (Sun King. پادشا زۆر حەزی لە موزیک و سەما بوو، لولیش لە هەردووکیدا سەرکەوتوو بوو. سەرەتا وەک سەماکاری دەربار و کۆمپۆسەری بالێ دەستی پێکرد، لە ڕێگەی بەدەستهێنانی متمانە و پلە و پۆستەکانەوە بەرزبووەوە بۆ سەرپەرشتیاری موزیکی شاهانە و پادشا.
لە ڤێرسای Versailles، کاریگەرییەکی زۆری هەبوو، هەموو لایەن و بابەتەکانی موزیکی لە دەرباری شاهانەدا کۆنترۆڵ کردبوو. موزیکی ئەو نەک هەر بۆ سەرگەرمی بەڵکو هێمای گەورەیی و دەسەڵاتی حوکمڕانی لویسی چواردەهەم بوو.
لولی ئۆپێرای فەرەنسی وەک شێوازێکی نیشتمانی و تایبەت بەو وڵاتە بەرەوپێشبرد. پێش ئەو ئۆپێرا لە فەرەنسا بە شێوەیەکی زۆر هاوشێوە و کۆپی ئۆپێرای ئیتاڵی بوو. لولی بە هاوکاری لەگەڵ فیلیپ کوینۆڵت Philippe Quinault، پەرەی بە تراژیدی ئین میوزیک tragédie en musique (کە دواتر بە تراژیدی لیریک tragédie lyrique ناسرا).

دیارترین بەرهەمەکانی لولی ئەمانەن:
• ئارمید Armide (١٦٨٦)
• ئاتیس Atys (١٦٧٦)
• ئەلسێست Alceste (١٦٧٤)
هەروەها لولی چاکسازی لە ئۆڤەرچووی فەرەنسی French overture کرد و پاڵاوتەی کرد، ئەمەش بووە مۆدێلێک لە سەرانسەری ئەوروپادا، دواتر لەلایەن هاندڵ و باخ و چەندین کەسی دیکەوە سوودی لێبینرا.
مەرگی لولی بەقەد موزیکەکەی بەناوبانگە. لە ساڵی ١٦٨٧ لەکاتی کۆنداکتی بۆ تی دیوم Te Deum کە ئاهەنگ گێڕانبوو بەبۆنەی چاکبوونەوەی پاشا لە نەخۆشی، بە هەڵە باتۆنی کۆنداکتەری دەکا بە قەچیدا (دەگوترێت قەبارەی باتۆنەکە گەورەتر بووە و بەم جۆرەی ئەمڕۆ نەبووە). برینەکە بوو بە گانگرین gangrenous و لولی ڕەتیکردەوە قاچی ببڕن، لەبەر ئەوەی کە ئیتر بەتەواوی ڕێگری لێدەکات لە سەماکردن؛ کەچی دوای ماوەیەک نەک هەر سەما، بەڵکو بەهۆی ئەمەوە لولی لە لوتکەی ناوبانگیدا دونیای بەجێهێشت و کۆچی دوایی کرد.
