رێژوان تەها
لەبەشی پێشوو باسی موزیکی خەڵک (هاڵک موزیک)مان کرد، کە چییە و چۆنە بەشێوەیەکی گشتی; لەم بەشەدا تیشک دەخەینە سەر هەندێک تایبەتمەندی دیکەی ئەم شێوازە موزیکییە.
شارەکانی باکووری کوردستان، هەریەک جۆرێکی تایبەت لە هاڵک موزیکیان هەیە و هەموو ناوچە جیاوازەکانی باکووری وەڵات، جێدەستێکی تایبەتمەند بەخۆیان لەم ستایلەدا هەیە. رحا(ئورفە)، ئامەد(دیاربەکر)، مێردین، دێرسیم، وان، هەکاری، شرناخ، قەرس، مەرەش و مەلاتیا… هەریەک بە ڕەنگ و بۆیەکی جیاوازی کوردانە، ئەم ستایلەی دەوڵەمەندتر کردووە.
ناوچەی دەریای ڕەش karadeniz بە موزیکی “ہۆڕۆن”ەکەی ناسراوە، کە بە شێوەیەکی تایبەت ڕیتمێکی خێرای بە ڕیتمی ٧/١٦ هەیە. گۆرانییەکان زۆرجار دەربارەی ژیانی هەرێمییەکان، دەریاوانی و خۆشەویستین. کەمانچە ئامێری سەرەکی ئەم ناوچەیەیە.
ناوچەی ئێگە (ڕۆژئاوای تورکیا) موزیکێکی کاریگەر لە یۆنانی و ئەرمەنی هەیە. شێوازی “زەیبەک” یەکێکە لە ناسراوترین جۆرەکانی ئەم ناوچەیە، کە ڕیتمی ٩/٨یان هەیە و بە شێوەیەکی تایبەت گونجاوە بۆ سەماکانی ئەم ناوچەیە.
موزیکی ئەنادۆڵی ناوەڕاست: ئەم ناوچەیە کە شاری کۆنیاش لە خۆدەگرێت، بە موزیکی سۆفیگەری و سەمای مەولەوی ناسراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هاڵک موزیکێکی دەوڵەمەندی هەیە کە بە بەکارهێنانی باغڵەمە و گۆرانی درێژ تایبەتمەندە.
عاشقەکان یان “ئۆزان”ەکان بەشێکی دانەبڕاون لە میراتی هاڵک موزیک. ئەم گۆرانیبێژە گەڕۆکانە لە گوندێک بۆ گوندێکی تر دەگەڕێن و گۆرانی، چیرۆک و شیعرەکانیان دەڵێنەوە. زۆربەیان باغڵەمە دەژەنن و دەتوانن بەبێ هیچ نووسراوێکی پێشوەختە و ئامادە، گۆرانی دروست بکەن. عاشقەکان نەک تەنها هونەرمەندن، بەڵکو گوێزەرەوەی میراتی زارەکی و پەیامی کۆمەڵایەتین.
یەکێک لە تایبەتمەندییە جێگای سەرنجەکانی عاشقەکان توانای “دێموو”یانە، کە پێشبڕکێیەکی شیعرییە لە نێوان دوو عاشقدا. ئەوان بە نۆبە لە هەمان وەزن و قافیەدا شیعر دەڵێن، کە لەموزیکی کوردیدا لەم جۆرە موزیکەمان زۆرە، هاوشێوەی بەزمی چەپڵەی هەورامان، بەشێک لە بەیت و بەشێک لە بەندبێژی..
زۆرجار بۆ چەند کاتژمێر بەردەوام دەبن. ئەم موزیکە هەم سەرگەرمی و هەم پیشاندانی توانای هونەری و بیرکردنەوەی خێرایە.



