رێژوان تەها
لە بەشەکانی پێشوودا بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی باسمان لە باغڵەمە و سازەکانی دیکە لە ئەنادۆڵ، پاشان کولتوور و موزیکی عەلەوی و گەلانی ئەنادۆڵمان کرد.
لەم بەشەدا باس لەو ستایلە موزیکییە گرنگ و تایبەتەی ئەنادۆڵ دەکەین، کە کاریگەری گەورە و فراوانی لەسەر موزیکی تورکی، عەرەبی و موزیکی ناوچەکە دانا، ئەویش ستایلی موزیکی خەڵکە (Halk Music)، کە بە Türk halk müziğiی لەناو تورکیادا ناوی دەهێندرێت. ستایلی هاڵک موزیک ئاماژەیە بۆ موزیک و گۆرانییە میللییەکانی ئەنادۆڵ و ناوچەکە کە زیاتر ڕەگ و ڕیشەی لە ناو کلتووری گەل و مێژووی فۆلکلۆری کوردیدایە.
ئەم ستایلە یەکێکە لە ڕەسەنترین شێوازەکانی موزیکی ناوچەکە و ناسنامەی ڕاستەقینە و ڕوونی موزیکی کوردییە. کە ئەمڕۆ ئەو ئاوازانە بەزمانی گەلانی ناوچەکەش دەگوترێنەوە، بەتایبەت تورکی. وەلێ لە بنەچەدا، ستایل و شێوازێکی تەواو کوردی و ڕەسەنە و پشکی شێر و زۆرترین ڕێژەی ئەم ستایلە کوردستانییە، بەشی کەمی تایبەتە بە گەلانی دیکەی ئەنادۆڵ، لەوانە: لاز، چەرکەس، یۆنانی، ئەرمەنی و تورک…
هاڵک موزیکی تورکیا یەکێکە لە دەوڵەمەندترین و فرەڕەنگترین میراتە کلتووریەکانی ناوچەی ئاناتۆلیا، کە ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر. ئەم موزیکە هاوبەشە لە تێکەڵەیەکی جوان لە کەلتوورە جیاوازەکان. ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر جۆرەکان، تایبەتمەندییەکان، ئامێرە میوزیکییەکان و گرنگی کۆمەڵایەتی ئەم جۆرە موزیکە.
هاڵک موزیکی تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی لە دوو سەرچاوەی گرنگەوە سەرچاوەی گرتووە. یەکەم، میراتی کولتووری کوردی لەباکووری کوردستان و ئەنادۆڵ. دووەم، کەلتوورە کۆنەکانی دیکەی ئەنادۆڵ کە بە هەزاران ساڵ لەم خاکەدا ژیاون و میراتێکی موزیکی دەوڵەمەندیان بەجێهێشتووە.
لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا، هاڵک موزیکی بەردەوام بوو لە پاراستنی ناسنامەی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە؛ پاش دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣، موستەفا کەمال ئەتاتورک Mustafa Kemal Atatürk, گرنگییەکی تایبەتی بە هاڵک موزیک دا وەک بەشێک لە پرۆژەی نەتەوەسازی و دروستکردنی ناسنامەیەکی تورکی سەربەخۆ، کە جیاوازبێت لە موزیکی ئیسلامی-عوسمانی.
یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی هاڵک موزیک، بەکارهێنانی پێوەرە موزیکییە فۆلکلۆرەکانی باکووری کوردستانە. لە کاتێکدا کە موزیکی ڕۆژئاوایی بە گشتی لەسەر ڕیتمی ٤/٤ ، ٣/٤ و ٢/٤..ە، هاڵک موزیکی ڕیتمە لەنگەکانئ وەک ٥/٨، ٧/٨، ٩/٨ و تەنانەت ١٠/٨ بەکاردەهێنێت. ئەم ڕیتمە لەنگانە هەستێکی تایبەت و جوڵەیەکی جیاواز بە موزیکەکە دەبەخشن.
هاڵک موزیک لەسەر سیستەمی “ماقامات”ە. ئەم سیستەمە لە مۆزیکی عەرەبی و ئێرانیدا هاوشێوەی هەیە، بەڵام لە هاڵک موزیکدا تایبەتمەندی و شێوازە جیاوازەکانی خۆی هەیە. هەر مەقامێک تایبەتمەندییەکی جیاوازی خۆی هەیە و گونجاوە بۆ دەربڕینی هەستە جیاوازەکان.
دەنگی مرۆڤ بنەڕەت و سەرەکییە لە هاڵک موزیک. گۆرانیبێژی ئەم ستایلە دەنگێکی بەهێز و کراوەیان هەیە، کە هەستەکانیان بە ئاسانی تێکەڵ بە دەنگیان دەکەن، ئەو تەکنیکانەی بە ئامێری باغڵەمە دەردەکرێ، لە دەنگیاندا دەتوانن جێبەجێی بکەن. بەکارهێنانی ڤایبراتۆ، گلیساندۆ و تەکنیکە دەنگییە تایبەتەکان کە بەشێکیان لە نووسینی نۆتەدا نانوسرێن و زیاتر پەیوەندییان بە هەست و دەربڕینی هونەرمەندەکەوە هەیە. زۆرجار گۆرانیبێژان لە ناوچە جیاوازەکاندا شێوازی تایبەتی خۆیان هەیە کە ناسنامەی ناوچەکەیان تێدایە.
جۆرەکانی ساز، بەتایبەت باغڵەمە، نەی، کەڤاڵ، باڵەبان(مەی)، زوڕنا، دەهۆڵ، دەف و دایرە.. ئامێری ڕەسەن و فۆلکلۆری ناو ستایلی هاڵک موزیکن.



