" type="text/css" > Skip to main content

رێژوان تەها

زۆرجار موزیک لە ڕێگەی سەرنجدان لە تەکنیک و دەربڕینە هونەرییەکانەوە هەڵدەسەنگێندرێت؛ دونیای دەروونی موزیسیان کەمتر سەرنجی لەسەرە و لە هەمان کاتدا هەر ئەمیش یەکلاکەرەوەیە. موزیک تەنها بابەتی بەدەستهێنانی شارەزایی دانان و ژەنین نییە، بەڵکو بابەتی ڕێکخستنی دەروونیشە.

لە پشتی بیستنەوە ململانێیەکی دەروونی ئاڵۆز هەیە. موزیسیانان دەبێ ترس لە شکست و داواکارییەکانی ئیگۆ هاوسەنگ بکات و باوەڕبەخۆبوونێکی دروست بونیادبنێت. تێگەیشتن لەم هێزانە بۆ موزیسیانێک کە بەدوای گەشەسەندنی هونەری دەگەڕێت، زۆر گرنگە.

ترس وەک میکانیزمێکی پارێزەر

ترس کە بە شێوەیەکی باو وەک دڵەڕاوکێیەک پێش جێبەجێکردن ئەزموون دەکرێت، زۆرجار بە شێوەیەکی نەرێنی هەست پێدەکرێت. بەڵام لەڕاستیدا خۆی وەک میکانیزمێکی پارێزەر کاردەکات، هۆشیاری بەرز دەکاتەوە و جەستە بۆ کردارێک ئامادە دەکات. ئاستی مامناوەندی ترس دەتوانێت سەرنج و وردبینی بەرز بکاتەوە. بەڵام ترسی زۆر کێشەیە و پرۆسەی مەعریفی و ئەنجامدان تێکدەدات و دەبێتە هۆی هەڵە و لەدەستدانی کۆنترۆڵ. بۆیە مەبەستەکە نەهێشتنی ترس نییە بەڵکو ڕێکخستنی ترسە. چونکە ترس گرنگە و بەبێ ترس، هاوسەنگییەکان تێکدەچێت.

ئیگۆ و وەهمی کۆنتڕۆڵکردن

ئیگۆ وەک هێزێکی دوو لێوار لە موزیکدا کاردەکات. لە لایەکەوە ویست و دیسیپلین و بەدواداچوون بۆ باشبوون و بەرەوپێشچوون دروستدەکات. لە لایەکی ترەوە حوکم و سەرنجە دەرەکییەکان بێمانا و لاوازدەکات. کاتێک موزیسیانان زۆر وابەستەی ئیگۆ دەبن، سەرنجیان لە پەیوەندی و دونیای موزیکییەوە دەگۆڕێت بۆ خۆپاراستن. ئەم گۆڕانکارییە زۆرجار دەبێتە هۆی کێشە و بەربەست و کەمکردنەوەی خۆبوون و ڕەسەنایەتی لە موزیکدا.

کەواتە هاوسەنگی لە ئیگۆدا و تێگەیشتن لێی بابەتێکی باش و گرنگە، دەبێتە هۆی گەشەپێدانی خود، ڕاهێنان و خۆنوێکردنەوەی زیاتر. 

متمانە و باوەڕبەخۆبوون

متمانە دۆخێکی دەروونی بنیات نراوە لە مرۆڤدا. کە لە ڕێگەی ئەزموون و دووبارەبوونەوەوە پەرە دەستێنێت. بە پێچەوانەی ئیگۆ کە بەدوای خۆسەلماندن و خۆدەرخستندا دەگەڕێت، متمانە بابەتێکی ناوەکی و دەروونییە. ڕێگە بە موزیسیانان دەدات کە ناتەواوییەکانیان قبوڵ بکەن، لە هەمان کاتدا کۆنترۆڵی خۆیان دەپارێزن و ئاگایان لەمەبەست و کارەکانیانە. متمانەی ڕاستەقینە کاتێک سەرهەڵدەدات کە ئەنجامدەر متمانەی بە خۆئامادەکردن و ڕاهێنانەکانی لەگەڵ توانای خۆگونجاندن و ئەنجامدان لە کاتی ڕاستەقینەدا هەبێت.

کارلێکی داینامیکی

ترس و ئیگۆ و باوەڕبەخۆبوون توخمێکی وەستاو نین بەڵکو بەردەوام کارلێک دەکەن. ترس دەتوانێت متمانە لەناوبەرێت، ئیگۆ دەتوانێت ترس گەورە بکات و متمانە دەتوانێت هەردووکی ڕێکبخات. موزیسیانانی شارەزا و تێگەیشتوو دەزانن چۆن ترس بگۆڕن بۆ سەرنج، ئیگۆیەکی هاوسەنگ و بەسوود گەشەپێبدەن و متمانەی دروست و بەهێز لە ڕێگەی پراکتیزەکردنی دیسپلینکراوەوە گەورەبکەن. تێگەیشتن و پەرەپێدانی ئەم هاوسەنگییە دەبێتە هۆی سەرکەوتن لەژیانی هەر مرۆڤێکدا، نەک تەنها بۆ موزیک، بەڵکو بۆ هەر هونەر و پیشەیەکی دیکە کلیلی سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونە.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان