" type="text/css" > Skip to main content

نووسینی: رێژوان تەها

ئارکانجیلۆ کۆرێلی Arcangelo Corelli لە ساڵی ١٦٥٣ لە شاری فۆسیگنانۆ Fusignano لەدایکبووە، کە شارۆچکەیەکی بچووکە لە باکووری ئیتاڵیا. لە منداڵییەوە دەچێتە شارۆچکەکانی دیکەی دەوروبەر و خۆی فێری موزیک و ئامێری ڤایۆلین دەکات. پاشان دەچێتە ڕۆما و تا ساڵانی ١٦٧٠ لەوێ نیشتەجێ دەبێت، لەوێ بەزوویی ناوبانگی پەیداکرد و ناسرا. لەژێر سایەی کەسایەتییەکانی ئەوێدا درێژەی بە کاروانی هونەری و چالاکییەکانی دەدا، بۆنموونە هەندێک لە دەسەڵاتداران و کەسایەتییەکانی وەک: کاردیناڵ پیترۆ ئۆتۆبۆنی Cardinal Pietro Ottoboni و شاژن کریستینا سوید Queen Christina of Sweden. لە ڕۆمادا کۆرێلی بوو بە ئەستێرە، نەک تەنها وەک ژەنیارێک، بەڵکو وەک کۆمپۆسەر و ڕێبەری ئۆرکێستراکان.

 

بەرهەم و داهێنانەکانی:

١-تریۆ سۆناتا The Trio Sonata

تریۆ سۆناتاکانی کۆرێلی (Op. 1-4) لە سەرەتاییترین شاکارەکانی چەمبەر موزیکن. بۆ دوو ڤایۆلین و کۆنتینۆ  Continuoنوسراون (کۆنتینۆ : لەموزیکی بارۆکدا ئەو بەشەی هاوشانیکردنە کە هێڵی باس و هارمۆنی لەخۆدەگرێت؛ بە شێوەیەکی گشتی بە ئامێری کیبۆرد یان ئامێرەکانی دیکەی وەک چەلۆ یان لوت دەژەنرێت.) ئەم بەرهەمانە بوونە مۆدێل لە سەرانسەری ئەوروپا، لەلایەن کۆمپۆسەرانی دواترەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا و لاسایی کرانەوە.

 

٢- کۆنشێرتۆ گرۆسۆ The Concerto Grosso

لەم بەرهەمانەدا کۆرێلی جیاوازی نێوان کۆمەڵێک سۆڵۆیست (کۆنشێرتینۆ) و ئەنسەمبڵی تەواو (ریپینۆ) خستەبەرچاو. ئەم فۆرمە ئیلهامبەخش بوو بۆ کۆنشێرتۆکانی ڤیڤاڵدی و کاریگەری لەسەر نووسینی ئۆرکێسترایی هاندێل هەبوو. کۆنشێرتۆ گرۆسی ژمارە ٦ کە لە دوای مردنی لە ساڵی ١٧١٤ بڵاوکراوەتەوە، وەک یەکێک باشترین دانراو و بەرهەمەکانی کۆرێلی دێتە هەژمار.

 

٣- تەکنیکی ڤایۆلین Violin Technique

ژەنینەکانی کۆرێلی بەهۆی پاکی تۆن و کۆنترۆڵکردنی کەوان ئەفسانەیی بوو. کە خاوەن قوتابخانەیەکی تایبەتە لە ژەنینی ڤایۆلیندا.

 

کۆرێلی ١٧١٣ لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا لە ڕۆما کۆچی دوایی کرد. ڕاستە کاریگەرترین کۆمپۆسەری سەردەمی بارۆک نەبووە، بەڵام ئەوەی لە موزیکدا بەجێیهێشت بووبە دەروازە و ئیلهام بۆ کۆمپۆسەرانی دواتر کە داهێنانی گەورە ئەنجامبدەن. تەنانەت هەر لەقۆناغی بارۆکیشدا هاندڵ لەگەڵ کۆرێلی پێکەوە کاریان کردووە و هاندڵ شێوازی کۆنسێرتۆ گرۆسۆی خۆی لەو وەرگرتووە؛ پاشان ڤیڤاڵدی شێوازی نووسین بۆ ڤایۆلینی کۆرێلی گەشەپێدا و فراوانتریکرد. یۆهان سباستیان باخیش لێکۆڵینەوەی لە کارەکانی کۆرێلی کردووە و هەندێک لە سۆناتاکانی ڕێکخستووە و تەکنیکە هارمۆنییەکانی خۆی تێدا جێبەجێکردووە. تەنانەت دەیان ساڵ دوای مردنیشی، یەکێکە لەو کۆمپۆسەرانەی ڕێزی زۆری لێدەگیرێت و بووە بە کەسایەتییەکی ئەفسانەیی، کە بە ئارکانجیلۆی خودایی ناسراوە  il divino Arcangelo.

 

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان