نووسینی: رێژوان تەها
کەم کەسایەتی هەیە لە مێژووی موزیکی ڕۆژئاوادا لە گۆڕەپانی دوو سەردەمی گەورەدا وەک کلاودیۆ مۆنتیڤێردی Claudio Monteverdi (١٥٦٧ – ١٦٤٣) وەستابێت و پردی نێوان دوو قۆناغ بووبێت. موزیسیان و کۆمپۆسەر و مامۆستا، مۆنتیڤێردی قۆناغی کۆتایی ڕێنێسانسی گواستەوە بۆ زمانی دەربڕین و دراماتیکیی باڕۆک؛ ئەم هونەرمەندە نەک هەر وەک یەکێک لە سەرەتاییترین و گەورەترین کۆمپۆسەرانی ئۆپێرا، بەڵکو وەک موزیسیانێکی بەتوانای موزیکی ئایینی و دونیایی دەناسرێت و بەرهەمەکانی هێشتا زیندوون لە هۆڵەکاندا.
مۆنتیڤێردی لە ساڵی ١٥٦٧ لە شاری کرێمۆنا Cremona لە ئیتاڵیا لەدایک بووە، لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا یەکەم کتێبی مادریگالەکانی بڵاوکردووەتەوە. بەرهەمە سەرەتاییەکانی کاریگەریی کۆمپۆسەرانی سەردەمی ڕێنێسانسی وەک پالێسترینایان Palestrina پێوە دیارە، بەڵام تەنانەت لەم پارچانەشدا مۆنتیڤێردی بەکارهێنانی بوێرانەی هارمۆنی و دەربڕینی دەقەکانی نیشانداوە، کە لە هاوسەردەمەکانی جیایکردووەتەوە. لە ساڵانی ١٥٩٠ لە دەرباری دوکی مانتوا Duke of Mantua دامەزرا، لەوێ پەرەی بە تواناکانی خۆی دا وەک کۆمپۆسەر لە هەردوو ستایلی کڵێسایی و شانۆدا.
ژیانی هونەری مۆنتیڤێردی هاوکات بوو لەگەڵ یەکێک لە گرنگترین ململانێکانی مێژووی موزیک: پێکدادانی نێوان “پریما پراتیکا prima pratica” (شێوازی نەریتی و پۆلیفۆنیکی ڕێنێسانس) و “سێکۆندا پراتیکا seconda pratica” (رێبازێکی ئازادتربوو کە ئاماژەکانی سەرەتای موزیکی باڕۆک بوو).
مۆنتیڤێردی بە گرنگییەوە قسەی لەسەر شێواز و داهێنانە نوێکان دەکرد، کە موزیک خزمەت بە مانا و هەستی دەقەکە بکات و سنوورە پێشینەییەکانیش بشکێندرێت لەپێناو گەشەکردنی کۆمپۆزیشن و فۆڕمە موزیکییەکان. ئەم فەلسەفەیە ڕێگەی خۆشکرد بۆ لەدایک بوونی ئۆپێرا، ژانرێک کە دراما و موزیک بە شێوەیەکی دانەبڕاو پێکەوەن و ئەم دوو هونەرە لە هونەرێکدا بەرجەستەدەبن، ئەویش فۆڕمی ئۆپێرایە.
گەورەترین دەستکەوتەکانی مۆنتیڤێردی لە ئۆپێرادا بوو. لە ساڵی ١٦٠٧ بۆ یەکەمجار نمایشی ئۆپێرا لۆرفیۆی L’Orfeo ئەنجامدا کە زۆرجار وەک یەکەم ئۆپێرای گەورە لە مێژوودا دادەنرێت.
ئۆپێراکانی دواتری مۆنتیڤێردی، وەک Il ritorno d’Ulisse in patria (1640) و L’incoronazione di Poppea (1643) کە لە شاری ڤێنیس نووسیونی، پێشکەوتنخوازی و سەلیقەی نوێگەری ئەو نیشان دەدەن. بە تایبەتی پۆپیا Poppea کە قووڵی لە هەست و وێناکردنی بوێرانەی هەستەکانی مرۆڤ و دەسەڵات و ناڕوونی ئەخلاقی مرۆڤ و ژیانکردنی نیشاندەدات. ئەمەش زۆر دوورە لە کەسایەتییە ئایدیالیزەکراوەکانی هونەری ڕێنێسانس.
هەرچەندە ئۆپێرا ناوبانگێکی زۆری بۆ پەیداکرد، بەڵام مۆنتیڤێردی جێپەنجەیەکی قووڵی لەسەر بەشێکی زۆر لە موزیکی ئایینی و دونیاییش بەجێهێشت. لە ماوەی ژیانیدا نۆ کتێبی بڵاوکردۆتەوە؛ مادریگاڵەکانی پەرەسەندنی موزیک لە کۆنتراپۆینتی ڕێنێسانسەوە تا ئیدیۆمی دەربڕین و دراماتیکیی بارۆک نیشاندەدات.
لە ڤێسپرۆ دێلا بیاتا ڤێرجیندا monumental Vespro della Beata Vergine (Vespers of 1610) پۆلیفۆنی ڕێنێسانس لەگەڵ شێوازی کۆنشێرتاتۆی نوێی بارۆک تێکەڵ دەکات و یەکێک لە گەورەترین بەرهەمە ئایینییەکانی ئەو سەردەمە دروست دەکات.
مۆنتیڤێردی دەیەکانی کۆتایی تەمەنی وەک مایسترۆ دی کاپێلا maestro di cappella لە بازلیکای سانت مارک St. Mark’s Basilica لە شاری ڤێنیس کاریکردووە. کە یەکێکە لە بەناوبانگترین پۆستە موزیکییەکان لە ئەوروپا. لەوێ سەرپەرشتی نمایشە لیتۆرگییە گەورەکانی دەکرد و هەندێک لە موزیکە هەرە جوان و بەناوبانگەکانی خۆی لەو سەردەمەدا ئامادەکردووە.
تا کاتی مردنی لە ساڵی ١٦٤٣، مۆنتیڤێردی بناغەکانی موزیکی باڕۆکی داڕشتبوو. داهێنانەکانی لە هارمۆنی و ئۆرکێسترەیشن و دەربڕینی دراماتیکی، کاریگەرییان لەسەر کۆمپۆسەرانی دواتر هەبوو، لە کاڤالی و سێستیەوە تا مەزنەکانی دواتر وەک هاندڵ و باخ.
ئەمڕۆ مۆنتیڤێردی وەک باوکی ئۆپێرا و یەکێک لە کەسایەتییە گرنگەکانی موزیکی ڕۆژئاوایی ناسراوە. بەرهەمەکانی چ ئایینی بن یان دونیایی، لە هۆڵەکانی کۆنسێرت و ئۆپێرادا بە زیندووی ماونەتەوە، ئەمەش بلیمەتی ئەومان نیشاندەدات و نەمری ئەومان بۆدەردەخات.