نووسینی: رێژوان تەها
موزیک کلاسیک کە وەک لوتکەی هونەری موزیکی ئەکادیمی دادەنرێت، بەچەند سەدەیەک موزیکی لە جیهاندا بەرەو ئاستی ئەکادیمی و زانستی بەرەوپێشبرد و لەچوارچێوەیدا. تابلۆیەکی دەوڵەمەندی دەنگ و هارمۆنی تێکەڵکێش لە هەست و دونیابینینەکانی مرۆڤی گرتە خۆی و دەرکەوتەیەکی نوێی موزیکی پەرەپێدا. بووبە پردی نێوان موزیکی گەلان و سیستەمی هاوبەشی تیۆری و زانستی موزیکی لە جیهاندا.
موزیکی کلاسیک بەبێ وشەکانیش ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆح دەدوێت. تەکنیکە جیاوازە تیۆرییەکان و داهێنان و سەلیقەکان لە هارمۆنیدا، بەتەواوەتی کاریگەری لەسەر هەست و نەستی مرۆڤ دادەنێت و لەتەواوی جیهاندا گوێگران هەست بە قووڵی و تایبەتمەندێتی ئەم جۆرە لە موزیک دەکەن. ئەم زمانە گشتگیرە کولتوور و تەمەن و کات تێدەپەڕێنێت. گوێگرتن لە سەمفۆنیایەک یان کۆنشێرتۆیەک تەنها ئەزموونێکی بیستراو نییە! بەڵکو گفتوگۆیەکی مەعنەوی قووڵ و تایبەتە لە نێوان کۆمپۆسەر(دانەر)، ژەنیار و گوێگر.
سەرەڕای بەربڵاوی و باڵادەستی موزیکی باو و ستایلە جۆراوجۆرەکان، موزیکی کلاسیک هێشتا کاریگەری لەسەر موزیکدانان و تێگەیشتن لە موزیک هەیە لە تەواوی دونیا و سەرجەم ستایل و شێوازە جیاوازەکان لە موزیکدا. جیا لە تێگەیشتن و بابەتە تیۆرییەکان بۆ کەسی موزیسیان، بۆ هەموو گوێگرانیش پەروەردەی توانا مەعریفیەکانیان دەکات، سەرنج بەهێزدەکات و فشارە دەروونی و جەستەییەکان کەم دەکاتەوە.
سەرنجڕاکێشی و تایبەتمەندی موزیکی کلاسیک، لە ئاڵۆزی داڕشتن و فرەڕەنگی لەڕووی ئامێر و هێڵە هارمۆنییەکان و تێکەڵکێشکردنی جیاوازی و دەرکەوتە کولتوورییەکانە .
بۆچی گرنگە گوێگری ئەمجۆرە لە موزیک بین؟
١- هەستەکان
موزیک کلاسیک گوزارشتی تەواو لە هەست و خەیاڵەکانی مرۆڤ دەکات: خۆشی، خەم، سەرکەوتن، حەسرەت و ئاشتی…
گوێگرتن لێی دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ ڕێکخستنەوە و تێگەیشتن لە هەستەکان، ئارامگرتن، تێکەڵبوون لەگەڵ خەیاڵەکان.
زۆربەی کات وەک ئاوێنەیەک وایە بۆ هەستەکانمان، کە دەرخەرەوە و نیشاندەری هەستە کپکراوەکان و بیرکردنەوەکانی مرۆڤن بۆ خودی کەسەکە خۆی؛ ئەویش لەڕێگەی شێوازی داڕشتنی کارەکان لەڕووی فۆڕم، جوڵەی جیاواز، ئامێری جۆراوجۆر لە سەرجەم چینەدەنگییەکان، جوڵەکانی کۆرد و بەکارهێنانی هارمۆنی بەشێوازێکی ورد و زانستی.
٢- بەهێزکردنی سەرنج و تەرکیز
توێژینەوەکان دەریدەخەن کە موزیکی کلاسیک، دەتوانێت تەرکیز و سەرنجی مرۆڤ باشتر بکات. ئەویش بەهۆی ئەوەی لە یەک کاتدا گوێبیستی چەند هێڵێکی جیاواز لە میلۆدی و هارمۆنی دەبێت و مێشکی دەکەوێتە شیکارکردن و ناسینەوەی هەمەڕەنگی و هێڵە جیاوازەکانی موزیکەکە. هەر بۆیە بەردەوام پێشنیاردەکرێت لەکاتی خوێندن، کارکردن و بیرکردنەوەدا گوێبیستی ئەم جۆرە لە موزیک ببین.
٣. کەمکردنەوەی فشاری دەروونی
پارچە ئارام و خاوەکانی موزیکی کلاسیک، دەتوانێت فشاری دەروونی کەم بکاتەوە و پەستانی خوێن دابەزێنێت و دەروون ئارام بکاتەوە، وەک چارەسەرێکی سروشتی دەتوانێت لە کاتە جیاوازەکاندا کۆمەکی مرۆڤ بکات کە ئارامی بەدەستبهێنێت و فشارەکانی کۆنتڕۆڵبکات.
٤. تێگەیشتنی ڕۆشنبیری و مێژوویی
موزیکی کلاسیک پەنجەرەیەکە بۆ ناو مێژوو و کولتوور و گۆڕانکارییەکانی مرۆڤ لە قۆناغە جیاوازەکان، بەتایبەت چەند سەد ساڵی پێشوو لە ئەوروپا. هەر پارچەیەک چیرۆکێکی سەردەمی خۆی دەگێڕێتەوە و گوزارشت لە گۆڕانکارییە سیاسی، فیکری، ئابووری، کولتووری و زانستییەکان دەکات. کە موزیکەکە ڕەنگدەرەوەی کۆمەڵگە و سۆز و تێڕوانینە هونەرییەکانە.
٥. داهێنان و ئیلهامبەخشین
گوێگرتن لە موزیکە ئاڵۆز و قووڵەکانی وەک کلاسیک، دەتوانێت مرۆڤ بەرەو دۆخە جیاوازە دەروونی و جەستەییەکان بەرێت کە تێیدا ئارامی قووڵ و تەواو ئەزموون دەکات و بیرۆکە و ئیلهامی داهێنانی بۆدێت لەبوارە جیاوازەکاندا. بەشی زۆر لە نووسەرانی جیهانی و هونەرمەندانی بوارە جیاوازەکان و زانایان.. وەک سەرچاوەی ئیلهام لە موزیکی کلاسیکییان ڕوانیوە.
٦. زمانی گشتگیر
ئەم جۆرە لە موزیک بەهۆی داهێنان و گەشەکردنی بەردەوامی، تەنها لە چوارچێوەیەکی تایبەتی کولتووری و مێژوویدا قەتیس نەماوە؛ بەڵکو بووەتە زمانێکی گشتگیر و موزیکێکی جیهانی. تەنانەت توانای ئەوەی هەیە موزیکی گەلان و ئیتنکە جیاوازەکان لەخۆیدا بەرجەستەبکات و میلۆدییەکانی کولتوورە جیاوازەکان بە بەرزترین ئاست لە داڕشتن و شێوازەکانی خۆی بەرجەستەبکات و ڕەنگی ئەوانی دی بگرێت.