نوسینی: ڕێژوان تەها
سەردەمی کلاسیک (١٧٥٠-١٨٢٠) لە نێوان سەردەمی بارۆک و ڕۆمانتیکدا دەرکەوت و بە قووڵی لە ژێر کاریگەری ڕۆشنگەری و پێشکەوتندا بوو، موزیسیانان لە دژە خاڵی ئاڵۆز (کۆنتراپۆینت) دوورکەوتەوە بەرەو مێلۆدی ڕوون و هارمۆنی سادە و پێکهاتەی هاوسەنگ ڕۆیشتن.
دەبێت جیاوازییەک بکەین لەنێوان قۆناغی کلاسیک و موزیکی کلاسیکی، قۆناغی کلاسیک سەردەمێکە کە ٧٠ ساڵێک بەردەوامی هەبوو. بەڵام موزیکی کلاسیکی، هەموو ئەو قۆناغ و سەردەمانەش دەگرێتەوە کە پەیڕەوی لەم سیستەمە موزیکییە دەکەن، کە لە قۆناغی باڕۆکەوە سەریهەڵدا و تا ئەمڕۆ بەردەوامە.
ئەم قۆناغە فۆڕمی موزیکی گەورەی وەک سەمفۆنیا، سۆناتا، چوارینەی ژێدار و کۆنشێرتۆی گەیاندە ترۆپک. دەربڕینەکان لە موزیکدا سرووشتی بوون و دانەران، لە قاڵب و فۆڕمەکانی قۆناغی باڕۆکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێ و گەشەپێدانی یاخود تێکشکاندنی ڕێچکە کۆنەکان هەنگاویان دەنا.
دانەرە گەورە و دیارەکانی ئەم قۆناغە بریتین لە: جۆزێف هایدن Joseph Haydn، ڤۆڵفگانگ ئامادێوس مۆزارت Wolfgang Amadeus Mozart ، و لۆدڤیک ڤان بیتهۆڤن Ludwig van Beethoven کە بەرهەمەکانی ئایدیاڵە کلاسیکییەکانیان فراوانتر کرد و ڕێگای بەرەو قۆناغی ڕۆمانتیکیان ئامادە کرد.
موزیکی کلاسیک، جیاواز لە قۆناغەکانی پێش و پاش خۆی، هاوسەنگی تێیدا دیار و باڵایە. نوێنەرایەتی هاوئاهەنگی نێوان عەقڵ و هەست دەکات و بەیەکێک لە قۆناغە گرنگ و سەرەکییەکانی دونیای موزیکی کلاسیکی دادەنرێت.



