" type="text/css" > Skip to main content

نووسینی: رێژوان تەها

دیتریچ بوکستێهود Dieterich Buxtehude ( ١٦٣٧-١٧٠٧ ) یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین کۆمپۆسەرەکانی سەرەتای سەردەمی بارۆکە. هەرچەندە ناوەکەی و موزیکەکانی کەمتر لە باخ و هاندڵ لای خەڵکی ئاشنایە؛ بەڵام موزیکەکانی ئەم گەشەی بە ئۆرگانی نەریتی ئەڵمانی دا و ڕێگەی داهێنان و نوێگەری بۆ ئەو موزیسیانە گەورانە خۆش کرد کە بەدوایدا هاتبوون.

بوکستێهود لە شاری هێلسینگبۆرگ Helsingborg لەدایکبووە، کە ئەوکات بەشێک لە دانیمارک بووە (ئێستا بەشێکە لە سوید). بۆکستێهود لە ژینگەیەکی موزیکی گەورە بووە و باوکیشی یۆهانس بوکستێهود Johannes Buxtehude ژەنیاری ئامێری ئۆرگان organ بووە.

دوای پلە و پۆستە سەرەتاییەکانی لە هێلسینگبۆرگ Helsingborg و ئێلسینۆر Elsinore، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا بەهۆی لێهاتوویی لە ئامێری ئۆرگان و تواناکانی لە ژەنین و کۆمپۆسکردن. لە ساڵی ١٦٦٨ گەیشت بە گرنگترین پۆستی ژیانی پیشەیی خۆی، ئەویش ئۆرگانیست بوو لە مارینکیرش (کڵێسای سانت مەریەم) Marienkirche (St. Mary’s Church) لە شاری لوبێک Lübeck لە ئەڵمانیا.

بوکستێهود نزیکەی چل ساڵی لە شاری لوبێک بەسەر برد، لەوێ بوو بە کەسایەتییەکی سەرەکی و ناسراو لە موزیکی شارەکەدا. لە کڵێساکە یەکێک لە باشترین ئۆرگانەکانی ئەوروپایان پێشکەش کرد و بوکستێهودی کرد بە چرایەک بۆ موزیسیانان لە سەرانسەری کیشوەری ئەوروپادا.

لە بەناوبانگترین کارەکانی ئابێندموسیکن Abendmusiken بوو. زنجیرەیەک کۆنسێرتی ئێواران کە لە کڵێساکەدا بەڕێوەدەچوو بۆ خەڵکی ئاسایی بەخۆڕایی و بێ بەرامبەر، کە لەلایەن بازرگانانی دەوڵەمەندەوە پارەی بۆ دابین دەکرا. ئەم کۆنسێرتانە موزیکی ئایینی بوون و هەندێکجار سوودی لە فۆڕمە دونیاییەکانیش وەردەگرت.

• موزیکی ئامێریی ئۆرگان: کۆمپۆسەکانی بۆ ئەم ئامێرە، لەوانەش تۆکاتا toccatas و پڕلیودەکان preludes. کاریگەرییان لەسەر یۆهان سباستیان باخ هەبوو، کە دەگوترێت لە ساڵی ١٧٠٥  بە پێ زیاتر لە ٢٥٠ میلی لە ئارنستادەوە بۆ لوبێک بڕیوە تەنها بۆ گوێگرتن لە ژەنینی بوکستێهود و فێربوون لێی.

• موزیکی دەنگی: زیاتر لە 100 کانتاتای پیرۆز و ئایینی نووسیوە، پڕن لە وشەسازی جوان و هەست و سۆزی قووڵ. ئەم بەرهەمانە زۆرجار دەقەکانی کتێبی پیرۆزن (ئینجیل) کە لەگەڵ ڕەنگدانەوە شیعرییەکاندا تێکەڵی دەکرد، کە لەهەمان کاتدا هەم پەرستش و هەم شانۆ لەخۆیاندا بەرجەستە دەکەن.

• بەرهەمە ئامێرییەکان: هەرچەندە ژمارەیان کەمترە، بەڵام کۆمپۆسەکانی بۆ چەمبەر و هارپسیکۆرد، سەلیقە و تواناکانی بوکستێهود نیشان دەدەن، کە پردێکی کولتووری و موزیکی لە نێوان ستایلەکانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیادا دروست دەکەن.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان