نووسینی: رێژوان تەها
سەردەمی باڕۆک Baroque Period (١٦٠٠-١٧٥٠ز) یەکێک بوو لە سەردەمە گرنگ و ناوازەکان لە مێژووی کولتووری ئەوروپادا. لە دوای ڕێنێسانس و پێش سەردەمی کلاسیک سەریهەڵدا، سەردەمی تێگەیشتن و هەستانە سەرپێی هونەرەکان و هێزی دەربڕین بوو. زاراوەی باڕۆک لە وشەی پورتوگالی “بارۆکەوە barroco” هاتووە کە بە واتای “مرواری ناڕێک” دێت.
باڕۆک لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و ئایینی و زانستیەکاندا پەرەی سەند. هونەری باڕۆک بە جووڵە و سۆز و نواندن تایبەتمەند بوو. نیگارکێشانی وەک: کاراڤاجیۆ Caravaggio و پیتەر پاوڵ ڕوبێنس Peter Paul Rubens شێوەکارانی بلیمەتی ئەم قۆناغە و هونەرمەندانه وەک: جیان لۆرێنزۆ بێرنینی Gian Lorenzo Bernini پەیکەرتاشی ئەم قۆناغە گرنگە هونەرییە بوون. هونەری تەلارسازیش جەختی لەسەر گەورەیی و فراوانی دەکردەوە، لەگەڵ قوبە و دیکۆراتی گرانبەها. نموونەی ئەمانە بریتین لە بازلیکای سانت پیتەر لە ڕۆما St. Peter’s Basilica و کۆشکی ڤێرسای Palace of Versailles لە فەرەنسا. لەڕووی فەلسەفییەوە یەکێک لە گەورەترین فەیلەسووفانی مێژوو دەرکەوت کە ڕینێ دیکارت René Descartes کە فەلسەفەی بە عەقڵ و میتۆد داڕشت و بیرکردنەوە و تێڕامانەکانی کاریگەری عەقڵی گەورەی هەبوو لەسەر قۆناغەکە و قۆناغەکانی دواتر.
موزیک لە سەردەمی بارۆکدا ئاڵۆزتر و پێکهاتەدارتر بوو و زیاتر نزیکبووەوە لە دەربڕینەکانی مرۆڤ. چەندین فۆرم و شێوازی موزیکی تێیدا ناسرا و گەشەیکرد، کە تا ئەمڕۆش بە ناوەندی ماونەتەوە. ئۆپێرا بەڕوونی بەدەرکەوت و کەوتە سەرپێیەکانی، کە دراما و موزیک و شانۆیی لەخۆیدا کۆکردووەتەوە. پێشەنگانی سەرەتایی ئەم فۆڕمە بریتین لە: کلۆدیۆ مۆنتیڤێردی Claudio Monteverdi و دواتر جۆرج فریدریک هاندڵ George Frideric Handel. موزیکی ئامێری لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆنشێرتۆ و سۆناتا و سویت گەشەیسەند و پۆلیفۆنی و کۆنتێرپۆینت لە بەرهەمەکانی یۆهان سباستیان باخ Johann Sebastian Bachدا گەیشتە ترۆپکی خۆی.
کۆمپۆسەرە گەورەکانی دیکەی ئەم قۆناغە بریتین لە: ئەنتۆنیۆ ڤیڤاڵدی Antonio Vivaldi، ئارکانجێلۆ کۆرێلی Arcangelo Corelli، ژان باپتیست لولی Jean-Baptiste Lully و هێنری پورسێل Henry Purcell.
Johann Sebastian Bach (1685 – 1750)
سەردەمی باڕۆک دەستپێکێکی مەزن بوو لە گۆڕانکارییە گەورەکانی هونەر و موزیک، کە بەشێکی زۆر لە دەستکەوت و تیۆری و تێگەیشتنەکانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی بۆ موزیک، بۆ ئەو قۆناغە دەگەڕێتەوە و بلیمەتانی ئەم قۆناغە داڕێژەر و گەشەپێدەری بوون.