" type="text/css" > Skip to main content

رێژوان تەها

باغڵەمە Bağlama, لە جیهاندا بەزۆری بە ساز Saz ناوی دەهێنردرێت و لە باکووری کوردستان بە گشتی پێی دەگوترێت تەمبوور. باغڵەمە لە زمانی تورکیدا بەمانای بەستراو دێت. ساز بەمانای ئامێری موزیکی دێت و تەمبووریش لە ئامێری تەمیرەی یارسان-عەلەوییەکانەوە هاتووە، کە یەکێک لە کۆنترین ئامێرەکانی کوردستانە و بە دایکی ئامێرە ژێدارەکانی لەو شێوەیە دادەنرێت.

باغڵەمە، یەکێکە لە ئامێرە موزیکییە هەرە دیار و بەرچاوەکانی ئەنادۆڵ Anatolia، نەک تەنها وەک ئامێرێک بۆ دروستکردنی دەنگ، بەڵکو وەک هەڵگری یادەوەری و ناسنامە و بەرخۆدان و گەشەی کولتووری ناسراوە و بەردەوام لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیدا دەبیندرێت. ڕەگ و ڕیشەی لە کولتووری دێرینی کوردستان و بەتایبەت ئەنادۆڵدایە. بەدرێژایی چەندین سەدە لە مێژووی ئەنادۆڵ و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. باغڵەمە تەنها ئامێرێکی موزیکی نییە، بەڵکو هەڵگری کولتوورێکی دێرین و ڕەسەنی ناوچەکە و کوردستانە، سەرجەم ناسنامە کولتوورییەکانی ناوچەکەی لە سینەی خۆیدا هەڵگرتووە.

لە زۆرێک لە نەریتە موزیکییەکاندا، ئامێرەکان بە پلەی یەکەم خزمەت بە مەبەستی جوانی و چێژ، یان کات بەسەربردن دەکەن. بەڵام لە ئەنادۆڵدا باغڵەمە ئەم ڕۆڵە تێدەپەڕێنێت. بە قووڵی لە نەریتی زارەکی و پراکتیکی ڕۆحی و دەربڕینی سیاسی و ناسنامەی کۆمەڵایەتیدا چەسپاوە. بۆ چەندین سەدە بەغڵەمە هاوڕێ و هاودەمی: شاعیران، چیرۆکنووسان، شۆڕشگێڕان، عاریفان و گوندنشینان بووە. چیرۆکەکانی: ئازار، خۆشەویستی، دەربەدەری، ئیمان و بەرخۆدانی گێڕاوەتەوە.

لە ڕوانگەی ئەنترۆپۆلۆژییەوە، باغڵەمە وەک داهێنانێکی کولتوورییە، کە لە ڕێگەیەوە زانین و ئەخلاق و مێژوو لە نێوان نەوەکاندا دەگوازرێتەوە. ئەرشیفێکی بینراو و بیستراوی ئەنادۆڵە.

باغڵەمە سەر بە بنەماڵەی تەمیرەیە(تەنبوور)، کە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ کوردستانی کۆن.

لەگەڵ کۆچکردنی گەلانی تورک بەرەو کوردستان و ئەنادۆڵ، ئەم نەریتە موزیکییەیان وەرگرت و فێریبوون. بە تێپەڕبوونی کات، ئامێرەکە لە ڕووی پێکهاتەیی و موزیکییەوە لە وەڵامی ژینگە کولتوورییە نوێیەکاندا پەرەی سەند.

ئەمڕۆ ئەم ئامێرە جۆر و شێوازی زۆرن، بەپێی گۆڕانکارییە سەردەمی و کولتوورییەکان، داهێنانی تێداکراوە و شێواز و جۆری دیکەی بەرهەمدەهێنرێن.

بەشێک لە جۆرە بەرچاو و دیارەکانی ساز:

سازی باغڵەمە Bağlama: باوترین جۆری سازە، حەوت ژێی هەیە و قەبارەی مامناوەندە. جۆری دەست کورت و دەسک درێژی هەیە و ژەنیار و خوازیاری لە کوردستان و تورکیادا زۆرە.

سازی دیوان Divan: جۆرێکی دیکەی سازە و دەسکەکەی درێژترە. ئەم جۆرە دەنگێکی قووڵ و گڕی هەیە و زیاتر لە موزیکی کلاسیکی ئەنادۆڵ و لە کۆنسێرتەکاندا بەکاردێت.

سازی جووڕاCura: بچووکترین جۆری سازە و دەنگێکی بەرز و تیژی هەیە. ئەم جۆرە زۆرجار لەلایەن منداڵان و فێرخوازانەوە بەکاردێت بۆ فێربوونی سەرەتایی، هەروەها لە هەندێک ناوچە بۆ شێوازی موزیکی تایبەت بەکاردێت.

سازی بوزووق Bozuk: جۆرێکی تایبەتە کە زیاتر لە یۆنان و بەشێک لە تورکیا باوە. ئەم جۆرە ملێکی زۆر درێژی هەیە و ژێیەکانی زیاترن.

سازی مەیدان Meydan: لەوانی دیکە گەورەترە و دەنگ گڕترە.

چەندین جۆر و شێوازی دیکە، کە لەسەر خواستی کەسی، یاخود بۆ پارچەیەکی موزیکی تایبەت دروستدەکرێن و بەربڵاونین. لەڕاستیدا پۆلێنکردنی ئامێرەکانم لەسەر پێوەری ناسین و توێژینەوەکانی خۆم کردووە و لەو ڕوانگەیەوە دەدوێم، کە پێشتر لە نووسین و بەرنامەکانمدا دەربارەی قسەمکردووە و ڕونکردەوەم داوە. من سوود لە زانستەکانی (ئەنترۆپۆلۆجی، سۆسیۆلۆجی، ئیتنۆموزیکۆلۆجی) وەردەگرم بۆ لێکۆڵینەوەکانم، تا تەواو زانستی و ڕاستەقینەبن.

بەڵام بەداخەوە توێژەر و لێکۆڵەر لە گەلانی دیکە، یاخود توێژەرە ڕۆژئاواییەکان، تەنها لە ڕوانگەیەکەوە قسە لەسەر بابەتەکە دەکەن، ئیدی یا دەیبەنە خزمەت ئایدۆلۆژیا و ڕوانینی خۆیان، یان پێوەرێکی هەڵە بەکاردێنن بۆ ناسینیان؛ بەڵام لێرە تەواو بە بێلایەنی و تێگەیشتنێکی دروست لەو لایەنانەی باسمکرد، بابەتەکانم دەخەمەڕوو و خوێنەرانم ئاشنای ڕاستییەکان دەکەم، دەربارەی کولتوور و موزیکی خۆیان و ئەوانی دی.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان