رێژوان تەها
موزیکی پۆپ ئەرەبێسک (Pop-Arabesk) شێوازێکی مۆدێرنی موزیکی ئەرەبێسکە، کە لە کۆتایییەکانی ساڵی ١٩٩٠ و سەرەتای ٢٠٠٠دا وەک تێکەڵەیەک لە ئاوازە ڕۆژهەڵاتییە خەمناکەکان و ڕیتمە خێراکانی پۆپی ڕۆژئاوایی سەریهەڵدا. ئەم ستایلە هەوڵێک بوو بۆ نوێکردنەوەی ئەرەبێسکی کلاسیک و گونجاندنی لەگەڵ سەردەمی مۆدێرن، کە تێیدا ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و گیتار لەپاڵ باغڵەمە، عود، ڤایۆلین و قانوون بەکارهێنران. هونەرمەندانی وەک: سێردار ئۆرتاچ Serdar Ortaç، لینێت Linet، گۆکهان ئۆزەن – Gökhan Özen، ڕۆبەر هاتێمۆ Rober Hatemo، ئیزەت یڵدزهان İzzet Yıldızhan، بێنتو Bengü.. بە تێکەڵکردنی ڕیتمی ڕۆژئاوایی لەگەڵ تێکستی پڕ لە عەشق، ئەم ستایلەیان گەیاندە لووتکە.
یەکێک لە دیارترین موزیسیانانی ئەم بوارە ئۆزان دۆغڵو (Ozan Doğulu)یە کە وەک ئارێنجەر ڕۆڵێکی گەورەی لە داڕشتنەوەی ئەم ستایلەدا هەبووە. هونەرمەندانی وەک هاکان ئاڵتون (Hakan Altun) و ئیبرۆ گوندەش (Ebru Gündeş) بە شێوازی تایبەتی خۆیان، توانیان جەماوەرێکی فراوان لە گەنجان بۆ ئەم ستایلە ڕابکێشن. سینان ئاکچیڵ (Sinan Akçıl) وەک ئاوازدانەر و گۆرانیبێژ، توانی تێکستە سادەکانی پۆپ لەگەڵ مەقام و تەکنیکەکانی ئەرەبێسکدا گرێ بدات.
ئەم شێوازە موزیکییە لە یانە شەوانەکان و ئاهەنگە گەورەکاندا بوو بە موزیکی سەرەکی و جێگەی ئەرەبێسکە کلاسیکە خەمناکەکەی گرتەوە. یڵدز تیلبە (Yıldız Tilbe) بە یەکێک لە شاژنەکانی ئەم شێوازە دادەنرێت، کە ئاوازەکانی هەمیشە تێکەڵەیەک بوون لە کێش و سەرواکانی پۆپ و ڕۆحییەت و هەستی ئەرەبێسک.
موزیسیانان لەم ستایلەدا زیاتر جەخت لەسەر کوالێتی تۆمارکردنی ستۆدیۆ و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دەنگی نوێ دەکەنەوە بۆ ئەوەی گوێگر هەست بە بێزاری و دوبارەبوونەوە نەکات. ئەمڕۆ پۆپ ئەرەبێسک گۆڕاوە بۆ پیشەسازییەکی گەورە لە تورکیا و زۆربەی گۆرانییە هەرە پڕ بینەرەکانی یوتیوب سەر بەم ستایلەن. ئەم موزیکە توانیویەتی سنوورەکانی تورکیا ببەزێنێت و لە وڵاتانی دیکەش هەوادارێکی زۆر بۆ خۆی کۆبکاتەوە. لە ڕاستیدا پۆپ ئەرەبێسک پردێکە لە نێوان ڕابردووی فۆلکلۆری و داهاتووی مۆدێرنی موزیکی ناوچەکە.



