" type="text/css" > Skip to main content

رێژوان تەها

موزیکی ئەرەبێسک لە سینەما و درامای تورکیدا تەنها بەڕێکردنێکی دەنگی نییە، بەڵکو تەواو گوزارشت لە ناواخنی چيرۆکە دڵداری، خیانەت، تێکشکان و هەژاری دەکات. لە ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠دا، ئەم موزیکە بوو بە ناوەڕۆکی سەرەکی فیلمەکان و چەمکی “فیلمی ئەرەبێسک” سەریهەڵدا، کە تێیدا گۆرانیبێژە بەناوبانگەکان ڕۆڵی پاڵەوانیان دەبینی، بۆ نموونە: ئیبراهیم تاتڵیساس، فەردی تەیفوور و موسلووم گوورسێش. ئەم فیلمانە زۆرجار چیرۆکی گەنجێکی هەژاریان دەگێڕایەوە کە لە لادێوە دەهاتە شارە گەورەکان و ڕووبەڕووی بێبەختی و عەشقێکی ناکام دەبووەوە. 

موزیکی ئەرەبێسک لەم فیلمانەدا ئامرازێک بوو بۆ دەربڕینی ئازار، خەم، و نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتییەکان کە بینەران بە قووڵی هەستیان پێ دەکرد و دەگریان. تەنانەت دەبوونە هەوادارێکی سەرسەختی هونەرمەندەکە، یاخود گۆرانییەکی تایبەت لەناو فیلمەکە، لەڕێگەی تێکەڵکێشی دیمەنەکان و گۆرانییەکە.

 لە دراما نوێیەکانیشدا، ئەرەبێسک وەک هێمایەک بۆ گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی و دەربڕینی هەستی کارەکتەرەکان لە ساتە هەرە ناخۆشەکاندا بەکاردێت. ئەم موزیکە بەهۆی ئاوازە غەمگینەکانی و تێکستە پڕ لە ناڵە و سکاڵاکانی، جەخت لەسەر لایەنە سۆزدارییەکانی فیلم و دراماکان دەکاتەوە. کاریگەری ئەرەبێسک ئەوەندە بەهێزە کە زۆرجار ناوی فیلمەکان لەسەر ناوی گۆرانییە هەرە بەناوبانگەکانی ناو فیلمەکە دادەنران. وەک: Tövbe (ئیبراهیم تاتڵیساس)، İtirazım Var (موسلیم گورسێس)، Sisli Dünya (فەردی تەیفور)، Elveda Dostum (ئومیت بێسێن)، Utanmıyorum (گۆکهان گۆنی)، Son Mektup (موسلیم گورسێس)، Fani Dünya (ئۆرهان گەنجەبای)، Yanmışım (ئیبراهیم تاتڵیساس)، Dertler Benim Olsun (ئۆرهان گەنجەبای)، Neden (ئیبراهیم تاتڵیساس)..

 لەڕێگەی ئەم هونەرەوە، سینەمای تورکی توانی پیوەندییەکی پتەو لەگەڵ چینە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە دروست بکات و دەنگی ئەوان بێت. ئەرەبێسک لە شاشەکاندا ئاوێنەیەک بووە بۆ نیشاندانی گۆڕانکارییە خێراکانی تورکیا و ململانێی نێوان ژیانی مۆدێرن و کلتووری فۆلکلۆری. تەنانەت ئێستاش لە دراما جیهانییەکانی تورکیادا، کاتێک دەرهێنەر دەوێت قووڵایی خەمێکی قووڵی عاشقانە و بێکەسی نیشان بدات، پەنا بۆ گۆرانی و ئاوازە ئەرەبێسکەکان دەبات. لە کۆتاییدا، گەرچی ئەرەبێسک ستایلێک نییە لە لوتکەدا، تەنها لەسەر بنەمای چێژ و هەستەکان درووستدەکرێت، وە پەیامی قووڵ و فەلسەفەی لەپشت نییە. بەڵام گۆرانیبێژ و ژەنیاری زۆر گەورەی بەرهەمهێنا، کە توانا و لێهاتووییەکانیان لەم ستاییلەدا تەرخانکرد و چەندین گۆرانی چێژبەخشیان بەرهەمهێنا، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا هەوادارێکی زۆریان دروستکرد.

تا ئەمڕۆش تورکیا لەڕێگەی فیلم و گۆرانییەکانی ئەرەبێسک، داهاتێکی زۆر بۆ وڵاتەکە کۆدەکاتەوە و کاڵا و بەرهەمەکانی خۆی لەڕێگەی ئەم بابەتە کولتوورییەوە، لە جیهان بەگشتی و کوردستان و جیهانی عەرەبی بەتایبەتی ساغدەکاتەوە. ساڵانەش گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە تورکیا دەکەن، بەتایبەت شارە دیارەکانی کە ئەرەبێسک تیایان بەربڵاوە وەک: ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر. ئەمەش جۆرێکە لە بەکارهێنانی نەرمەهێز (سۆفت پاوەر) کە تورکیا بەکاریدەهێنێت.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان