" type="text/css" > Skip to main content

رێژوان تەها

ئەرەبێسک لە سیستەمی ماقاماتی موزیکی تورکی و عەرەبی کەڵک وەردەگرێت، بەڵام بە شێوەیەکی ئاسانتر لە مۆزیکی کلاسیک. ماقامەکان بەگشتی بەشێوەیەکی خەمناک دەژەندرێن و سەرنج لەسەر خەم و بێتاقەتییە لە ژەندن و چڕینیدا.

مەقامەکانی وەک: حیجاز، هوزام، ڕاست، کورد، بەیات و سەبا بەگشتی بەکاردێن و مەقامی سەرەکین لەم ستاییلەدا.

لە بەراورد بە ڕیتمە ئاڵۆزەکانی هاڵک موزیک، ئەرەبێسک زۆرجار ڕیتمی ساکارتری وەک: ٤/٤ یان ٦/٨ بەکاردەهێنێت، کە بۆ گوێی خەڵکی ئاسان و سادەن.

دەنگی گۆرانیبێژانی ئەرەبێسک تایبەتمەندی خۆی هەیە لەوانە: 

ڤایبراتۆی قوڵ، گلیساندۆ، دەنگێکی خەمبار و عاشقانە، ئەدای دەنگ: تەکنیکی بەرزکردنەوە و نزمکردنەوەی دەنگ بە شێوەیەکی دراماتیک.

ئەرەبێسک بە “مۆزیکی خەم” ناسراوە، چونکە گۆرانییەکانی زۆرجار بابەتی خەمناک و تێکشکان دەگرنەوە:

خۆشەویستی و شکان: زۆربەی گۆرانییەکان دەربارەی خۆشەویستی ناجێگیر و تاکلایەنە، جیابوونەوە و دڵشکاوین.

هەژاری و نەبوونی: وەسفی ژیانی سەخت، نەهامەتی و نایەکسانی کۆمەڵایەتین.

دڵتەنگی و تەنهایی: هەستی دابڕان لە شوێنی لەدایکبوون و خێزان.

چارەنووس (قەدەر): باوەڕ بەوەی کە ژیان بە پێشوەختە نووسراوە و مرۆڤ هیچ کۆنترۆڵێکی لەسەر چارەنووسی خۆی نییە و کەسی گۆرانیبێژ دەوری کەسێکی نەگبەت و بێبەخت دەبینێت.

خیانەت و ئازار: هەستی ئازاردان لە لایەن مەعشووق، هاوڕێ و کۆمەڵگە؛

خولیای مەی و ماددەی هۆشبەر: وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لە ئازارەکان. بۆیەش لە زۆربەی کلیپ و فیلمەکانی هونەرمەندانی ئەم ستاییلە، مەی و جگەرە بەشێکی سەرەکین.

جیا لە گۆرانی، لەڕووی ژەنینیشەوە ئەرەبێسک خاوەنی هونەرمەند و ژەنیاری بەتوانایە، دیارترینیان:

ئۆرهان گەنجەبای – Orhan Gencebay (باغڵەمە) ئیسماعیل تونچبێلەک – İsmail Tunçbilek (باغڵەمە)

ئیلیاس تێتیک – İlyas Tetik (ڤایۆلین)

سەندور گوزێلێل – Sendur Güzelel (ڤایۆلین)

ئایتاچ دۆغان – Aytaç Doğan (قانوون)

حوسنو شەنلەندیریجی – Hüsnü Şenlendirici (کلارنێت)

بەگشتی ئەرەبێسک ستایلێکی سادە و ئاسانە، خەڵکی حەز بە گوێگرتن لێی دەکەن. ئەم ستایلە هەوڵی داهێنان و گەشەی تێدانادرێت، بەڵکو زیاتر سەرنجی لەسەر خستنەڕووی خەم و ئازارەکانی ڕۆژانەی خەڵکە و لەسەر هەمان ڕەوتی کۆنی خۆی دەڕوات، بۆیەش لە ژیان و هەستەکانی خەڵکییەوە نزیکە و خەڵکی هەست بە نزیکی و هاوخەمی دەکەن، کاتێک گوێی لێدەگرن.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان