" type="text/css" > Skip to main content

نووسینی: رێژوان تەها

ئەنتۆنیۆ ڤیڤاڵدی Antonio Vivaldi (١٦٧٨-١٧٤١) کۆمپۆسەرێک کە ڕۆحی سەردەمی بارۆکی لە میلۆدییەکانیدا بە زیندوویی پاراستووە و گوزارشت لەو قۆناغە لە ئیتاڵیا دەکات. بۆیە ناسینی ئەم هونەرمەندە ناسینی موزیکە لە ئیتاڵیا و کاریگەری و داهێنانەکانی قۆناغی باڕۆک لە ئیتاڵیادا.

ڤیڤاڵدی بەهۆی قژە سوور و ڕەونەقدارەکەی و پێگە ڕۆحانی و ئایینییەکەی بە “ئیل پریت ڕۆسۆ Il Prete Rosso” (“قەشە سوورەکە”) ناسرابوو. ئەو نەک هەر تەنها ڤایۆلینژەنێکی بلیمەت و بەتوانا بوو، بەڵکو کۆمپۆسەرێکیش بوو کە بەرهەمەکانی بەتەواوی گوزارشت و نیشاندەری سەدەی هەژدەهەمی ئەوروپا، بەتایبەت ئیتاڵیان.

ڤیڤاڵدی لە شاری ڤێنیس Venice لەدایکبووە، شارێکی زیندوو بە هونەر و بازرگانی و موزیک. باوکی، جیۆڤانی باتێستا ڤیڤاڵدی Giovanni Battista Vivaldi، ڤایۆلینژەنێکی پڕۆڤیشناڵ و کارامە بوو؛ لە بازلیکای سانت مارک St. Mark’s Basilica. بەبۆی ڕۆشنبیری باوکی و تێگەیشتوویی لە موزیکدا، هەر لە منداڵییەوە ژینگەیەکی تایبەتی موزیکی بۆ کوڕەکەی دروستکرد و خستیەسەر ڕێڕەوی گەشەکردن و خۆپێگەیاندن لە ژەنینی ئامێری ڤایۆلین و کۆمپۆزیشن. ڤیڤاڵدی هەر لە سەرەتای منداڵییەوە بەهرە و توانای بێوێنەی لە ژەنینی ڤایۆلین نیشان دەدا، بۆیە سەرنجی خەڵکی، بەتایبەت باوکی و پیاوانی ئایینی بۆخۆی ڕادەکێشا.

ڤیڤاڵدی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەستی بە خوێندن و ڕاهێنان کرد لە وانە ئایینییەکان و هەنگاونان بەرەو بوون بە قەشە. ئەم پۆست و پێگە ئایینییەی هەرگیز ڕێگری لێنەکرد لە کارە موزیکییەکانی؛ بەڵکو بەپێچەوانەوە ڕەنگدانەوەی هەردوو دونیای ئایینی و موزیکی لە ژیانیدا هەستیپێدەکرا، کە هەم قەشەیەکی هونەری و هەم موزیسیانێکی ئایینی بوو.

ئۆسپێدال دێلا پیتا The Ospedale della Pietà، کە خانەی بێسەرپەرشتانی کچانە لە ڤێنیس، بەشێکی گرنگ لە ژیانی پیشەیی ڤیڤاڵدی بوو. لەوێ چەند دەیەیەک وەک مامۆستای ڤایۆلین و ژەنیار و کۆمپۆسەر کاری کردووە. پیتا یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین ئۆرکێسترا و جێگە هونەرییەکانی ئەو سەردەمەبوو، کە بە تەواوی لە ژنانی گەنج پێکهاتبوو.

لە قۆناغی کارکردن لەوێدا، ڤیڤاڵدی سەدان بەرهەمی بۆ ئامادە کردوون، لە پارچە کۆڕاڵە پیرۆز و ئایینییەکانەوە تا کۆنشێرتۆکان. ئەم نمایشانە گەشتیاران و کەسایەتییە دیارەکانی لە سەرانسەری ئەوروپادا کۆدەکردەوە و بەرەو خۆی ڕایدەکێشان، ناوبانگی شاری ڤێنیسی لە ئەوروپادا زیاتر کرد و وەک ناوەندێکی داهێنانی موزیکی تەماشادەکرا.

گرنگترین داهێنانەکانی ڤیڤاڵدی لە کۆنشێرتۆکانیدان، بە تایبەت ئەوانەی کە بۆ ئامێری ڤایۆلینن. زیاتر لە ٥٠٠ کۆنشێرتۆی ئامادە کردووە. بەناوبانگترین بەرهەمی ئەو ناوی “چوار وەرزە Le quattro stagioni” کە بازنەی چوار کۆنشێرتۆی ڤایۆلینە و دیمەن و وێنەی موزیکی زیندوو نیشاندەدات، وەک: چریکەی باڵندەکان لە بەهاردا، گەرما و کەشی هاوین، سەمای دروێنە لە پاییز و سەرمای کەللەتەزێنی زستان. ڤیڤاڵدی لەم کارەیدا بەتەواوەتی هەست و خەیاڵەکانی خۆی لە موزیکدا نەخشاندووە و گوزارشتی لە دۆخ و تایبەتمەندییەکانی چوار وەرزەکەی ساڵ کردووە. بەم جۆرە ئیدی ڤیڤاڵدی بوو بە یەکێک لە سەرەتاییترین ڕێبەرانی ئەم جۆرە لە موزیک؛ موزیکێک کە چیرۆک دەگێڕێتەوە یان دیمەنێک بەبێ بەکارهێنانی وشە لەخەیاڵدا دەکێشێت.

جیا لە کۆنشێرتۆکان، ڤیڤاڵدی لە ئۆپێرا و سۆناتا و موزیکی ئایینیش شارەزا و بلیمەت بووە. بۆیە لە ماوەی ژیانیدا ناوبانگێکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا. بەرهەمەکانی لە سەرانسەری ئەوروپادا بڵاودەکرانەوە و لەلایەن هونەرمەندانی ئەوکاتە بەتایبەت (یۆهان سباستیان باخ)ەوە پەسەندکراوبوون و باخ پێیان سەرسامبوو، بۆیە لە کۆنشێرتۆکانی ڤیڤاڵدی دەکۆڵییەوە و دووبارە دەینوسینەوە.

ڤیڤاڵدی پاش مەرگی بەهۆی دەرکەوتنی کۆمپۆسەرە گەورەکانی قۆناغی کلاسیک، ناوی ونبوو و کارەکانی کەمتر گوێی لێدەگیرا و دەژەندرانەوە. بەڵام سەدەی بیستەم ڤیڤاڵدی دووبارە ژیاندەوە! ئەو دەستنووسانەی کە لە کتێبخانەکاندا شاراوە بوون و پشتگوێخرابوون، هێنرانەوە دەرێ و موزیسیانان جارێکی دیکە ئاشنابوونەوە بە سەلیقە و داهێنانەکانی ئەم هونەرمەندە. ئەمڕۆش موزیکەکانی لە سەرانسەری جیهاندا پێشکەشدەکرێن و بەردەوام گوێگریان هەیە؛ بەتایبەت موزیکی (چوار وەرزە) کە لەڕیزی کارە بەناوبانگەکانی جیهانە و زۆرینەی گوێیەکان پێی ئاشنایە.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان