" type="text/css" > Skip to main content

ناوی نۆتەکانی موزیک لە کەنیسەیەکی سەدەی یازدەوە بۆ تەواوی جیهان

زۆربەمان ڕۆژانە یان لە کاتی گوێگرتن لە موزیک ناوی نۆتە سەرەکییەکان (دۆ، ڕێ، می، فا، سۆ، لا، سی) دەبیستین، بەڵام ئایا دەزانیت ئەم ناوانە چۆن بوونە زمانی هاوبەشی هەموو جیهان و چیرۆکی پشت داهێنانیان چییە؟

مێژووی ئەم سیستمە بۆ کەنیسەیەکی ئیتاڵی لە سەدەی یازدەیەمی زایینی دەگەڕێتەوە.

 سروودێکی ئایینی بوو بە زمانی جیهانیی موزیک

لە دەوروبە ساڵی 1025ی زایینی، ڕاهیب و تیۆریستێکی موزیکی ئیتاڵی بە ناوی گایدۆ دۆرێزۆ (Guido d’Arezzo) دوای ئەوەی تێبینی کرد قوتابییەکانی کەنیسە لە لەبەرکردنی ئاوازەکاندا زۆر ماندوو دەبن، بڕیاریدا ڕێگەیەکی ئاسان دابهێنێت.

گایدۆ سروودێکی ئایینی لاتینی ناسراوی ئەو سەردەمەی بەکارهێنا کە بۆ ستایشی “قەشە جۆن” نووسرابوو بە ناوی “Ut queant laxis”. ئەم سروودە لە شەش دێڕ پێکهاتبوو، لێهاتوویی گایدۆ لەوەدا بوو کە هۆنراوەی سروودەکەی بە شێوازێک ئاوازبۆ دانا کە هەر دێڕێکی نوێ، یەک پلەی دەنگی (Pitch) لە دێڕەکەی پێش خۆی بەرزتر دەبوو. ئەویش بڕگەی یەکەمی هەر دێڕێکی وەرگرت و کردی بە ناوی ئەو نۆتە دەنگییە:

  • Ut queant laxis (کە دواتر گۆڕدرا بۆ Do)
  • Resonare fibris
  • Mira gestorum
  • Famuli tuorum
  • Solve polluti
  • Labii reatum

بەپێی ئەم داهێنانە، یەکەم گامی موزیکی لە شەش نۆتەی سەرەکی پێکهات: Ut – Re – Mi – Fa – Sol – La.

چۆن “Ut” بوو بە “Do” و نۆتەی “Si” لەکوێوە هات؟

ئەم سیستمە سەرەتاییە بۆ ماوەی چەند سەدەیەک کاری پێکرا، بەڵام دواتر دوو گۆڕانکاری سەرەکی بەسەردا هات بۆ ئەوەی ببێتە ئەم حەوت نۆتەیەی ئەمڕۆ دەیانناسین:

  • لە Ut بۆ Do: گۆکردنی بڕگەی “Ut” لە کاتی گۆرانگوتندا قورس بوو چونکە بە پیتێکی بزوێنی داخراو کۆتایی دەهات. لە سەدەی حەڤدەمدا، پێشنیار کرا بگۆڕدرێت بۆ Do (کە لە وشەی Dominus بە واتاى خودا وەرگیراوە)، چونکە دەنگێکی کراوە بوو و سۆلفێژ و گۆکردنی زۆر ئاسانتر کرد.
  • لەدایکبوونی نۆتەی حەوتەم (Si): لە کۆتایی سەدەی شازدەمدا، موزیکژەنەکان پێویستیان بە نۆتەی حەوتەم بوو بۆ تەواوکردنی گامەکە (Octave). بۆ ئەمەش پیتەکانی سەرەتای ناوی (Sancte Iohannes) کە کۆتا دێڕی سروودەکە بوو وەرگیرا، کە پیتەکانی (S و I) بوون و نۆتەی Siیان پێکهێنا.

سیستمی پیتە هێماییەکان (C, D, E…)

هەرچەندە ئەم سیستمه لاتینییە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا باوە، بەڵام لە وڵاتانی وەک بەریتانیا، ئەمریکا و ئەڵمانیا، پشتبە سیستمی پیتە ئەلفوبێییەکان دەبەسترێت کە مێژووەکەی بۆ یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە. هاوتای نۆتەکان لە نێوان هەردوو سیستمەکەدا بەم شێوەیەیە:

سیستمی لاتینی (گایدۆ) Do Re Mi Fa Sol La Si
سیستمی پیتەکان C D E F G A B

ئەمڕۆ، ئەم حەوت پیت و بڕگەیە بوونەتە زمانێکی جیهانیی یەکگرتوو؛ بێ گوێدانە زمان و نەتەوە، کاتێک موزیکژەنێکی کورد و یەکێکی ئیتالی یان ژاپۆنی سەیری نۆتەکان دەکەن، لە یەک کاتدا لە هەمان فریکوێنسی و تێکستی موزیکی تێدەگەن.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.