رێژوان تەها
زۆرێک لە خەڵکی دەڵێن: ڕەنگە من لە بنەڕەتەوە هیچ بەهرەیەکم نەبێت. ڕەنگە ئەوانی تر بە زیرەکی و بەتوانایی لەدایک بووبن، بەڵام من وانەبم.
ئەم بیرکردنەوە بە تایبەتی کاتێک دەردەکەوێت کە خۆمان بەراورد دەکەین بەوانی دیکە؛ بەتایبەت کەسانی سەرکەوتوو و دەرکەوتوو. ئێمە ئەنجامی کۆتاییان دەبینین، بەڵام ئەو هەزاران کاتژمێرەی راهێنان و خۆپەروەردەکردن و شکستهێنان و هەستانەوەی رابردوویان نابینین.
ڕاستییەکەی ئەمەیە: مرۆڤ زۆرن کە تواناکانیان هێشتا خەوتوون، چونکە زۆرجار بەهرە و تواناکان شاراوەن و پێویستان بە پەروەردەکردنە.
هەندێک بەهرە لە سەرەتاکانی تەمەندا دەردەکەوێت. بۆنموونە: منداڵێک بە جوانی گۆرانی دەڵێت، خێرا فێری بیرکاری دەبێت، یان بە شێوەیەکی باش وێنە دەکێشێت و دەستی وێنەکێشانی هەیە.
بەڵام زۆر بەهرە لە سەرەتادا نابینرێن. هەندێک کەس لە تەمەنی ٣٠، ٤٠ ساڵی، یان تەنانەت ٧٠ ساڵیدا خاڵە بەهێزەکانیان دەدۆزنەوە. لەوانەیە مرۆڤ ساڵانێک لە ژینگەیەکی هەڵەدا بژی، کە دەورە دراوە بە لۆمەکردن، ترس، فشار، یان نەبوونی دەرفەت. ئیدی بەهرە و تواناکانیش وەک تۆوێک لە ژێر خاکێکی ڕەقدا نێژراو و بێ گەشە دەمێننەوە و دەرناکەون. ڕەنگە تۆوێک لە ژێر زەویدا مردوو دەرکەوێت، بەڵام لەگەڵ ئاو و تیشکی خۆر و کاتی گونجاودا دەبێتە درەخت. مرۆڤیش هاوشێوەیە!
بەهرە بەبێ راهێنان و خۆپەروەردەکردن، گەشەناکات و لەجێی نەبووە. ئەوە راهێنان و زاڵبوونە بەسەر شکستەکان و چاککردنەوەی نەنگییەکانە، فێری دەست و پەنجە نەرمکردنمان دەکات لەگەڵ هەنگاوەکانی رۆژانەمان بەرەو سەرکەوتن.
موزیسیانێکی توانا سروشتی کە هەفتانە یەک کاتژمێر راهێنان دەکات، ڕەنگە بە مامناوەندی بمێنێتەوە. موزیسیانێکی دیکە کە بەهرەی موزیکی سروشتی کەمتری هەیە، بەڵام دیسیپلینێکی قووڵی هەبێت و رۆژانە زیاتر راهێنان بکات، ڕەنگە ببێتە کەسێکی نائاسایی و ئەو پێشەنگتربێت.
خەڵکی تەنها ئەنجامی کۆتایی دەبینن و دەڵێن: ئەمە کەسێکی بەبەختە و بەسرووشتی سەرکەوتووە. بەڵام ساڵانێک لەهەنگاونان و ماندووبوون و شەونخوونی بۆ بەرەوپێشچوون نابینن.
رێگەی هەڵە و پێوەرە هەڵەکان:
ماسی باوەڕ بەوە دەهێنێت کە بێتوانا و لاوازە، ئەگەر بە سەرکەوتن بەسەر دارێکدا حوکم بدرێت و ئەوە لای بکرێتە پێوەری سەرکەوتن. لەراستیدا بۆ پێگە و دونیای ماسی، سەرکەوتن شتێکی ترە و بابەتێکی ترە.
زۆر کەس پێیان وایە بێ بەهرەن، بەڵام لەڕاستیدا لەسەر رێگەیەکی هەڵەن و خۆیان حوکمداوە بەسەرکەوتن لەبوارێک یان شتێک، کە بۆ ئەوان نییە و لێهاتوویی ئەوان لەبابەتێکی دیکەدایە. لەبەشی پێشوودا بەوردی باسی ناسینی رێگەی راست و هەڵەمانکرد و روونمانکردەوە کە مرۆڤ چۆن لەسەر ئاراستە و رێگەی راستی خۆی بمێنێتەوە و گەشەبکات.
کەسێک کە بە زۆر بچێتە بواری ئەندازیارییەوە، ڕەنگە لە ڕاستیدا شاعیر بێت. لەوەی یەکەمیاندا بێ رۆح و بێ شادییە، چونکە رێگەی ئەو نییە، بەڵام لە شیعردا رەنگە ببێت بە یەکێک لەباشترین و دیارترین شاعیرەکان، هەمیشە شاد و ئارامدەبێت، چونکە لەسەر رێگە راستەکەیەتی و دەروون و جەستەی ئاسوودەن بە بوارەکە.
ڕەنگە کەسێک ببێتە دکتۆر، بەڵام بەهرەکەی مامۆستایەتی و وانەوتنەوە بێت و لەوبوارەدا پێشەنگبێت. منداڵێک کە لە قوتابخانەدا باش پێشناکەوێت و وەک تەمبەڵ و دەبەنگ دەیبینن، لەوانەیە لەڕووی پەیوەندییەکان، بەرێوەبردن، ئەکتینگ و نمایش، ئاخاوتن و وتاربێژی سەرکەوتووبێت یان دەنگێکی خۆش و سەرسامکەری هەبێت.
توانای مرۆڤ فراوان و ئاڵۆزە:
هەموو کارامەیییەک لە کۆمەڵگا نابیندرێت؛ هەندێک کارامەیی و بەهرە نەبینراون.
خەڵک بەزۆری سەرنجی کارامەییەک دەدەن کە ناوبانگی لەگەڵبێت، وەک:
* گۆرانی وتن
* وەرزش
٭قسەکردن لەبەردەم خەڵکدا
* وێنەکێشان
*بەرێوەبردن و بوون بە رێبەر
بەڵام چەندین کارامەیی نائاشکرا و گرنگ هەیە، کە پەیوەستن بە ئەتەکێت و ئەخلاقەوە:
* گوێگرتن بە قووڵی
* مرۆڤەکان لەگەڵت هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەن
* ئارامگری
* چارەسەرکردنی کێشەکان
* تێگەیشتن لە هەستەکان
* دایک و باوکبوون
* خزمەتکردن
* خێر و بەخشین
* پتەوی و هاوسەنگی پەیوەندییەکان
ئەمانەش توانای بەهێزی مرۆڤن. ژیانی مرۆڤەکە و دەورووبەریشی جواندەکەن و کوردستانی خۆمان پڕ لە مرۆڤی سەرکەوتووە لە بوارە ئەخلاقی مرۆڤایەتییەکاندا.
ترس بەهرەکان لەناو دەبات:
زۆرێک لە بەهرەمەندەکان نامێنن و گەشەناکەن بەهۆی:
*ترس لە شکست
* شەرمەزاری
* خۆبەراوردکردن
* کامڵگەرایی
* نەبوونی متمانە
لەوانەیە کەسێک دوای یەک گاڵتەپێکردن، واز لە موزیک بهێنێت. ڕەنگە یەکێکی تر واز لە نووسین بهێنێت چونکە کەس پشتگیری ناکات. ڕەنگە یەکێکی تر هەرگیز بە هیچ شێوەیەک دەست پێنەکات، چونکە کۆتاییەکەی نابینێت.
مێشک لە ڕێگەی راهێنانکردنەوە دەگۆڕێت:
زانستی دەماری مۆدێرن نیشانی دەدات کە مێشک لە ڕێگەی دووبارەبوونەوەی شتەکانەوە دەگۆڕێت و خۆی پڕۆگرام دەکاتەوە. مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگەی راهێنانکردن و خۆپەروەردەکردن بە تەرکیزەوە ڕێڕەوی دەماری نوێ دروست بکەن و مێشکیان و بیرکردنەوەکانیان بگۆڕن.
ئەمەش واتە:
* مرۆڤی شەرمن دەتوانێت وابکات متمانەی قووڵی هەبێت.
* موزیسیانێکی سەرەتایی دەتوانێت ببێتە موزیسیانێکی بلیمەی.
* قسەکەرێکی لاواز و ناشارەزا دەتوانێت ببێتە گەورەترین وتاربێژ و قسەکەر.
رەنگە پرسیارە راستەکە ئەوە نەبێت: “ئایا من بەهرەم هەیە؟”
پرسیارە راستەقینە و درووستەکە ئەوەیە: دڵم داوای چی دەکات؟ بەرەو کوێ هەنگاو بنێم؟ چۆن هەنگاوبنێم؟
ئەمەش هەموو شتێک دەگۆڕێت. چونکە لەبری ئەوەی حوکم لەسەر خۆت بدەیت، دەست دەکەیت بە گەڕان بەدوای خۆتدا؛ دەست دەکەیت بەوەی بجوڵێیت و رۆژانە گەشەبکەیت، بەرەو گەیشتن بە خەونەکانت و داواکارییەکەی دڵت، ئیتر ناوەستیت و هەنگاودەنێیت. دەبیت بەو کەسەی خودا تۆی بۆ ئافراندووە و ئەم گەردوونە چاوەڕێی ئەوەیە هەوڵبدەیت تێیدا و دەرگاکانی بەرەوڕووت بکاتەوە.



