
محەمەد گەرمیانی
پێشەکی: کاتێک باس لە “هۆرە” دەکەین، باس لە دیاردەیەکی دەنگی دەکەین کە تەمەنی لە تەمەنی شارستانییەتە ناسراوەکانی سەر زەوی کۆنترە. هۆرە تەنیا جۆرێک نییە لە گۆرانی، بەڵکوو بریتییە لە “یەکەمین هەوڵی مرۆڤ بۆ کۆدکردنی هەستەکان”. پێش ئەوەی مرۆڤ فێری نووسین بێت، پێش ئەوەی یەکەمین پیتی بزماری لەسەر تاتە قوڕەکان هەڵکۆڵێت، ئەو لە ڕێگەی لەرینەوەکانی گەروویەوە مێژووی خۆی نووسیوەتەوە. هۆرە ڕەهەندی یەکەمی دەنگی سنگی مرۆڤە؛ ئەو هاوارە پەنگخواردووەیە کە لە قووڵایی سییەکان و سنگەوە هەڵدەقوڵێت و بەبێ هیچ نێوەندگیرییەکی ئامێرە موزیکییەکان، ڕاستەوخۆ دەبێتە پردێک لە نێوان مرۆڤ و گەردووندا.
ئەم بابەتە لێرەدا دەبێتە پانتاییەکی فراوان بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بۆچی هۆرە لە هەموو کایەکانی ژیانی کورددا ئامادەیی هەیە. لە ڕاستیدا، هۆرە ئاوێنەیەکە کە کورد لە هەزاران ساڵی ڕابردووەوە خۆی تێدا دەبینێتەوە. لە ترس لە کارەساتە سروشتییەکانەوە بگرە تا دەگاتە نزا ئاینییەکانی ناو پەرستگاکانی میترا و زەردەشتی و دواتر تێکەڵبوونی بە ئەدەبیاتی زارەکی و شینگێڕی، هۆرە وەک “نۆتەیەکی هەمیشەیی” لە پاشبنەمای ژیانی ئەم نەتەوەیەدا ماوەتەوە. ئێمە لەم توێژینەوەیەدا هۆرە لە چوارچێوەی ٥٠٠٠ ساڵ مێژوودا دەبینینەوە و وەک کۆنترین میراتی دەنگیی ناوچەی میزۆپۆتامیا و زاگرۆس دەیناسێنین.
بەشی دووەم: کایە جیاوازەکان و کاتالۆگی هەستە مرۆییەکان لە هۆرەدا
هۆرە یەکەمین زمانی دەربڕینی “شعور”ە. لێرەدا مەبەستمان لە شعور تەنیا هەستی شاعیرانە نییە، بەڵکوو هەموو ئەو کاردانەوە دەروونیانەیە کە مرۆڤ بەرامبەر بە ژینگە نیشانی دەدات.
١. هۆرە وەک کاردانەوەی سروشتی:
لە سەردەمانی دێریندا، کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی سەرما دەبووەوە، هۆرەی دەکرد تا گەرمی بە جەستەی ببەخشێت؛ کاتێک دەترسا، بە دەنگێکی بەرز هۆرەی دەکرد تا گیانەوەرە کێوییەکان بترسێنێت یان هێز بە خۆی ببەخشێت. لێرەوە هۆرە لە “دەنگێکی بایۆلۆژییەوە” دەگۆڕێت بۆ “دەنگێکی کولتووری”.
٢. ڕەهەندی میتۆلۆژی و ئاینی خوری، میترا، ئاوێستا:
سەردەمی خوری و هورییەکان: لێکۆڵینەوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هورییەکان وەک یەکێک لە دانیشتووانە ڕەسەنەکانی ناوچەکە، خاوەن سیستمێکی دەنگیی تایبەت بوون بۆ نزا. هۆرە ڕەنگە ناوەکەشی لە “هوری” یان “خۆر”ەوە هاتبێت، کە نیشانەی پیرۆزی و پەیوەندی بە پەرستنی ڕووناکییەوە هەیە.
ئاینی میترا: لەم ئاینەدا کە پێش زەردەشتی هەبووە، نزا ئاینییەکان بە شێوازێکی “مونۆتۆن” و پڕ لە لەرینەوەی گەروو دەوترانەوە. ئەم شێوازە ڕێک ئەوەیە کە ئێمە ئەمڕۆ لە هۆرەچڕەکاندا دەیبیستین. هۆرە لێرەدا دەبێتە “وەحییەکی زەمینی” کە مرۆڤ پێی دەگاتە پلەی باڵای مەعنەوی.
ئاوێستا و گاثاکان: کاتێک سەیری دەقەکانی ئاوێستا دەکەین، دەبینین کە پێویستە بە ئاواز بخوێندرێنەوە. لێکۆڵەران پێیان وایە کە ئەو لەرینەوانەی لە هۆرەی هەوراماندا هەیە (کە پێی دەوترێت “هۆر کردن”)، پاشماوەی ڕاستەوخۆی خوێندنەوەی گاتاکانی زەردەشتە.
بەشی سێیەم: هۆرە وەک پارێزەری ئەدەب، چیرۆک و بەسەرهاتە مێژووییەکان
ئەگەر هۆرە نەبوایە، بەشێکی گەورە لە مێژووی کورد دەفەوتا. هۆرە وەک “کتێبخانەیەکی دەنگی” کار دەکات.
١. گێڕانەوەی داستانەکان:
چیرۆکی نێوان “باریا و نەکیسا” لە قەسری شیرین یەکێکە لە نموونە هەرە دیارەکان. هۆرە لێرەدا دەبێتە کەرەستەیەک بۆ ئاشتکردنەوەی دڵەکان و گێڕانەوەی ئەو ململانێ ئەوینداری و سیاسییانەی کە لە ناو کۆشکەکاندا ڕوویانداوە.
٢. جوگرافیای هۆرە و یەکێتی نەتەوەیی:
هۆرە سنوورێکی فراوانی هەیە. کاتێک لە ناوچەی هەورامانەوە بەرەو کرماشان و لوڕستان دەڕۆین و لەوێوە دەگەینە ناو دڵی کەرکوک و گەرمیان، دەبینین هۆرە هەمان “ڕۆح”ی هەیە بەڵام بە شێوەزاری جیاواز. ئەمە نیشان دەدات کە هۆرە یەکەیەکی کولتووریی پتەوی بۆ کورد دروست کردووە کە هیچ هێزێکی داگیرکەر نەیتوانیوە تێکی بشکێنێت.
٣. پاراستنی زمان و زاراوە:
زۆرێک لەو وشە و ئیدیۆمانەی کە لە ناو هۆرەدا بەکار دێن، وشەی زۆر دێرینی کوردیین کە لە زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانەدا نەماون و بەرەو فەرامۆشی چوون، بەڵام ئەم هونەرە ڕەسەنە وەک قەڵایەکی پتەو لە ناو سنگی چڕێژەرەکاندا پاراستوونی. هۆرەچڕەکان بەهۆی پاراستنی ئەم ئاوازە دێرینانە و گواستنەوەی دەقەکان بە شێوەی زارەکی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، لە ڕاستیدا وەک مێژوونووسێکی زیندوو ڕۆڵی گەورەیان لە پارێزگاری کردن لە “ڕەسەنایەتی زمان” گێڕاوە؛ ئەوان تەنها گوزارشت لە هەست و سۆز ناکەن، بەڵکو بەو وشە کۆن و وێنە شیعرییە دەگمەنانەی ناو بەیتەکانیان، پردێکی زمانەوانییان لە نێوان ڕابردوویەکی دوور و ئێستای ئێمەدا دروست کردووە کە ڕێگر بووە لەوەی ناسنامەی فەرهەنگی و فۆنەتیکی وشە ڕەسەنەکان لە ناو جەنجاڵی گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا بونگوم بن. پەیامی ناو هۆرە گەنجینەیەکی وشەسازییە کە تێیدا مانا و واتای ئەو دەستەواژانە پارێزراون کە ڕەنگە لە هیچ فەرهەنگێکی نووسراودا بەو زیندووییە نەدۆزرێنەوە، بەمەش هۆرە دەبێتە پارێزەری ئەو مۆسیقا و زمانەی کە ڕەگەکەی دەچێتەوە سەر مێژوویەکی دێرین و پڕ لە شکۆ.
هۆرە لە نێو هەوا شینگێڕییەکاندا
شینگێڕی لە کولتووری کوردیدا، نەک تەنیا بۆ گریان، بەڵکوو بۆ “بەرزڕاگرتنی شکۆ”یە. هۆرە لەم کایەیەدا دەگۆڕێت بۆ قووڵترین و خەمناکترین جۆری خۆی کە بریتییە لە “مور”.
فەلسەفەی مور:
مور تەنیا گریان نییە؛ جۆرێکە لە “فەلسەفەی ماڵئاوایی”. کاتێک ژنی کورد یان پیاوی کورد “مور” دەچڕێت، ئەو خەریکە دیالۆگ لەگەڵ مردندا دەکات. ئەمە جۆرێکە لە “کۆرسی کۆمەڵایەتی” کە لە ڕێوڕەسمی مردوودا بەکاردێت و ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان و هیتییەکان کە شینیان بۆ پاڵەوانەکانیان دەکرد.
٢. پاوەمور و یارسان:
لە ناو ئاینی یارسانی و ناوچەکانی گۆران و کرماشان، دوو جۆر “پاوەمور”مان هەیە. ئەمانە نەک تەنیا بۆ مردن، بەڵکوو لە کۆڕی زیکر و نزا ئاینییەکانیشدا بەکاردێن .
بە گشتی لە ناو ناوچەی کەڵهوڕ و لوڕ و داڵەهۆ و گۆران نشینەکاندا بەهۆی ڕەوتی فەرهەنگی و ئاینیەوە جۆرێک لە ڕەزمی شینگێڕی دروست بووە ، دەبێ بیرمان نەچێ لە سەرەتادا “پامورە یان پاوەموری” جۆرێکی هۆرە بووە و دواتر وەکو یەکێک لە شیوازە خوێندنەکانی یارسان جێگای گرت ، ئەگەر چی بەشێک لە یارسان ئێستاش بە یەکێک لە ٧٢ ئاوازەکەی یارسانی نازانن بەڵام یەکێکە لە شێوازە خوێندنە ڕەسەنەکان ، ئێمە ناتوانین دەنگەکانی هۆرە بنوسینەوە لە سەر پەیژەیەژی مۆسیقایی جیهانی ، کێشە لە هۆرەکەی ئێمەدا نیە ، بەڵکو کێشەکە لە داڕشتەی و کەرەستەی جیهانی زانستی مۆسیقادایە کە لە ( جوگرافیایەکی تر و دوورە دەست لە مۆسیقای کوردی نوسراوەتەوە و بەمەش هیچ بایەخێک لەو دەنگە ڕەقانەی نێو مۆسیقای جیهاندە بەبەراورد بە مۆسیقای کوردی کە تەواو دەنگی سرووشتە ) لێرەدا بەرەو ئەوێ دەچین کە مۆسیقای کوردی کاتێک هەوێنەکەی دەنگی کەو و شاخ و ئاو و بولبول و دەیان دەنگی سرووشتیە کە لە ڕاستیدا ئێمە ناتوانین لە ڕێگەی زانستی مۆسیقاوە بیپێوین .
* هۆرەی پاوە موری :
لە دوو دەنگ پێک دێت لە چینە دەنگی یەکەمەوە دەست پێدەکات و لە دەوەمەدا وەستاوە و لەرە و چەهچەهە بە دوو چینە دەنگی سەرووی خۆیەوە دەکات بۆ نموونە : دۆ – ڕێ + ” لەرە و چەهچەهە بە چینە دەنگی ” فا ” دەکرێت.
* پاوە موری یەک ” پاوە مووری گەورە ” :
بەشێکی تریش لە یارسانیان پێیان وایە کە پاوە موری بە دوو ئاواز دەکەنە ناو ٧٢ ئاوزەکەی یارسان و ” پاوە مووری بچووک ” لە ڕێزبەندی ٦٧ هەمین ئاواز دێت لە ڕێزبەندی ٧٢ ئاوازەکەی یارسان ، مامۆستا ” سەید عەلی ئەکبەری مورادی ” هەردوو شێوزەکەی تۆمار رکردوە بە ژەنین ، هاوکات مامۆستا ” سەید طایری یار وەیسی “یش بەهەمان شێوە هەردوو شیوازەکەی پشت ڕاست کردوەتەوە ، مامۆستا سەید عەلی ئەکبەری موردای زیاتر بەرەو لای مقامی هێناوە و نزیکی کردوەتەوە لە سکێڵ بەمەش زیاتر لە پێگەی ” مەقامی بەیاد “ێکی (شکاو) هەندێک جار لە پێگەی ” مقامی کورد ” نزیک دەبێتەوە ، وەلێ لە خوێندنەکەی مامۆستا ” طایری یاروەیسی” دا زیاتر بەرەو دەنگی سروشتی دەڕۆین ، هاوکات ژەنینی ئاوازەکە جیاوزی هەیە لە گەڵ خوێندنەکەدا ! ئەمەش بەرەو جێگایەکی تر ڕامان دەکێشێت کە ” بەڵێ ئاساییە ” ژەنین و خوێندن دوو شتی جیاوز بن لە نێو بەشێک لە قوتابخانەکانی یارسانیدا. لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندی بەوەشەوە هەیە کە ئامێری ” تەمووە ” نیو پەردە نیو پەردە ڕێزبەند کراوە بەمەش ناتوانین لەڕووی ڕیز بەندیەوە بەتەواوی سکێڵ بە دوای یەکدا ڕێزبکەین بۆ دروستکردنی ڕەگەزێکی تەواو لە پێگە یاخود پایە “مەقام”. پاوە موری بچووک سەربە مقامە ” حەقانیەکانە ” وەبۆ خوێندنی ” کەڵام” بەکار دێت بەڵام چونکە لە پێشتردا وەکو هۆرەکەی شیوەن کردن بەکار هاتووە هەمان کلتوریشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە هەر بۆیە زۆربەی ئەو کەلامانەی لەسەر ئاوازی پاوەمۆری دەوترێن، باس لە “دڵتەنگی بۆ پیر” یان “عەشق و فەنابوون لە حەق”دا دەکەن.
ئەگەر بمانەوێ بینوسینەوە بە ڕێبەندی زانستی مۆسیقا شێوازە ژەنینەکەی لە سەر دەست بەستەی چینە دەنگی ( لا A) ببەم شێوازەیە: فا – سۆڵ – لا – سی بی مۆڵ
بەڵام لە شێوازی خوێندندا بەم شێوازیە :
سۆڵ – لا – سی بیمۆڵ – دۆ کار
ئەگەر سەرنج بدەین شێوزی ژەنینەکەی دەنگەکان لەکاتی دابەزیندا تاوەکو چینە دەنگی ” فا ” دەڕوات ، بەڵام لە شێوزی خوێندندا چینە دەنگی ” فا ” تێدا نیە و ڕاستەو خۆ لە سەر چێنە دەنگی ” سۆڵ ” دواتر ڕاستەو خۆ دەستبەستە دەگرێ لەسەر چینە دەنگی ” لا ” لەکاتی چڕێنی کەڵامەکە دا جوڵە و یاری دەکات لە نێوان چینە دەنگەکانی ” لا – سی بیمۆڵ ” دەکات و لەرە و چەهچەهەی دەخاتە ناو چینەدەنگی ” ڕێ “
* پاوەمووری بچوک ” پاوەموری دوو ” :
یەکێکە لە دێرینترین و قووڵترین پارچە مۆسیقییەکانی ناو کلتووری یارسان و مۆسیقای تەمبوور، کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی دەەرکەوتنی سوڵتانی سەهاک لە سەدەکانی حەوت و هەشتی کۆچی دەگەڕێتەوە و لە ناوچەکانی هەورامان و گۆرانەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەم ئاوازە وەک لقێکی سەربەخۆ و کورتکراوە لە مەقامە حەقانییەکان داڕێژراوەتەوە تا لە کاتی زیکر و جەمە عیرفانییەکاندا بەکاردێت، و یەکەمجار لە لایەن کەلامبێژە سەرەتاییەکانی یارسانەوە بە شێوەی سینە بە سینە پارێزراوە و دواتریش لە لایەن بنەماڵە مەقامزانەکانی وەک ئەفزەلی و تەیموری و هونەرمەندی کۆچکردوو سەید خەلیل عالینەژاد ڕێکخستنەوەی زانستی بۆ کراوە. پێکهاتەی ئەم مەقامە لەسەر جینسی ” بەیاد ” بنیاد نراوە و جەختی سەرەکی لەسەر نۆتەکانی یەکەم و دووەمە (کە نۆتەی کاربیمۆڵە)، بە شێوەیەک کە خوێندنەوەکە لە نۆتە نزمەکانەوە دەست پێ دەکات و بە جووڵەیەکی کورت دەگاتە نۆتەی چوارەم و خێرا دەگەڕێتەوە بۆ بنکەی مەقامەکە. پاوەمۆری بچووک بەوە وەسف دەکرێت کە “هەناسەیەکی چڕی عیرفانییە” و خەمێکی پیرۆزی تێدایە، شێوازی چڕینەکەشی پشت بە لرزینە کورت و بڕاوەکانی قوورگ (مۆر) دەبەستێت، و لەبەر ئەوەی مەودایەکی دەنگی کەمتری هەیە و کاتێکی کورتتری دەوێت، نازناوی “بچووک”ی پێ دراوە و زۆرجار وەک پێشەکی یان کۆتایی بۆ مەقامە گەورەکان وەک وێستگەیەکی پڕ لە سۆز بەکاردەهێنرێت.
ئەم مەقامە بەهۆی کورت و پوختییەکەیەوە لە ڕووی ماناوە، ئەم ئاوازە وەک پردێکە لە نێوان مرۆڤ و جیهانی مانا. ئەگەر بمانەوێ ڕیزبەندی نۆتەکانی بۆ بکەین لەسەر چینە دەنگی ( لا A) ژەنینەکەی بەم شێوازە دەنوسرێتەوە:
سۆڵ – لا – سی بیمۆڵ – دۆ کار
بەڵام لە شێوازی خوێندنەکەدا ئاوهای لێدێ :
لا – سی بیمۆڵ – دۆ کار – ڕێ
لیرەدا دەبێ ئەوە بزانین دیسانەوە جیاوازی لە ژەنین و لە خوێندندا هەیە ، شێوازی خوێندنەکەی لە چینە دەنگی ” لا ” دەست پێ دەکات و لە سەر ” چینی دەنگی “سی بیمۆڵ ” جیگیر دەبێت و “کەڵامەکەی لەسەر دەخوێنرێت و “چەهچەهە ” لەسەر چینە دەنگی ” ڕێ ” دەکرێت .ئێستا لیرەدا دەمەوێ بەهۆی نزیکی هەردوو شێوازە پیاوە مووریەکانەوە جیاوزی و لە وردەکاریەکاندا بەخشتەیەک ڕوونتر بکەمەوە :
| مەقام | نۆتی شایەد (سەرەکی) | شێوازی ژەنین |
| پاوەمۆری گەورە پاوەمووری یەک | جێگیرە لەسەر نۆتی یەکەم | هێواش و بە کێشێکی ئازاد |
| پاوەمۆری بچووک
پاوەمووری دوو |
زۆر جەخت لەسەر نۆتی دووەم (کاربیمۆڵ) دەکات | کەمێک ڕیتمیکتر و کورتترە |
هۆرە وەک کۆنترین شێوازی وتنی میزۆپۆتامیا
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین هۆرە “دایکی هەموو مەقامەکان”ە لە ناوچەکەدا. ئەگەر بە وردی سەیری مێژووی ٥٠٠٠ ساڵەی ئەم خاکە بکەین، دەبینین:
١.هۆرە وەک ڕەگی شارستانییەت: هۆرە تەنیا میراتی کورد نییە، بەڵکوو کۆنترین شێوازی دەربڕینی مرۆییە لە هەموو ناوچەی میزۆپۆتامیادا کە تەنیا کورد توانیویەتی بەو ڕەسەنایەتییەوە بیپارێزێت.
٢.دیاردەیەکی فرەڕەهەند: هۆرە لە یەک کاتدا موزیکە، مێژووە، ئایینە، و دەروونناسییە. ئەوەی کە دەڵێین هۆرە لە هەموو کایەکانی ژیاندا هەیە، مبالغە نییە؛ چونکە هۆرە لەگەڵ هەناسەی یەکەمی مرۆڤ دەست پێ دەکات و تا دوا هەناسەی شینگێڕی بۆ کۆچی دوایی بەردەوام دەبێت.
………………………………………………………
نوسین و کۆکردنەوەی : محمد لقمان نوری ( محمد گەرمیانی ، محمد باڵەبان )
سەرچاوەکان :
یەکەم: سەرچاوەکان سەبارەت بە مۆسیقای یارسان و مەقامەکانی تەمبوور
١. سەرچاوە کوردییەکان:
مەزهەر خالقی (٢٠٢١) مۆسیقای کوردی: لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و شیکاریی. چاپی یەکەم، سلێمانی: ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە.
وریا ئەحمەد (٢٠١٢) مەقامەکان لە مۆسیقای قەفتان، فواد (١٩٨٨). مۆسیقای کوردی. بەغداد: چاپخانەی الحوادث. (بۆ زانیاری گشتی لەسەر ڕیشەی مەقامەکان).
نوسینوەی پەیژەکان لەسەر کلیلی سۆڵ : محمد گەرمیانی
٢. سەرچاوە فارسییەکان مەرجەعی مەقامناسی:
سید خلیل عالینژاد (١٣٧٦). تنبور از دیرباز تاکنون. تهران: انتشارات سروش. (گرنگترین سەرچاوە بۆ ڕیزبەندی ٧٢ مەقامەکە).
مقامهای تنبوور (سەید عەلی ئەکبەر مورادی )
نظافتی، ایرج (١٣٨٢). موسیقی یارسان: بررسی مقامهای تنبور. کرمانشاه: انتشارات تاق بستان.
طاهری، بهروز (١٣٩٥). شناخت موسیقی مقامی تنبور. تهران: نشر ماهور. (بۆ وردکاری تەکنیكی مەقامەکانی پاوەمۆری).
٣. سەرچاوە بیانییەکان:
Hooshmandrad, Partow (2004). The Performing of the Kurdish ‘Kalam’ in the Yarsan Religious Tradition. PhD Dissertation, University of California, Berkeley.
During, Jean (1989). The Modal System of Azerbaijani and Kurdish Music. Berlin: International Institute for Comparative Music Studies.



