بۆکوردی : ئامانج غازی
بەشی سێییەم
(ج)- عەبدال خان (١٥٧٥-١٦٦٧)
عەبدال خان وا پێویستبوو ناو بنرێت “عەبدال خانی دووەم”، چونکە پێشتر فەرمانڕەوایەکی دیکەی بەدلیس هەبووە بە هەمان ناو، بەپێی ئەوەی لە “شەرەفنامە”ی شەرەفخاندا هاتووە. سەبارەت بە ژیان وماوەی حوکمڕانییەکەی، گومان وگریمانەیەکی زۆر، جگە لە هەندێک زانیاریی کەم وسنووردار دەربارەی عەبدال خان هەیە (ئولوگانا، ٢٠١٥؛ بەیات، ٢٠١١)، تاکە سەرچاوە کە بە وردی باسی دەکات، لە بەشی چوارەمی کتێبی یەکەم، لە “سیاحەتنامە”ی ئەولیا چەلەبییە (چەلەبی، ٢٠١٠). کاتێک چەلەبی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٦٥٠دا عەبدال خانی بینیوە، باسی ئەوە دەکات کە عەبدال تەمەنی ٧٠ ساڵ بووە. دواتر، لە ساڵی ١٦٥٦، عەبدال خان خۆی پێی وتووە کە تەمەنی ٨٠ ساڵە. لەسەر ئەم بنەمایە، دەتوانین بڵێین مێژووی لەدایکبوونی لەنێوان ١٥٧٥ و١٥٨٠دایە (بەیات، ٢٠١١، ل. ٧٥). بەپێی ئولوگانا، دوای دوو ساڵ لە دیلی بەهۆی هەندێک کردەوەی یاخیبوونەوە، کە لە ماوەی حوکمڕانییەکەیدا لە بەدلیس (١٦١٨- ١٦٦٤) ڕوویانداوە، لە ساڵی ١٦٦٧دا لە کۆشکی تۆپقاپی لە ئەستەنبوڵ کۆچی دوایی کردووە. (ئولوگانا، ٢٠١٥، ل. ٥٩).
کتێبی “سیاحەتنامە”ی ئەولیا چەلەبی، گەڕیدە ومێژوونووسی عوسمانی، تێڕوانینێکی بەنرخ لەسەر ژیانی موزیکیی سەدەی شازدەهەم پێشکەش دەکات. لەنێو ئەو کەسایەتیانەی کە چەلەبی باسیان دەکات، (عەبدال خان) مان هەیە کە گرنگییەکی زۆری بە موزیک وشیعر داوە. چەلەبی ئاماژە بەوە دەکات کە خانی مەزن “تەخمیسەیەکی لە دانانی خۆی بە زاراوەی کوردیی ڕۆژکی لەسەر ڕیتمی سەماعی ولەسەر مەقامی سیگا چڕیوە” (چەلەبی، ٢٠١٠، ل. ١٤١). ئەم وەسفە ئاماژەیە بۆ لێهاتوویی عەبدال خان لە شێوازە موزیکییە ناوخۆییەکاندا، چونکە تەخمیسەی هەڵبژاردووە، کە شێوازێکی شیعریی موزیکییە، بۆ پێشکەشکردن بە زمانی کوردی بە زاراوەی ڕۆژکی. هەروەها هەڵبژاردنی ڕیتمی سەماعی ومەقامی سێگا نیشانەی زانیاریی قووڵی لە موزیکی کلاسیکی هونەریدا بووە. ئەم وردەکارییانە ئەوە دەردەخەن کە عەبدال خان کەسایەتییەکی موزیکیی دیار بووە وموزیکی کوردی، بەتایبەتی شارستانیی، لەو سەردەمەدا گەشەسەندوو بووە وهاوشانی شێوازە موزیکییە دراوسێیەکانی بووە.
لەوانەیە لە خۆمان بپرسین، ئەولیا چەلەبی چۆن بنەماکانی ڕیتم ومەقامە ئاوازییەکانی زانیوە؟ سەرەڕای ئەوەش، ئایا خودی عەبدال خان زانیویەتی چی لە شیعر یان گۆرانی پێشکەش دەکات؟ ئایا شارەزایی لە یاساکانی زانستی موزیکیدا هەبووە؟ بێگومان، ئەولیا چەلەبی پاشخانێکی موزیکیی هەبووە. سەرەڕای ئەوەی لە خێزانێکی دەوڵەمەندەوە، کە پەروەردەیەکی باشی لە هەموو بوارەکاندا پێ بەخشیوە هاتووە، موزیکی لە کۆشکی عوسمانیدا خوێندووە. سەرباری ئەوەش، لە بەشەکانی کتێبەکەیدا کە پەیوەندییان بە ئەستەنبوڵەوە هەیە، باسی خوێندنی موزیکیی ولێهاتوویی وکارامەییەکانی دەکات (ئەڵتونداغ، ٢٠٠٥).
سەبارەت بە عەبدال خان، ئەو زانیاریانەی چەلەبی پێشکەشی کردوون وەڵامی ئەو سەرنجانە دەدەنەوە. لە یەکێک لە نموونەکاندا، عەبدال وەک مامۆستایەک لە گوتنی هەموو جۆرەکانی موزیک وژەنیارێکی ڕیتمیی زۆر پیشەگەر دەردەکەوێت. چەلەبی دەڵێت “کەس ناتوانێت وەک ئەو لێهاتوو بێت لە چڕینی نەقش ودەنگ وزەجەل وزیکر وتەسنیفات وقەواویل ومورەببەعات ووەرسەقی وشەرقی وقیاباشی … ئەو خاوەن دەنگێکی بەرزە واتە دەنگەکەی (فۆرتیسیمۆ) یەوخشەیەکی تێدایە … عەبدال خان کاتێک دەستی بە گۆرانی چڕین بە شێوەی ئیمپرۆڤایز بۆ بەیتەکانی (حافزی شیرازی) دەکرد، کۆنترۆڵی خۆی لەسەر کێشی دەورە ڕیتمییەکان لەدەست نەدەدا ولە هەمان کاتدا بە دەست لەسەر دەفەکەیدا دایدەگرت. بە لێهاتووییەکی زۆرەوە دەفەکەی لێدەدا وبە وردی پابەندی یاسا ڕیتمییەکانی ٢٤ بوو ولێرەدا بە وردی چامەیەک یان زەجەلێکی دەچڕی وگوێگر بێگومان بە ئارەزوویەکی زۆرەوە بەدوای دەنگەکەی دەکەوت وبە ڕادەیەک پێی سەرسام دەبوو، کە ڕەنگە هەموو شتێکی دیکەی لەبیر بچێتەوە …
عەبدال خان لێهاتووترین ژەنیاری زورنا وبۆڕازان وقەدوم وزیلی لە مێهتەرخانەکەی خۆیدا (تیپی سەربازی) هەبوو، کە ڕەنگە ئەم ژەنیارە لێهاتووانە تەنانەت لە مێهتەری سوڵتان ولە هیچ شوێنێکی دیکەشدا نەبینیت. ئەو ژمارەیەک پارچە موزیکی لە بۆتەی (پێشرەو)ی تایبەت بە خۆی داناوە. عەبدال خان لە سەردەمی خۆیدا بێهاوتابوو لە زانستی موزیکدا.” (محەممەد زیلی کوڕی دەروێش، ١٨٩٦، ل ١٠٢-١٠٣-١٠٤).
لە کۆتا نموونەدا، ئەولیا چەلەبی باسی عەبدال خان وەک موزیککارێکی زۆر بەهرەمەند لە ژەنینی ئامێرە موزیکییەکاندا دەکات. نەک تەنها ژەنیارێک، بەڵکو زیاتر لەوەش، ئەولیا چەلەبی دەڵێت (عەبدال خان) ١٦٠ئامێری موزیکیی هەیە وخۆی بە دەستی خۆی دروستی کردوون. لەنێو ئەو ئامێرانەی عەبدال هەیەتی، چەلەبی هەندێکییان دەژمێرێت، “نای، موزیککار، سەنج، سەنتوور، تەنبوور، شەشتار، چارتای، عود، کەمان، قانوون، چەنگ، نەفیر، ناغراکی، باڵەبان، میزمەر” (چەلەبی، ٢٠١٠، ل ١٤٨-١٤٩)
لە ماوەی ئەو چواردە ڕۆژەی، کە ئەولیا چەلەبی لە بەدلیس میوانی عەبدال خان بوو، زۆری دەربارەی ژیان وکەسایەتی ولێهاتووییەکانی خان نووسی. ئەو بەشەی کتێبەکە کە تیشک دەخاتە سەر بەدلیس وکەسایەتیی عەبدال خان بە شێوەیەکی زۆر ورد گێڕدراوەتەوە، تەنانەت هەندێک جار وا هەست دەکەیت زیادەڕەوی لە وەسفدا دەکات، وەک ئەوەی “ڕۆمانێکی مێژوویی” بخوێنیتەوە (بەیات، ٢٠١١، ل. ٨٠). وا دیارە چەلەبی زۆر بە عەبدال خان سەرسام بووە، چونکە بە “هەزارفەن” (واتە ئەو کەسەی هەزار هونەر/ زانست دەزانێت، یان بە واتایەکی تر، بە پیاوی ئینسایکلۆپیدی) وەسفی کردووە (چەلەبی) بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەو بوارە زانستی وهونەرییانەی ژماردووە کە عەبدال خان تیایاندا دیارە.
سەرەڕای ئەوەی کە سیاسی وسەرکردەش بووە، “
عەبدال خان یەکێک لە شاعیرە زمان پاراوەکان، نووسەر، ئاوازدانەربووە وشارەزایی لە هەموو زانستێکدا هەبووە کیمیاگەر، شارەزا لە زانستی فەرموودەدا، نەشتەرگەرێکی لێهاتووە، پزیشکی چاو،
تەلارساز، وەرگێڕ، وێنەکێش، زمانزان، ومامۆستا لە موزیک و هونەر و دەیان زانستیتری ژماردووە کە کەسایەتیی فیکریی عەبدال خان پێکدەهێنن (چەلەبی، ٢٠١٠، ل. ١٤٠-١٤٨) وبە ڕوونی، بە پشت بەستن بەو ڕاستییەی کە عەبدال خان کتێبخانەیەکی گەورەی پڕ لەو کتێبانەی هەبووە کە خۆی نووسیویەتی، بە میراتگری کلتووری باپیرەی شەرەفخان دادەنرێت. بە واتایەکی تر، عەبدال خان تەواوکەری پرۆژەی ڕۆشنبیریی شەرەفخانە) (بەیات، ٢٠١١، ل. ٧٧))
سەرەڕای زیادەڕەوییەکی دیار لە دەربڕینەکانی ئەولیا چەلەبی دەربارەی لایەنە جیاوازەکانی کەسایەتیی عەبدال خان، بەتایبەتی لایەنی موزیکی، بەڵام بیرۆکەیەکی ڕوونمان دەربارەی گرنگیپێدانە جۆراوجۆرەکان و لێهاتووییەکانی عەبدال خان پێدەبەخشێت و بە پێچەوانەی ئیدریس بەدلیسی و شەرەفخانی بەدلیسی کە وا دیارە تەنها کوردی و تورکی و فارسی و عەرەبیان زانیوە، عەبدال خان سەرەڕای ئەم زمانانە ئەرمەنی و یۆنانیشی زانیوە. ڕەنگە هەرسێکیان زمانی زیاتریشیان زانیبێت، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکمان لەوبارەیەوە نییە
کەواتە، خان عەبدال کەسایەتییەکی ئینسایکلۆپیدی، وڕۆشنبیرێکی فرەزمان و فرەزان بوو. ئەگەر خاڵەکانی دیکەی پەیوەست بە بەدلیس وخێزانی عەبدال خان لەبەرچاو بگرین، سروشتییە کە دۆخی ڕۆشنبیری لە لوتکەدا بووبێت لەو سەردەمەی ئەولیا چەلەبی باسی دەکات.
یەکەم: نابێت لەبیرمان بچێت کە عەبدال نەوەی شەرەفخانە، نووسەری شەرەفنامە. ئەگەر مێژووی لەدایکبوونی عەبدال (١٥٧٥) لەبەرچاو بگرین، دەبینین کە بۆ ماوەیەکی زۆر، کە ٢٨ ساڵە لەگەڵ باپیرەیدا ژیاوە؛. بۆیە، ناتوانرێت ئەوە ڕەت بکرێتەوە، کە خودی شەرەفخان گرنگییەکی زۆری بە نەوەکەی داوە بەهۆی
ئەو گرنگیپێدان وهیوایەی کە نیشانی داوە.
دووەم: شەرەفخان وئەولیا چەلەبی باسی ئەوەیان کردووە، کە فرەئیتنیکییەکی بەرچاو لە سەرتاسەری جوگرافیای ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، نەک تەنها لە ناوچە کوردییەکاندا.. دەتوانیت عەرەب وفارس وکورد وتورکمان وئەرمەن وئەوانی تر ببینیت کە شانبەشانی یەکتر لە هەمان شوێنی جوگرافیدا دەژین. ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی دەبێتە هۆی کەشێکی فرەچەشنیی ئەرێنی کە بزاوتی ڕۆشنبیری وەک ڕووبارێکی بەخوڕ ونوێبووەوە بە ئاوی لقەکانی بووە..
خاڵی سێییەم و کۆتایی و گرنگترینیان سەبارەت بە بەدلیس و کەسایەتیی خودی عەبدال خان، لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە بەدلیس شوێنێکی ستراتیژی لەسەر ڕێگای ئاوریشم داگیر کردووە. لە ئەنجامدا، خەڵک لە شوێنە جیاوازەکانی جیهانەوە بە بەدلیسدا تێدەپەڕن، بەتایبەتی بازرگانەکان کە لە ڕۆژئاواوە دێن بۆ ڕۆژهەڵات. لەسەر ئەم بنەمایە، ڕوونە کە ئەم ڕاستییە تایبەتە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی ڕۆشنبیری وئابووریی بەدلیس وفەرمانڕەواییەکەی عەبدال خان هەبووە.
جگە لەو زانیاریانەی چەلەبی دەربارەی بەدلیس پێشکەشی کردوون، یەکێک لە سەرچاوە دەگمەنەکان باس لەوە دەکات کە “بازرگانی فەرەنسی تاڤێرنیێر، کە چەند ساڵێک دواتر بە بەدلیسدا تێپەڕیوە، باسی میرە شکۆدارەکەی بەدلیس وهێزی سەربازی وسیاسیی بەدلیس دەکات” (ئولوگانا، ٢٠١٥، ل. ٥٨) ولە کۆتاییدا، ئەو گۆڕانکارییە ڕۆشنبیری وسیاسیانەی کە لە سەدەی شازدەهەمدا بە ئاوێتەکردنی دەقە کوردییەکان لە کۆنتێکستی عوسمانیدا دەستیان پێکرد، ئەنجامی ئەرێنییان هەبوو، بە واتایەکی تر، بواری ڕۆشنبیریی سەدەی حەڤدەهەم بە بەراورد لەگەڵ سەدەی شازدەهەمدا فراوانتر بوو. سەرەڕای ئەوەی کە (شەرەفنامە)ی شەرەفخان تاکە کتێبە کە پێمان گەیشتووە، بە پێچەوانەی بەرهەمەکانی عەبدالەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا عەبدال خان ٧٦ کتێبی نووسیوە (بیازیت، ٢٠١١، ل. ٧٧).