ئێتنۆمیوزیکۆلۆجیست: توانا حەمە
ئاشکرایە موزیک ھونەرێکی جیھانیە، ھەر نەتەوەیەک بە پێی تێگەیشتن و پیگەیشتنی خۆیان گوزارشتی بۆ دەکەن، ھەر بۆیە موزیکی ھەر نەتەوەیەک، زادەی تاکەکانێتی و مۆرک و سیمای تایبەت بە خۆی ھەیە.ئەگەر پێناسەیەکی پوختی ئەم ھونەرە، بە پشتبەستن بە تەواوی ئەو سەرچاوانەی کە پێناسەیان کردووە بخرێتەڕوو، پوختەکەی بەم جۆرەیە .”موزیک ھونەرێکی دەنگییە، گوزارشتنی ئەم ھونەرە بە ( ئاواز، ھارمۆنی، بەرزی و نزمی دەنگ، ڕیتم، تیمبەر، ئاراتیکولەیشن) وا بەستەیە”. ئاشکرایە ئەگەر بڕوانرێتە زاراوەی موزیک، زاراوەیەکی کوردی نییە، ھەر بۆیە بۆ گەیشتن بە ڕەچەڵەکی ئەم ووشەیە، پێویستە بە دەورانێکی مێژووی و زمانەوانیدا گوزەربکرێت، تا بە ڕەگ و ڕەچەڵەکی ئەم زاراوە کۆنە بگەیت.
ڕەچەڵەکی ووشەی موزیک
ئاشکرایە زۆرینەی زاراوەکان ڕەچەڵەکیان بۆ یونانیە کۆنەکان دەگەڕێنرێتەوە،” (موزیک) لە ووشەی (موزMUSE- )، کە ووشەیەکی کۆنی یۆنانییە وەرگیراوە، کە ناوی ھەریەک لەو نۆ فریشتەیەیە، کە لەگەڵ (ئاپۆلۆن) خودای موزیک یان (شادی و خۆشی) و (ھونەرەجوانەکان) لە ئەشکەوتی (پارناس)دا بوون. کاری ھەر یەکە لەم فریشتانە تایبەت، بە یەکێک لە ھونەرەکان بووە” بڕوانە(مشیری، ٢٧: ١٣٣٥) . دواتر ووشەکە گۆڕانی بەسەرداھاتووە بووە بە (موسیکی – ΜΟΥΣΙΚΉ) و تا ئێستاش لەلای یونانییەکان بە موسیکی گۆدەکرێت. دواتر ئەم ووشەیە لە فەرھەنگی زمانی لاتینی بە زیادکردنی ( ا – بزوێنی درێژ)، بە (موزیکا) دەنوسرێت و گۆدەکرێت. دواجار ھەمان ووشە ھاتۆتە نێو فەرھەنگی زمانە جیھانییەکان بۆنموونە: لە زمانی ئینگلیزیدا بە گۆڕانکارییەکی کەمەوە بە (میوزیک – Music) دەنوسرێت و گۆدەکرێت. لە ئێستادا ئەم ووشەیە تا ڕادەیەکی زۆر، ووشەیەکی جیھانی و لە زۆرینەی ووڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتیشدا بە گۆڕانکارییەکی کورت لە پیتی کۆتایدا، بۆ سەرجەم ئەو باسانەی کە پەیوەندیان بە چەمکەکانی وەک: (موزیکا، ئامێرەکانی موزیک، دەنگ، گۆرانی، ھارمۆنی…ھتد ) بەکاردەبرێت.
لە زمانی عەرەبیدا ووشەی (الموسیقی) بەکاردێت، کە ھەر لە ووشەی (موزیک)ی یونانیەکەوە وەرگیراوە. لە زمانی فارسیدا بە ھۆی کاریگەریەکانی زمانی عەرەبییەوە، ووشەی (موسیقی) بەکاردەھێنن.
ئاشکرایە زمانی کوردی بە ھۆکاری نزیکی لە عەرەب و فارسەوە ھەمان ووشە (مۆسیقا) بە کاردەھێنرێت. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم ووشەیە، چۆن و کەی ھاتۆتە نێو فەرھەنگی زمانی کوردییەوە؟ ئەگەر بە پەڕاوەکانی مێژوودا گوزەربکرێت، زۆر زوو لەوە دڵنیا ئەبیتەوە، کە ووشەکە مێژووەکەی زۆر دێرین نیە، چونکە لە کۆندا ووشەی موزیک بەکارنەھاتووە. بەڵکو ” ووشەی (ساز) بۆ ئامێرە موزیکیەکان بە کارھاتووە و ووشەی (کیڵام، کەڵام) بۆ گۆرانی بەکارھاتووە. بۆیە تا ئێستاش لە ھەندێک پارچەکانی کوردستاندا ووشەی (کەڵام) بەرامبەر ووشەی (گۆرانی و ستران) بەکاردەبرێت. ھەروەھا ووشەی گۆرانیش مێژوویەکی نوێی ھەیە و زۆرینەی سەرچاوەکان بۆ ھۆزی (گۆران) و مێژووی دەسەڵاتیان دەگەڕێننەوە. ھەر بۆیە دەبینرێت، تەمەنی بەکاربردنی زاراوەی گۆرانی لە سەد ساڵێک تێپەڕناکات. ووشەی (ستران)یش تەمەنی لە ٥٠ – ٦٠ ساڵێک پتر نییە” ]حەمە، ٢٠١٥[ .
لە ساڵانی نێوان ١٩٠٠ – ١٩٥٠ لە باشووری کوردستاندا، ووشەی (مۆزیقە/ مۆزیقا، مۆزیقەچی/ مۆزیقە لێدەر) بەتایبەت لە نێو ڕۆژنامەو کاروبار(ڕسومات)ی کارگێڕی شاری سلێمانیدا بەکارھاتووە. کە دەشێت لە ژێر ھەژموونی کلتوری عوسمانی و کەلتوری ئینگلیزەکاندا ئەم زاراوەیە ھاتبێتە نێو فەرھەنگی کوردییەوە. ھەر بۆیە زاراوەی (مۆزیقا) ھێشتا لە لایەن زۆر کەسانی بە ساڵاچووەوە بەکار دەبرێت. دواتر لە ساڵی ١٩٥٣ دوای ئەوەی پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی بەغداد دەکرێتەوە، لە ساڵی ١٩٥٥ دا کۆمەڵێک لاوی سلێمانی، ھەولێر و شارەکانی دی بۆ خوێندنی موزیک ڕوودەکەنە ئەم پەیمانگایە، لە دوای گەڕانەوەی ئەم کۆمەڵە لاوە، لە زاری ئەوانەوە، ووشەی (مۆسیقا) لە ژێر کاریگەی زمانی عەرەبیەکەیدا بڵاوبۆتەوە. بۆیە تا ھەنووکەش ئەو بابەتانەی، کە پەیوەستە بە ھونەری (ژەندن و ئامێرەکان، گۆرانیچڕین)ەوە زاراوەی مۆسیقایان بۆ کاردەھێنرێت.
لە ساڵانی ١٩٩٨ – ٢٠٠٠ ووشەیەکی دیکە دێتە گۆڕێ بەناوی (مۆزیک) کە زیاتر کەسانی ئەکادیمی لە نوسینی و کتێب و توێژینەوەکانیادا بەکاریان ھێناوە. دوای ئەم کتێبانە لە لایەن ھەندێک لە ئەکادیمیستەکانەوە بە ووشەیەکی گونجاو و ئەکادیمی ئەزانن و لە گفتۆگۆکانیاندا بەکاری دەھێنا. بە ھۆکاری ئەوەی موزسیانان و ئەکادیمیستەکان ئەم ووشەیەیان لاپەسەند بوو، بۆیە تا ھەنکە لە نێو دەزگاکانی حکومەت و میدیاکانیش ئەم ووشەیە بەکاردەھێنن.
بە بڕوای من ووشەی (مۆزیک) ووشەیەکی داتاشراوی بیرێکی ناسیونالستی کوردییە، کە وویستراوە جێگەی ووشەی (مۆسیقا) عەرەبییەکە بگرێتەوە. ئەم ووشەیە لێکدراوی دوو بڕگەیە (مۆ – زیک ) بە (مۆ) بڕگە کوردییەکەیەتی، (زیک) بڕگە یونانیەکە، بە لێکدانی ئەم دووبڕگە ووشەیەکی نوێ بۆ موزیکی کوردی زیادکراوە، ھاتۆتە نێو فەرھەنگی زاراوەکانی موزیکی کوردییەوە. تا ئێرە کارێکی گونجاوە چونکە بەمەبەستی خزمەت گەیاندن بە فەرھەنگی موزیک ئەم ھەوڵە دراوە، بەڵام داتاشینی ووشە بە بیری ناسیونالستی و بێئاگایانە، ھەڵەی زانستی دروست دەکات، بۆیە ھیچ دەزگایەکی ئەکادیمی بیری ناسیونالستی لە توێژەران پەسەند ناکات. بە ھۆکاری ئەوەی ھەر ھەڵەیەکی زانستی چەندین ساڵی دەوێت تا ڕاست بکرێتەوە. سەبارەت بە ووشەی (مۆزیک) ئەگەر بڕوانرێتە دیارترین فەرھەنگی زمانی کوردی بە ناوی (ھەنبانە بۆرینە – فەرھەنگی فارسی و کوردی)، کە نووسەری دیاری کورد عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی (ھەژار) دایناوە. دەتوانم بڵێم: گرنگترین سەرچاوەی زمانەوانی و فەرھەنگی کوردییە، زۆرینەی نووسەران، تەنانەت لە توێژینەوەکانی نامەی ماستەر و دکتۆراشدا، لە بەشی یەکەمی توێژینەوەکاندا لە (پێناسەی چەمک و زاراوەکان) پشت بەم فەرھەنگە دەبەستن، بە ھۆکاری ئەوەی زۆرترین ووشەی کوردی پەتی لە خۆ کردووە و ھەژار تەمەنێکی درێژی لەگەڵ نووسنی ئەم فەرھەنگەدا بەسەربردووە.
لە (ھەنبانە بۆرینەی ھەژاردا بەم شێوەیە پێناسەی کراوە. مۆزیک: کونی کێر، زاروی ژن لە مێردی تر، پارگویل، پارێن و بە مانا فارسییەکەی سوراخ زکر ـ بچە زن از شوھر دیگر، گوسالە دوسالە ھاتووە” بڕوانە [ھەژار، ٨١٩: ١٣٨٨] . گەرچی ووشەکان بەرامبەر ووشەی (مۆزیک) کەمێک لە کلتوری نوسینی کوردیدا سەختە، بەڵام لێرەدا ڕاستیەکی زانستیە و پێویستە ئەوھەڵە زانستیە ئەبێت دیاری بکرێت. پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئەم زاراوەیە ھەڵەیە؟ دیارترین ھۆکارەکان ئەمانەن:
یەکەم: لە یاساکانی زماندا نابێت ووشەیەک یان ناوێک ( بۆ دوو شت، کەرەستە، ناو…ھتد) بەکاربێت، بە نموونە: ناکرێت بە ئامێری ڤایۆلین و پیانۆ لە ھەمان کاتدا یەک ناویان ھەبێت پێیان بگوترێت: ئامێری پیانۆ).
دووەم: بە ھۆکاری ئەوەی ئەم فەرھەنگە دیارترین فەرھەنگی زمانەوانی کوردییە، ئەگەر فەرھەنگێکی تر لە ئێستا و ئایندەدا بنووسرێت و سەیری کۆتا لاپەڕەی بکەیت، لە لیستی سەرچاوەکاندا یەکەم سەرچاوە ناوی ئەم سەرچاوە بەرچاو دەکەوێت.
ھۆکاری سێیەم: ئەم فەرھەنگە لە چاپی یەکەم تا پێنجەمی ٢١٠٠٠ ی دانەی لێ چاپ کراوە. کەواتە ئەم ووشەیە لە زمانی کوردی و ئەم فەرھەنگەدا مانایەکی دیکەی ھەیە، بۆیە بە بڕوای من بەکارھێنانی ھەڵەیە، دواتر گرفتی دیکەی ھەیە لە ڕووی کەلتوری کوردییەوە تاڕادەیەک (ئابروبەرانەیە) ئەگەر بە موزیک بڵین: مۆزیک ( چونکە ئەو مانایانەی کە لەسەرەوە ئەدات بەدەستەوە کە ئاماژەم پێدا. چونکە کاتێک واتاکەی لەگەڵ موزیکدا لێکی دەدەیتەوە، جێی کۆمێدیایەکی پڕ تراژیدیایە، کە چۆن چەند وەختە ئەکادیمییەکان ئەم زاراوەیە بەکاردەھێنن، بێ ئاگان لەوەی کە لە نێو زمانەکەی خۆیاندا واتایەکی دیکەی ھەیە. بە ھۆکاری ئەوەی لەم ساتە وەختەدا ھیچ زاراوەیەکی گونجاو لە زمانی کوردیدا نییە، لێرەدا وەک ئیتنۆموزیکۆلۆجیستێک پێشنیاردەکەم، ووشەی مۆزیک بە تەواوەتی لە فەرھەنگی ئاواز و گۆرانی کوردی بسڕێتەوە و لە جیاتی ووشەکانی (مۆزیقە، مۆسیقا، مۆزیک) زاراوە ڕەسەنەکە (موسیک، موزک یان موزیکا) بەکاربھینرێت، چونکە تا ڕادەیەکی زۆر بێ گرفت ترە و لە جیھاندا ناسراوە و بەکاردەھێنرێت. بە بڕوای من ئیدی پێویست بەوە ناکات، بە بیرێکی ناسیونالستییەوە، ووشەیەکی ووشەی پڕ گرفت و کێشە، بەرامبەر چەمکی (موزیکا) بە ھەڵە بۆ کلتوری ئاواز و گۆرانی کوردی دابتاشرێت و جێی ئەو زاراوەیە بگرێتەوە.
بڕوانە سەرچاوە:
١. مشیری چنگیز، شانزدە مقالە “موسقی چیست؟”، چاپخانە: سینا، خرداد ١٣٣٥ ە.
٢. ھەژار، عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی، ھەنبانە بۆرینە، چاپ: اول و ششم، چاپخانە انشارات سروشت، سال: ١٣٦٩- ١٣٨٨ ە، ل ٨١٩.
٣. حەمە، توانا، توێژینەوەی زانستی دەربارەی گۆرانی ھەورامی لە ھەورامانی لھۆندا، نامەی بەکالۆریوس، لە ساڵی ٢٠١٥ پێشکەش بە بەشی موزیکی زانکۆی سلێمانی کراوە.