" type="text/css" > Skip to main content

سابووری: دەنگێكی غەریب لە خۆرھەڵاتەوە!

نووسینی: خەلیل عەبدوڵا

چوار ساڵ لەمەوبەر هونەرمەندێكی گەورەی كوردستان، خاوەن دەنگێكی خۆش‌و ئەفسوناوی ماڵئاوایی لێكردین‌و دوور لەزێدی خۆی‌و لەپارچەیەكی تری نیشمان، لەشاری سلێمانی پایتەختیی رۆشنبیری بەخاك سپێردرا.
كەلاپەڕەكانی ژیانی هونەریی سابووری هەڵئەدەینەوە، ئەبینین ئەم هونەرمەندە گەورەیەی كوردستان خزمەتێكی زۆری بەكاروانی هونەریی كوردی كردووە‌و شوێن پەنجەی لەو بوارەدا دیارە.
ئەو لەدایكبووی ساڵی ١٩٥٦ی شارەدێی نەوسودی ھەورامانی لھۆنی سەر بە پارێزگای كرماشانە .لەو شارۆچکەیەو لەئامێزی خێزانێكی هونەرپەروەردا، بەدنیای هونەر ئاشنا بوو، لەوێوە دەستی پێكرد‌و دەنگە سیحراوییەكەی سنورەكانی بڕی‌و لەسەرانسەری كوردستانی گەورەدا دەنگی دایەوە.
سابوری هێندە خولیای هونەرو موزیك بوو،بەشێوەیەكی ئەكادیمی رێگەی هونەری گرتەبەرو چووە زانكۆی تاران، لەو زانكۆیە كۆلیجی هونەرە جوانەكانی تەواو كرد‌و دەنگە بەسۆزەكەی بەزانستی هونەر موتوربە كرد، نزیكەی نیو سەدە خزمەتی بەهونەرەكانی گۆرانی‌و موزیك كرد‌و خاوەنی سەرمایەیەكی گەورەی هونەرییە.
سابوری هونەرمەندێكی كوردستانی بوو، هەربۆیەش دوور لەزێدی خۆی شاری سلێمانی هەڵبژارد‌و نزیكەی 15 ساڵی كۆتایی تەمەنی لەم شارەدا بردە سەر، لێرەوە لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی‌و چەند تیپێكی تردا خزمەتی بەرەوتی هونەریی كوردستان كرد.
بەرهەم‌و بەخششە هونەرییەكانی سابوریی نەمر جێی شانازین ‌و وەك سەرمایەیەكی بەنرخی كەلتووریی كوردستان ئەمێنێتەوە.
دروود بۆ رۆحی پاك‌و بەفرینی ئیسماعیل سابوری هونەرمەندی گەورەی كوردستان.

 

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک