تیپی مۆسیقای سلێمانی…شکۆی هونەری موزیکی نەتەوەیەک
نووسینی: عادل محەمەد کەریم
خۆشەویستان…سەرەتا دەمەوێت پڕ بەدڵ پیرۆزبای ساڵڕۆژی دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی لە هەموو گەلی کورد بکەم دیارە ئەمڕۆ ٥٦ ساڵ بەسەر دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانیدا تێدەپەڕێت و پێ دەنێینە ٥٧ ساڵەی دامەزراندنییەوە ، ئەم تیپە لەماوەی کارکردنیدا بەبەرهەمەکانی سەربەرزانە لە گۆرەپانی هونەری کوردیداخۆی نواندووە.
لەم بۆنەیەدا بەڕاشکاوی ڕایدەگەیەنین،ئێمەی هونەرمەندانی بواری موزیک لەمڕۆدا، لەتاریكترین سەردەمی خۆماندا هونەر پراكتیك دەكەین، دۆخی بوونی زەمینە سازی و بازاڕ و بەكاڵا بوونی هونەرێکی بێ ئاست، دوور لە بەهای زانستی و شکۆو داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و فەرامۆش كردنی هونەری بەبەها. بە تایبەت لە باشوری كوردستان، کە ئێمە بۆ خۆمان پێیدەڵێین: ساتی هەڵکوڕمانی هونەر، کە ئەمەش بۆ ئایندەی کلتوری ڕەسەنی میللەتەکەمان زۆر ترسناکە، بەجۆرێکە هەموانی بێ تاقەت کردووە.
ببینن چۆن ڕۆحی هونەریی هونەرمەندە دڵکارەکان ڕۆژانە لەناو ئاگری بێ هودەییدا دەسوتێ، سوتانی ڕۆحی ئەوان سوتانی جوانییەکانی هونەرە، سوتانی رۆحی كولتووری کوردەواریمانە لەم هەرێمە.
ئازیزان، دیارە قەیران لەهەر وڵاتێکدا هەبێت کاریگەری بۆ سەر گەشەسەندنی هونەر وبەتایبەت تریش بۆ موزیک زیاتر دەبێت، چونکە گۆرانی و موزیک لە ئاشتەوای و بە دیدی ئاسایشی نەتەوەی و بەرنامە بۆ داڕیژاراو و زەمینە سازی، باشتر گەشە دەکات.
لەگەڵ بوونی ئەم بەربەستانەشدا. بەڵێن بە ئێوەو گەلەکەمان دەدەین لەسەرو توانای خۆمان و بە قوربانیدان نەهێڵین ئەم سومبولە جوانەی هونەری کوردستانمان بنەوێت ،
سوپاس بۆ هەموو ئەو ئازیزانەی کە هەر لە سەرەتایی دامەزراندنی ئەم تیپەوە تا ئیمڕۆ مەعنەوی ومادی پاڵپشتمان بوون .
لێرەوە سەری ڕێزو نەوازش بۆ هونەرمەندانی کۆچکردوی تیپ دائەنەوێنین راستە ئەوان بە جەستە لێمان دوورن بەڵام کارە هونەرییەکانیان هەمیشە لە ڕۆحماندا گوزەردەکات و ئەوانی بە نەمری هێشتۆتەوە، هەروەها هیوای تەمەن درێژیش بۆ مامۆستا ئازیز و ئەندامە دێرینەکانی ئەم تیپە دەخوازین پێیان دەڵێین: بەڕاستی ئازایەتی و جوامێری و بەهرەمەندی و توانا و سەلیقە و لە خۆبردووی ئێوەیە، ئەم بناغە پتەوەتان بۆ هونەری کوردی داڕشت .کە ئێستا ئێمەی هونەرمەندان و نەتەوەیەک شانازیتان پێوە دەکەین، ئێوە نەبونایە ئێستا نەمان دەتوانی ئەو تەلارە بەرزانەی ئەمڕۆی هونەری موزیک بنەخشێنین.
بەرزو پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی